Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
SAT, 20 APR 2024 00:45 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

كێ دەرگای باشوری بۆ توركیا كردۆتەوە!
| KDP.info


ئاریان فەرەج

لەیلا گۆڤەن كە یەك لە پەرلەمانتارانی مەزهەب پەكەكەی سەر بە حزبی هەدەپەیە دەڵێ: دەبێ بارزانی و دەسەڵاتدارانی هەرێم خاكی باشور بۆ توركیا نەكەنەوە و ئێمە لە ئاست هەڵەی لەو جۆرەدا تەماشاكەر نابین. 

سەیرە .. پەكەكە لە كاتێكدا ئەم داوایە لە دەسەڵاتی باشور دەكات و چاوەڕوانی ئەوەی لێ هەیە رێ لە لەشكركێشی توركیا بگرێ، كە خۆی هیچ ئیعتبارێكی بۆ ئەو دەسەڵاتە دانەناوە و نە ئیعترافی پێدەكات و نە رێزی دەگرێ، یاسا و سەروەری و شەرعییەتی پێشێل دەكا، وەك ماڵی بێ ساحێب لە باشور دەڕوانێ و تەراتێنی تێدا دەكا، سوپای توركیای بۆ پەلكێش دەكا و بێ دەربەست شەڕ و زەرەرو زیان توشی خەڵكەكەی دەكات. كاتێكیش سوپای تورك راوەدوویان دەنێ، داوا لەو دەسەڵاتەی هەرێم دەكات كە خۆی قەت ئیعتباری بۆ دانەناوە، رێگری لە سوپای توركیا بكات. 

لە راستیدا بەر لەوەی سوپای توركیا سنوری هەرێمی بەزاندبێ، ئەوە پەكەكەیە سنور و دەسەڵات و شەرعیەتی هەرێمی پێشێل كردووە و خۆی كردۆتە كەڵەگا و باشوری كردۆتە شەڕگەی ململانێیەكی بێ سەمەر لە گەڵ توركیا. ئەوەی خاكی باشوری بۆ توركیا كردۆتەوە پەكەكەیە نەك حكومەتی هەرێم، ئەوەی سوپای توركیا بۆ باشور پەلكێش دەكات پەكەكەیە  نەك دەسەڵاتدارانی هەرێم، ئەوەی ئیجازەی داوە بە توركیا لەشكركێشی بكاتە سەر باشور، راكردنی پەكەكەیە لە گۆڕەپانی راستەقینەی خۆی و خۆ مەڵاسدانیەتی لە باشور، باشترین رێگرییش لە لەشكركێشیی تورك، بەخۆداچونەوەی پەكەكە و گەڕانەوەیەتی بۆ گۆڕەپانی راستەقینەی خۆی و كۆتاییهێنانە بەو خۆسەپاندن و كەڵەگاییەی لە باشور دەیكات، رێزگرتنی دەسەڵاتی شەرعیی هەرێم و لەبەرچاوگرتنی ژیان و ئەمنیەتی خەڵكەكەیەتی كە بەهۆی پەكەكەوە لە مەینەتدان. سوپای تورك بە بەهانەی پەكەكە دێتە باشور، هەر پەكەكەشە دەتوانێ ئەو بەهانەیە ببڕێ.

پەكەكە لە كاتێكدا بە هەنجەتی ئەوەی كە باشور تەنیا خاكی باشورییەكان نییە و دەبێ بۆ خەباتی هەموو لایەك كراوە بێت، شەرعییەت بە وجودی چەكدارانەی خۆی دەدات، كەچی خۆی لە رۆژئاوا نەك رێگە بە كوردی پارچەكانی دیكە، بەڵكو رێگە بە كوردانی رۆژئاوایی غەیرە پەكەكەش نادات كە نەك هەر وجودی چەكدار بەڵكو هەڵسوڕانی سیاسییشیان هەبێت. لە پارچەكانی دیكەش شەڕ بە حزبە رەسەن و خۆماڵییەكان دەفرۆشێ و جگە لە خۆی كەسی قبوڵ نییە. سەیرتریش ئەوەیە پەكەكە كاتێ بەم موزایەدە نەتەوەیی و كوردستانییە باشور خەتابار دەكات، خۆی تا سەر ئیسقان دژی خیتابی نەتەوەیی و كوردستانییە و بە شۆڤێنیزم و رەگەزپەرستی دەزانێ.

پەكەكە دەبێ بزانێ باشور بە هیممەتی بارزانی و گیانفیدایی پێشمەرگە و خۆڕاگریی خەڵكەكەی، ئازاد و دانپێدانراو و پارێزراوە، بۆ لەشكری هیچ لایەك كراوە نەبووە و نییە، ئەگەر پەكەكە بەهانە نەدات بە دەست سوپای توركیاوە و باشور نەكات بە شەڕگە، نە توركیا و نە هیچ سوپایەكی دیكە  ناتوانن بێنە ناوی.




دوایین هەواڵەکان

وەزیری بازرگانی ھەنگاوەکانی وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵ بۆ KDP ئاشکرا دەکات

FRIDAY, 19 APRIL 2024 21:04:30

ھەولێر-KDP.info- وەزیری بازرگانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا بڕی وەرگرتنی گەنمی ھەرێمی کوردستان لەلایەن بەغدا دیاری نەکراوە، بڕیاریشە حکوومەتی ھەرێم و بەغدا بە ھەماھەنگی بڕەکە دیاری بکەن، بۆ ئەو مەبەستەش خۆمان ئامادەکردووە.

 
شاخەوان عه‌بدوڵڵا بۆ KDP: دەرکردنی ئەو ماڵە کوردانەی خانەقین ڕاگیرا

THURSDAY, 18 APRIL 2024 23:04:20

ھەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتی، دەرکردنی ئه‌و ماڵە کوردانه‌ی لە خانووی شارەوانی بوون کە بڕیاری لێدرابوو راگیرا.

 
ڕێگای نێودەوڵەتی ھامڵتۆن نوژەن دەکرێتەوە

THURSDAY, 18 APRIL 2024 20:04:17

سۆران _KDP.info_بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتی: بە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕێگای نێودەوڵەتی ھامڵتۆن لە نێوان ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران نوژەن دەکرێتەوە.‌

 
پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی پێشوازیی لە شاندێکی کۆمەڵەی دۆستایەتی کورد و ئەڵمان کرد

THURSDAY, 18 APRIL 2024 17:04:30

ھەولێر-KDP.info- شاندێکی  کۆمەڵەی دۆستایەتی  کورد و ئەڵمان سەردانی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستانیان کرد و هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەب و ژمارەیەک لە ستافی دێسک و یۆنیتەکانی مەکتەب  پێشوازیان لێ کردن.

ھەوراز عەبدولقادر: بەگوێرەی پڕۆژەیەک ١٠٠ ھەزار بۆ مووچەی ئەم توێژە زیاد دەبێت

THURSDAY, 18 APRIL 2024 17:04:31

ھەولێر  _KDP.info_ بەرپرسێکی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی ئاشکرایکرد، بەگوێرەی پڕۆژەیەک ١٠٠ ھەزار دینار بۆ مووچەی کەمئەندامان زیاد دەکرێت، گوتیشی: لە ھەرێمی کوردستان ٧٤ ھەزار کەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت مووچەی مانگانەیان بۆ خەرج دەکرێت.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact