سلێمانی- KDP.info - مه‌سروور بارزانی، ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی 9ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، حه‌فته‌ی ئاینده سه‌ردانی پارێزگای سلێمانی ده‌كات و له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان كۆ ده‌بێته‌وه. سه‌ردانه‌كه‌ی به مه‌به‌ستی گفتوگۆكردنه له‌گه‌ڵ هه‌ردوو حزب دەربارهی دیاریكردنی كاندیدانیان بۆ كابینه‌ی نوێی حكوومه‌ت.
له‌وباره‌یەوه مسته‌فا چاوڕه‌ش، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "هیوای مایه‌ی خێر بۆ سه‌ردانی به‌ڕێز مه‌سروور بارزانی، ڕاسپێردراوی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌ت ده‌خوازم له سه‌ردانەکەیدا بۆ لای ئه‌و حزبانه‌ی بڕیاری به‌شدارییان له حكوومه‌تدا داوه. هیوادارم زیاتر ببێته هۆی نزیكبوونه‌وه‌ی پارتی و یه‌كێتی و حزبه‌كانی تر و به زووترین كات كابینه‌ی نوێی حكوومه‌ت پێك بهێنێت".
دەربارهی دیاریكردنی كاندیدانی یه‌كێتی بۆ پۆسته وه‌زارییه‌كان، مسته‌فا چاوڕه‌ش گوتی: "ناوی كاندیدانی یه‌كێتی بۆ پۆستی وه‌زاری، لای مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی هه‌یه، ئه‌گه‌ر له كاتی سه‌ردانی به‌ڕێز مه‌سروور بارزانی بۆ لای یه‌كێتی ڕاده‌ستی نه‌كرێت، ئه‌وه حه‌تمه‌ن له ماوه‌ی سێ بۆ چوار ڕۆژی دوواتر ناوی كاندیدانی یه‌كێتی ڕاده‌ستی دەکرێت."
ئه‌ندامه‌كه‌ی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتی گوتیشی: "من پێم وایه پێش ڕۆژی 12ی مانگی ئاینده کە بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت له‌به‌رده‌م ڕاسپێردراوی پێكهێنانی حكوومه‌تدایە، حكوومه‌ته‌كه‌ی ڕادەگه‌یه‌نێت، چونكه زۆربەی گرفته‌كان چاره‌سه‌ر كراون".
دیاری حوسێن، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی پارتی دیموكراتی كوردستان، به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "ڕێکكه‌وتنه‌كانی پارتی و یه‌كێتی و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان باش به‌ره‌و پێشه‌وه ڕۆیشتوون، له چه‌ند ڕۆژی ئاینده‌دا به‌ڕێز مه‌سروور بارزانی سه‌ردانی ئه‌و لایه‌نانه ده‌كات كه بڕیاریان داوه لە كابینه‌ی نوێ حكوومه‌تدا به‌شداری بكه‌ن".
دەربارەی دیاریكردنی كاندیدانی پارتی بۆ پۆسته وه‌زارییه‌كان، دیاری حوسێن گوتی: "پارتی كاندیدەکانی بۆ پۆسته وه‌زارییه‌كان دیاری كردووه و مه‌كته‌بی سیاسی و جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی هه‌ر بڕیارێك بدەن، وه‌ك خۆی جێبه‌جێ ده‌كرێت، هه‌ركات پێویستی كرد ناوه‌كان ڕاده‌گه‌یه‌نین و ڕاده‌ستی كاك مه‌سرووریان ده‌كه‌ین".
ناوبراو ده‌ڵێ: "هیوادارین ئه‌و حیزبانه‌ی به‌شداریی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌ت ده‌كه‌ن له كاتی خۆیدا ناوی كاندیدانی خۆیان بۆ پۆسته وه‌زارییه‌كان دیاری بكه‌ن و پێشمان وایه له‌پێش واده‌ی خۆیدا كابینه‌ی نوێی حكوومه‌ت ڕاده‌گه‌یه‌ندرێت".
به‌رپرسێكی باڵای بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌ڵێ: "ته‌نیا یه‌ك ده‌قه‌ش پێكهێنانی حكوومه‌ت له‌سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ڕاناوه‌ستێت، هه‌ركات مه‌سروور بارزانی سه‌ردانی كردین، ناوی كاندیدانمانی بۆ پۆسته وه‌زارییه‌كان ڕاده‌ست ده‌كه‌ین."
چالاك موهه‌ندیس، ئه‌ندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "سه‌ردانی مه‌سروور بارزانی بۆ لای ئێمه له بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، بۆ گفتوگۆكردنه دەربارهی پته‌وتركردنی پێوه‌ندیی بزووتننه‌وه‌ی گۆڕان و حكومه‌تی نوێی هه‌رێمه و قسه له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كرێت بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ناوی كاندیدەکانی بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت دیاری بكات، تاوه‌كو به‌ڕێز ڕاسپێردراوی پێكهێنانی حكوومه‌ت، به‌رچاوڕوونیی هه‌بێت له‌باره‌ی هه‌نگاوه‌كانی بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت".
دەشڵێ: "پارتی و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ڕێكکه‌وتنێكی زۆر باش له نێوانماندا هه‌یه بۆ كابینه‌ی نوێی حكوومه‌ت تا ئێستاش هیچ گله‌ییه‌كمان له‌یه‌ك نه‌بووه".
به‌رپرسه‌كه‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، ده‌ڵێ: "به‌فه‌رمی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ناوی كاندیدەکانی بۆ كابینه‌ی نوێ دیاری نه‌كردووه، به‌ڵام هه‌ركات مه‌سروور بارزانی، داوای كاندیدمان لێ بكات، ئاماده‌ین و نایه‌ڵین یه‌ك ده‌قه پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ حكوومه‌ت له‌سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ڕاوه‌ستێت و ناوه‌كانی ڕاده‌ست ده‌كه‌ین".
ڕۆژی 12-6ی ئه‌م مانگه نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، مەرسوومی سه‌رۆكایه‌تیی بۆ مه‌سروور بارزانی ده‌ركرد و ڕایسپارد بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌ت.
عه‌زیز هه‌ورامی