سەلام عەبدوڵڵا
ماوەیەکە بە شێوەیەکی بەرفراوان و بەرنامەیەکی داڕێژراو، زۆر دڕندانە تەنگ بە جوتیارانی کورد و دانیشتوانی سنووری ماددەی ٠٤١ ھەڵدەچنرێ و ھەوڵ دەدرێ کە کورد لە زێدی باب و باپیری خۆی ناچار بکرێ گوندەکانی بۆ عەرەبی ھاوردە، بەجێ بھێڵێ کە لەدوای شانزەی ئۆکتۆبەر زۆر بەخێرایی، بۆ تەعریبی یەکجارەکی ئەو ناوچانە، بەڕێوەدەچێت کە پارێزگاری بە بەوەکالەتی سەپێندراو لە کەرکووک رۆژانە سەرپەرشتی دەکات و زەمینەسازی بۆ دەکات و دەیەوێت بیخاتە قاڵبی یاساییەوە، گوایە ئەو عەرەبە ھاوردانە ئەو زەوییانەیان لە زەمانی سەدامدا لەسەر تاپۆکراوە و دراوەتە ئەوان، ئەمەش پاساوێکی زۆر بێ مانا و دژ بە یاسایە، چونکە گەر بەو لۆژیکە بوایە دەبوو ھەموو ئەو زەویانەی نازییەکان لەشەڕی دووەمی جیھانیدا داگیریان کردبوون ئێستا ئەڵمانیا داوای بکردنایەتەوە و بە موڵکی ئەڵمانی بزانیبایە.
ئەو گۆڕینە دیموگرافییەی لە کەرکووک و دەوروبەریدا ڕوویدا لە زەمانی دیکتاتۆر سەدامدا مەبەستی جێگیرکردنی عەرەب بوو لەو ناوچانە، بەو ھیوایەی، لەسەرژمێرێکدا بەیاسا ئەو ناوچانە بە موڵکی عەرەب لە قەڵەم بدرایە، بەڵام ڕژێمی سەدام فریای ئەو پیلانە نەکەوت کە ئێستا پارێزگاری بەوەکالەت سەپێندراوی کەرکووک و عەرەبە شۆڤێنییەکان ڕۆژانە لە ھەوڵدان بۆ جێبەجێکردنی.
ئەو عەرەبە ھاوردانە، پاش ڕووخانی دیکتاتۆریەت لە عێراقدا، ھەموو بە مەبلەغی باش قەرەبوو کرانەوەو بە ویستی خۆیان ئەو ناوچانەیان بەجێھێشت، چونکە ئەو ڕاستیەیان دەزانی کە ئەو ناوچانە خاکی ئەوان نییەو موڵکی، بە تاپۆی عوسمانی، ھی کوردە، بەڵام ئێستا کە تەرازووی ھێز لەو ناوچانە دوای شانزەی ئۆکتۆبەر گۆڕاوە و پێشمەرگە لەو ناوچانە نەماوە جارێکی تر ھەموو ئەوانە گەڕاونەتەوە بۆ ئەو ناوچانەو لەڕێی سوتاندنی عەمدی گەنم و خەلەی جوتیارانی کورد، دەیانەوێ دانیشتوانی ئەو ناوچانە ناچاربکرێن کە بۆ عەرەبی ھاوردەی بەجێبھێڵن و ئەم تاوانەش دەخەنە ملی داعش کە لەڕاستیدا ئەو کارە قێزەونە ھەر خۆیانن نەک کەسی دیکە.
ئەم پیلانەش وەکو ھەموو پیلانەکانی تر بۆ تەعریبی کەرکووک بە ھیمەتی دڵسۆزان و پێشمەرگە قارەمانەکانی گەلەکەمان لە گۆڕ دەنرێن، چونکە مادەیەکی دەستووری ئاشکرا ھەیە کە مادەی ١٤٠ ڕێوشوێنی یاسایی بۆ دانراوە، ھەرچەند تا ئەمڕۆ لەمپەری دەخرێتە بەردەم بەڵام دەبێ ھەر جێبەجێ بکرێ.