سلێمانی-KDP.info- له كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا دامه‌زراوه‌یه‌ك بۆ سندووقی سكاڵا دادەمەزرێت كه هاووڵاتییان و فه‌رمانبه‌رانی ده‌وڵه‌ت دەتوانن ڕاسته‌وخۆ كه‌موكووڕی و گه‌نده‌ڵی و ڕۆتینییاتی دامه‌زراوه‌كانی حكوومه‌ت له ڕێگه‌ی سكاڵاوه بگه‌یه‌ننه به‌رپرسانی باڵای حكوومه‌ت.
ماموستایانی زانكۆ هه‌نگاوی دامه‌زراندنی سندووقی سكاڵا به هه‌نگاوێكی گرنگ ده‌زانن و ده‌ڵێن، به‌رپرسانی ئیداری كاروباری ڕۆژانه‌ی هاووڵاتییان زۆر به‌باشی به‌ڕێ ده‌كه‌ن و ڕۆتیینییات و گه‌نده‌ڵی له دامه‌زراوه‌كان به‌ره‌و بنه‌بڕكردن ده‌چێت و هاووڵاتی حكوومه‌ت به حكوومه‌تی خۆی ده‌زانێت كاتێك زۆر به‌ئاسانی ده‌توانێت سكاڵای خۆی به به‌رپرسانی باڵای وڵات بگه‌یه‌نیت.
كوێستان له‌تیف، ماموستای زانكۆی سلێمانی، له‌و بارەیە‌وه، به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی، ڕاگه‌یاند: "به گه‌شبیینییه‌وه ده‌ڕوانمه ئه‌و ستافه و كارنامه‌یه‌ی كابیینه‌ی حكوومه‌تی نوێی هه‌رێمی كوردستان له چوارساڵی ئایندەدا كه حكوومه‌تێكی خزمه‌تگوزار و بنه‌بڕكه‌ری گه‌نده‌ڵیی ئیداری و مالی بێت".
كوێستان له‌تیف ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد: "یه‌كێك له كێشه‌كانی حكوومه‌ت ئەوە بوو کە هاووڵاتییان گله‌یییان له ڕۆتیینییاتی دامه‌زراوه‌كانی حكوومه‌ت هه‌بوو، دانانی سندووقی سكاڵا هه‌نگاوێكی گرنگه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌میشه به‌رپرسانی ئیداری به‌باشی ئه‌ركه‌كانی خۆیان به‌رانبه‌ر بە هاووڵاتییان ڕابپه‌ڕێنن، هاووڵاتییانیش كاره‌كانیان له كاتی خۆیدا ڕایی بكەن و حكوومه‌ت به حكوومه‌تی خۆیان بزانن".
ناوبراو گوتی: "له كابینه‌كانی تری حكوومه‌تدا كۆمه‌ڵێك لایه‌ن كاریان له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كرد وا له هاووڵاتییانی بگه‌یه‌نن کە حكوومه‌ت به‌شێك نییه له هاووڵاتییان، بۆیه فكری دانانی سندووقی سكاڵا وا له هاووڵاتییان ده‌كات زۆر به‌ئاسانی سكاڵای خۆیان به به‌رپرسانی باڵای حكوومه‌ت بگه‌یه‌نن، ته‌واوی ئه‌و فكرە‌ش ده‌ڕه‌وێنێته‌وه كه هاووڵاتییان وایان هه‌ست كردبێت، یان وا تێگەیەنرابن كه حكوومه‌ت و هاووڵاتی دووانه‌یه‌كی له‌یه‌ك دابڕاو بن".
دامه‌زراوه‌ی سندووقی سكاڵا به‌رده‌وام سكاڵای هاووڵاتییان و فه‌رمان به‌ران له ئه‌دا و كاری دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت ده‌خاته به‌رده‌م به‌رپرسانی باڵای حكوومه‌ت.
دكتۆر هه‌ڵمه‌ت غه‌ریب، ماموستای زانكۆ، به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "هه‌نگاوی دامەزراندنی دامه‌زراوه و سندووقی سكاڵا بۆ مه‌عاناتی هاووڵاتییان و سکاڵاکانیان له ئیداره و دارایی، هه‌نگاوێكی زۆر گرنگ ده‌بێت و ده‌روازه‌یه‌كی تر له نزیكبوونه‌وه‌ی حكوومه‌ت و هاووڵاتی دەبێت و ئه‌و دیواره له نێوان ده‌نگی هاووڵاتی و ده‌سه‌ڵاتدا نامێنێت و هاووڵاتییان ڕاسته‌وخۆ ده‌توانن مه‌عاناتی خۆیان به ده‌سه‌ڵات بگه‌یه‌نن"
دكتۆر هه‌ڵمه‌ت گوتیشی: "ئه‌و سندووقه ده‌بێته چاودێرێکی جددی به‌سه‌ر كاروباری حكوومه‌تەوە، واته کەرەستەیەکە بۆ چاودێریكردنی كاروباره‌كانی حكوومه‌ت له ناوخۆی حكوومه‌تدا، ئه‌مه زۆر گرنگه و کەرەستەیەكیشه بۆ نزیكبوونه‌وه‌ی هاووڵاتییان و حكوومه‌ت له یه‌كتر".
غه‌ریب بڕوای وایه: "بەهۆی سندووقی سكاڵاوە له كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تدا هاووڵاتی به‌رده‌وام به ڕێگه‌یه‌كی ئاسان ده‌توانێت سكاڵای خۆی به به‌رپرسانی باڵای وڵات بگه‌یه‌نێت له‌سه‌ر ئه‌و كاره ڕۆتیینییاته‌ی له كاتی مامه‌ڵه‌ی ڕۆژانەدا له دامه‌زراوه‌كان تووشی ده‌بێت و گوێنه‌گرتن له خواست و داوای هاووڵاتی به‌ره‌و كه‌مبوونه‌وه و بنه‌بڕكردن ده‌ڕوات، بۆیه ئه‌وكات هه‌میشه به‌رپرسانی ئیداری كه ده‌زانن به‌رده‌وام هاووڵاتی زۆر به‌ئاسانی ده‌توانێت سكاڵایان له‌سه‌ر بگه‌یه‌نێته سه‌رووی خۆیان، كاره‌كانیان به‌باشی بۆ ده‌كه‌ن و ڕۆتینییان له كاروباری دامه‌زراوه‌كانی حكوومه‌ت زۆر كه‌م ده‌بێته‌وه و به‌ره‌و بنه‌بڕكردن ده‌ڕوات".
عه‌زیز هه‌ورامی