قەرەنی قادری
لە ١٠-٦-٢٠١٩دا، کە "نێچیرفان بارزانی" سەرۆکی هەڵبژێردراوی هەرێمی کوردستان سوێندی یاساییی خوارد، هەر لە سەرەتای پەیامەکەیدا ئاماژەی بە پرسی هەڵبژاردنی لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان وەک سەرۆکی هەڵبژێردراوی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی:"سوپاس كه ئێوه وهك نوێنهرانی گهل، دهنگتان دا به ههڵبژاردنم وهك سهرۆكی ههرێم بۆ چوار ساڵی داهاتوو. سوپاس بۆ ههمووان؛ سوپاس بۆ ئهوانهی دهنگیان دا، ئهوانهی دەنگیان نەدا، ئهوانەی ڕۆژی دهنگدان نهچوونه پەرلهمان. سوپاسی ههر ههمووتان دهكهم. ههر یهك له ئێوه، به خواستی خۆی و بە نوێنەرایهتیی دەنگدهر، لەسەر ڕاسپاردهی ئهو حزبهی نوێنەراتیی دهكهن له پهرلهمان، ماف و ئەركی دیموکراتیی خۆتان پیاده كرد. لهم كاتهدا گهورهترین دهسكهوت، بهردهوامبوونی خودی پرۆسهی دیموكراسییه له ههرێمی كوردستان. سوپاس كه متمانهتان پێدام!"
کاکلی ئەو پەیامە ئەوەیە کە باس لە بنەماکانی دیموکراسی (دەنگدان، دەنگنەدان و نەچوونە ناو هۆڵی پەرلەمان) دەکات و پەسنی دەدات. پرسی هاووڵاتێتی، بەشێکی ترە لە پەیامەکە، کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان تەنیا سەرۆکی ئەو بەشە لە کۆمەڵگە نییە کە دەنگی ئەرێنیی پێ داوە، بەڵکوو دەبێ سەرۆکی ئەوانەیش بێت کە دەنگیان پێ نەدا؛ هەروەها ئەوانەیش کە لە ڕۆژی دەنگداندا نەچوونە پەرلەمان.
بۆچوونی وا، سڕینەوە، تووڕەیی و ڕق وەلاوە دەنێت و پرسەکە دەکاتە سەرووحزبی و،چەمکی پێکەوەهەڵکردن (تۆلێرانس)ی سیاسی و حزبی بڕەو پێ دەدات، بۆیە پێویستە مافی یاساییی هەمووان دەستەبەر بکرێت، هەروەها لە ڕەوتی کاردا بەهێز و بە دامەزراوەیی بکرێت، ئەویش بەو مەرجەی بۆ ناو دامودەزگەکانی حکوومەت و کۆمەڵگە شۆڕ ببێتەوە!
پێکەوەهەڵکردن، یانی بینینی ڕەنگ و دەنگە جیاوازەکان (خاوەن ماف) کە پێکەوە کۆمەڵگەیەکی فرەچەشن دروست دەکەن و هەر پێکەوەیش دەبێ کار بکەن. لە دۆخێکی ئاوادا، ئاڕاستەکە بەرەو یەکەیەکی فرەچەشنی یاسایی، واتە یەکێتی لە چەند چەشنیدا هەنگاو دەنێت؛ کە بڕبڕەی پشتی ئەم چەمکەیش تەنیا یاسایە کە دەتوانێت بیپارێزێت و بەهێزی بکات. یاسا و ئازادی، دوو کۆڵەکەی سەرەکین بۆ کۆمەڵگەیەکی لەو چەشنە.
هەر بۆیە سەرۆکی هەڵبژێردراوی هەرێمی کوردستان لە کۆتاییی پەیامەکەیدا دەڵێت: "جارێكی دیكه سەرجەم کوردستانیانی ئازیز دڵنیا دەکەمەوە کە سەرۆکایەتیی هەرێم چەتری یەکڕیزی و کۆکەرەوەی سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و پێکهاتە ئیتنی و ئایینییەکانی دەبێت، بە جیاوازیی بیر و بۆچوونەکانیانەوە، لەپێناو پێکەوەژیانی ئاشتییانە و ئارامیی گەلی کوردستاندا."
کاتێک ئامانج پێکەوەژیانی ئاشتییانە، ئارامی، سەقامگیری و بەهێزیی هەرێمی کوردستان بێت، پێویستە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان سەیوانەیەک بێت بۆ کۆمەڵگەی فرەڕەنگ و مینیاتۆری(فرەنەتەوەیی، فرەئایینی و ئایینزایی و فرەحزبی)ی هەرێمی کوردستان، تا گشت دەنگ و ڕەنگە جیاوازەکان سەرەڕای ناکۆکییەکانیان و مافی ئازادییان، لە پاڵ یەک و پێکەوە هەرێمی کوردستان بەهێز بکەن. گشتی ئەمانەیش بە یاسا دەکرێت و تەنیا سەروەریی یاسا دەتوانێت دەستەبەری بکات. هەر یاسایە کە دەتوانێت تێڕوانینی لەم چەشنە بەدامەزراوەیی بکات و ببێتە کەلتوور.
سهروهریی یاسا و ئازادی پێكهوه كاریگهرن؛ لە کۆمەڵگەیەکدا کە تەنیا یاسا سەروەر بێت، بێ شک جڤاک دەخنکێت؛ ئەگەریش بێتو تەنیا ئازادی هەبێت، ئەوە بێ گومان کۆمەڵگە بەرەو پاشاگەردانی و هەڵدێر دەڕوات. یاسا دەبێ ئازادییەکان ڕێک بخات؛ هەر بە ڕێگەی ئەو ئازادییانەیشەوە چاودێریی یاسا و حوکمڕانەکان دەکرێت. گەرچی هاوسەنگی لەنێوان یاسا و ئازادیدا کارێکی ئاسان نییە، بەڵام دەشێ و دەبێ بکرێت!
هەرێمی کوردستان ماڵی هەمووانە. هەموومان ماف و ئەرکمان هەیە، بەڵام بەهێزکردنی هەرێمی کوردستان ئەرکی هەمووانە!