مووسڵ-KDP.info- هەبوونی شانە نووستووەکان و دارووخانی تەواوی شارەکە بەس نەبوون، ئێستا تەرمەکان لە ژێر باڵەخانە ڕووخاوەکاندا بوونەتە یەکیک لە کێشە هەرە گەورەکانی شاری مووسڵ.
لە مووسڵ هەندێک کەس بێسەروشوێن بوون و هەندێک بەهۆی فرۆکەکانەوە و هەندێک لە زێندانەکانی داعشدا کەوتنە بەر هێرشی فرۆکەکان و هەندێکیش وەک قەڵغان لە لایەن داعشەوە دژی هێزە عیراقییەکان بەکار هێنران.
گەڕان بەدوای تەرمەکاندا بەردەوامە، ئاوارە گەڕاوەکانی مووسڵ سەرباری نەبوونی خزمەتگووزاری و کێشەی دەسەڵاتی سیاسی، ئێستا شارەکەیان بۆنی جەستەی مردووەکانی لێ دێ.
خدر ئەلیاس، سەرۆکی لیژنەی تەندروستیی ئەنجومەنی پارێزگای مووسڵ ڕایگەیاند: "لە شاری مووسڵ زۆر تەرم کەوتوونەتە ژێر باڵەخانەکانەوە و کەس ژمارەی دروستیان نازانێت، چونکە پێ دەچیت داعش بووبن، یانیش خەڵکی سڤیل بن."
ئەلیاس بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "ئێستا ژمارەیەکی کەم لە شارەکەدا ماون، بەڵام لە هەندێک لە گەڕەگە ڕووخاوەکاندا بۆنی تەرمەکان دێ."
بۆنی لاشەی مردووەکان بووتە هەڕەشە لەسەر مووسڵ
ئەلیاس دەشڵێ: "بە هاوئاهەنگیی بەرگریی شارستانیی مووسڵ هەر کەسێک دەستی بە ئاوەدانکردنەوەی خانووەکەی کردبا و بۆنی لاشەی لێ هاتبا، سەردانیان دەکردین و ئێمەش ئەو لاشانەمان دەردەهێنا، تا دەستیان بە خانووەکە کردبا."
لە مووسڵ کۆچە و کۆڵانەکان پڕ بوون لە بۆنی جەستەی مردووەکان و خەڵکیش چاویان لە هەڵدانەوە و دەرهێنانی ئەو جەستانەیە و کەسیش نازانێت ئەو جەستانە داعشن، یاخود خەڵکی سڤیلن.
گوتیشی: "ئێستاش ئێمە ئەو تەرمانە دەردەهێنین، ئەوانە ژمارەیەکی زۆر بوون، بەڵام ئێستا ژمارەیەکی کەم ماون، لەو گەڕەکانەی بۆنی لاشەیان لێ دێت، لیژنەکان ئەو تەرمانە دەردەهێنن."
کــاروان بــاعەدری