Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
THU, 25 APR 2024 04:53 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

رێوڕەسمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی بە "سەرۆكی دەوڵەت" دەچوو
| KDP.info


په‌روێز ره‌حیم قادر

لە ڕووی پرۆتۆكۆڵییەوە، رێوڕەسمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی لە ١٠-٦-٢٠١٩ وەكوو سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بە ئامادەبوونی چەندین كەسایەتی و سەركردە و باڵیۆز و نوێنەری دەوڵەت و لایەنە سیاسییەكان، زیاتر لە رێوڕەسمی فەرمیی سوێندخواردنی "سەرۆكی دەوڵەت" دەچوو، ئەمەش بۆ ھەرێمی كوردستان گرنگیی تایبەتی ھەیە.

لەلایەكی تریشەوە، بەشداریی لایەن و دەوڵەتانی پێكناكۆك وەكوو (ئێران و سعوودیە و تەنانەت توركیا) لەم رێوڕەسمەدا، نیشاندەری گرنگیی پێگەی ھەرێمی كوردستان و متمانە و دڵنیاییە بە نێچیرڤان بارزانی، كە ھەر ئەمەش وادەكات ھیوا بە چارەسەركردنی كێشە و ململانێیە ناوخۆییەكان (كوردستان و عێراقی) و پەیڕەوكردنی ستراتیژیی بێلایەنی لەنێو بارودۆخی ئاڵۆزی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بەرزتر ببێتەوە، بۆیە ئەم مەراسیمە بە قۆناغی ھەستانەوەی ناوخۆیی و دەرەكی بۆ ھەرێمی كوردستان بە تایبەتی لەرووی دیپلۆماسییەوە دادەندرێت.

وتاری كورتی جەنابی سەرۆك مەسعوود بارزانی، جگە لە دەربڕینی پشتیوانی بۆ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، پەیامیك بوو بۆ لایەنە سیاسییەكانی كوردستانی و لەمەش گرنگتر ھۆشدارییەك بوو بۆ لایەنە عێراقییەكان لە بەغدا، كە ھەوڵ بدەن لەگەڵ ھەرێمی كوردستان بە رێككەوتن و جێبەجێكردنی دەستوور ئاسەوارەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر بسڕدرێنەوە، بە تایبەتی لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستاندا.

لە روانگەیەكی تریشەوە، ئەم رێوڕەسمە و وتاری میوانەكان، سێ خاڵی سەرەكیی بەرجەستە كرد: ١- داننان بە دیموكراسی و دەستاودەستكردنی ئاشتیانەی دەسەڵات بە میكانیزمی ھەڵبژاردن و ئیرادەی خەڵكی كوردستان و سندووقەكانی دەنگدان لە ھەرێمی كوردستان. ٢- ستایشكردنی پێشكەوتن و پەرەسەندنە جۆراوجۆرەكانی ھەرێمی كوردستان. ٣-  كەلتووری پێكەوەژیان و لێبووردەیی لە ھەرێمی كوردستان. ئەمانەش ھەموویان پێگە و ھێزی ھەرێمی كوردستان بەرزتر دەكەنەوە. جگە لەمانەش، وەبیرھێنانەوەی قوربانی و خەباتی كورد و رۆڵی پێشمەرگە و ھەروەھا  ھاوخەباتی و دۆستایەتیی ڕابردووی نێوان سەركردەكانی ئێستای عێراق و  سەركردە كوردەكان، ھەوڵدانێك بوو بۆ سڕینەوەی بارگرژییەكان و چاككردنەوەی ھەڵەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر و دڵنەوایی و دڵنیاییدانەوە بە كورد و ھەرێمی كوردستان بوو. كۆی ئەمانەش، واتایەیەكی گرنگی ھەبوو، ئەویش ئەوە بوو كە ھەموویان (ویستراو و نەویستراو) دانیان بەوەدا نا كە ئەم ئەزموونەی ئێستای ھەریمی كوردستان لە ئەنجامی بەرگری و خەبات و قوربانیی كورد خۆی، بەدەست ھاتووە، نەك لەلایەن ئەوان/بەغداوە ئەو ماف و ئازادییەی ئێستای ھەرێمی كوردستان پێان درابێت.

گوتەكانی بەڕێز نێچرڤان بارزانیش ھەم بۆ ئاستی ناوخۆیی ھەرێمی كوردستان بۆ ھەردوو لایەنی ھاووڵاتیان و لایەنە سیاسییەكان، دڵنیاكەرەوە بوو و ھەمیش بۆ بەغدا و وڵاتانی ھەرێمی و ھاوپەیمانە نێودەوڵەتییەكان بە تایبەتی ئەمەریكا، چونكە پێداگریی بەڕێزیان لەسەر ئاستی ناوخۆ لە ھەوڵدانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بۆ چەسپاندن و دەستەبەركردنی پێكەوەژیانی ئاشتیانە و یەكڕیزی و تەبایی و كاری ھاوبەش، سەرەڕای بوونی روانگە و جیاوازییە ئەتنی و ئایینییەكان و بیروبۆچوونە سیاسییەكان. ھەروەھا پەیامێك بوو بۆ بەغدا كە عێراقی نوێ بەپێی دەستوور پێویستە پابەند بێت بە جێبەجێكردنی بنەماكانی ئەو پێكەوەژیانە بۆ چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكان، ھەر بۆیە چارەنووسی جەنگ و ستەمكاری رژێمی بەعسی لە ھەمبەر گەلی كورد و گەلانی ناوچەكە و تەنانەت عێراق وەبیر بەشداربووان ھێنایەوە بە مەبەستی نیشاندانی بێسوودبوونی سەركوت و ستەمكاری لە ھەمبەر كورد لەلایەن حكوومەتە جۆراوجۆرەكانەوە و پێچەوانەبوونەوەی دەرئەنجام و ئاكام و لێكەوتەكانی لە بەرژەوەندیی خودی عێراق و عێراقییەكان. لەلایەكی تریشەوە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بە پێداگری لەسەر بەرژەوەندیی ھاوبەش و ئایندە و چارەنووسی ھاوبەش، دەرگای بۆ كاری پێكەوەی ھەموو لایەنە سیاسییەكان كردەوە. پێناسەكردنی "پاراستنی ژیان و پێكەوەژیان" بە كرۆكی سەرمایەی عێراق، دیوێكی تری ئەو وتارەیە كە پەیامی روون و ئاشكرای بۆ دەسەڵاتدارانی عێراقی ھەڵگرتبوو. ھەروەھا بەرجەستەكرنەوەی پێوستی و گرنگی بوونی پەیوەندیی بەھێزی ھەرێمی و نێودەوڵەتی بۆ ھەرێمی كوردستان لەسەر بنەمای لێكتێگەیشتن و رێزگرتن و بەرژەوەندی و لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتی و داب و دەستووری دیپلۆماسی و سەروەریی ھەر وڵاتێك و پێكھاتە دەستوورییەكان، پەیامێكی ڕوون و ئاشكرای دیپلۆماسی بوو بۆ عێراق (كە پشتیوانیی ھەرێمی و نێودەوڵەتیمان ھەیە) و وڵاتانی دراوسێ (كە ئیمە نابینە مەترسی بۆ ئێوە و ئێوەش پابەند بن بە بنەمای بەرژەوەندیی ھاوبەش و دەستێوەرنەدان لە كاروباری ناوخۆیی ئێمەوە) و دەوڵەتە سەروو ھەرێمییەكان (كە ئێمە لە جەنگی داعش لەبری ھەموو جیھان پارێزەری ئاشتی بووین و لەداھاتووشدا دەبین و بەرژەوەندیی سیاسی و ئابووری و ئاسایشی ھاوبەشمان ھەیە). بۆیە وتاری بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بە وتارێكی گشتگیر و فرەڕەھەند لە چوار ئاستی  ناوخۆیی و عێراقی و ھەرێمی و نێودەوڵەتی دادەنرێت.

 ھەروەھا وتەكانی سەرككۆماری عێراق دكتۆر بەرھەم ساڵح و بەرجەستەكردنەوەی رۆڵ و پێگە و كەسایەتیی جەنابی سەرۆك بارزانی وەكوو ھەوڵدان بۆ ھەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی نوێ و تەنانەت فەرامۆشكردن و تێپەڕاندنی نیگەرانییەكان لە چۆنیەتیی ھەڵبژاردنیان بە سەرۆككۆمار بە بێ رەزامەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان و تەنانەت گرفت لە پەیوەندییەكانی ئەم دواییەی یەكێتیی نشتیمانیی كوردستان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان دەبیندرێت. لێرەوەیە كە ناوەڕۆكی بابەتەكە زیاتر دەسەلمێندرێت كە بەڕێوەچوونی ئەم رێوڕەسمە، ھەڵگری چەندین واتا و پەیام و لێكەوتەی ئەرێنییە بۆ ھەرێمی كوردستان و پێگەی سەرۆكایەتیی ھەرێمی كوردستان بۆ پتەوكردنی پەیوەندییە كوردستانی و عێراقی و ھەرێمی و نێودەوڵەتییەكان.

لە كۆتاییدا دەكرێت ئەم ڕێوڕەسمە پاڵپشتییەكی ناوخۆیی و عێراقی و ھەرێمی و تەنانەت نێودەوڵەتی بێت بۆ كابینەی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بەڕێز مەسروور بارزانی، كە بڕیار وایە لەلایەن سەرۆكی ھەرێمەوە بۆ پێكهێنانی حكوومەت ڕابسپێردرێت.

 

 




دوایین هەواڵەکان

وەزارەتی ناوخۆ ئاگادارییەك ئاراستەی ئەو ئەفسەر و كارمەندانە دەكات

THURSDAY, 25 APRIL 2024 00:04:55

ھەولێر-KDP.info- وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاگادارییەك ئاراستەی ئەو ئەفسەر و كارمەندانە دەكات كە بی مۆڵەتی خوێندن بڕوانامەیان بەدەست هیناوە و تاوەكوو ئێستا بۆیان هەژمار نەكراوە.

 
ھەرێمی کوردستان بەشداری لە دیداری ئەبوزەبی بۆ وەبەرھێنان دەکات

WEDNESDAY, 24 APRIL 2024 19:04:39

ھەولێر -KDP.info- دەستەی گشتی وەبەرھێنان بەشداری لە سێزدەمین دیداری وەبەرھێنان لە ئەبوزەبی دەکات و سەرۆکی دەستەی گشتی وەبەرھێنانیش دەڵێ، ھەرێمی کوردستان بۆ جاری یەکەمە بەشداری لە دیدارەکە دەکات.

 
ئەنجومەنی وەزیران: بەپێی یاسا بەرکارە فیدڕاڵییەکان، بەشی بەغدا لە داهاتی نانەوتی هەرێم دەخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی فیدراڵ

WEDNESDAY, 24 APRIL 2024 19:04:56

ھەولێر-KDP.info-  ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی نیسانی 2024، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

 
مەحموود محەممەد: وەک پارتی لەگەڵ سیستەمی هەڵبژاردن و ڕێگریی لە بەشداریی پێکهاتەکان، کۆک نەبووین

WEDNESDAY, 24 APRIL 2024 18:04:37

مەحموود محەممەد: وەک پارتی لەگەڵ سیستەمی هەڵبژاردن و ڕێگریی لە بەشداریی پێکهاتەکان، کۆک نەبووین

 
راوێژکارێکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان: ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کاریگەری ھەبووە"

WEDNESDAY, 24 APRIL 2024 17:04:54

ھەولێر-KDP.info- دوای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کرانەوەیەک ھەیە لەنێوان ھەرێم و بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێم و دەنگەکانی کورد لە کەرکووک و نەینەوا و خانەقین گۆڕانکاریان پەیداکردوە. 

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact