دهۆك-KDP.info- جەژنی چوارشەممەی سەری ساڵ (چوارشەممەی سۆر)، كۆنترین و پیرۆزترین جەژنی كوردانی ئێزدییە، هەر ساڵێك ئەم جەژنە دەكەوێتە چوارشەممەی یەكەم لە مانگی نیسانی رۆژهەڵاتی، بە بڕوای ئێزدییانیش ئەم جەژنە سەرەتای دروستبوونی گەردوونە.
هات چارشەمبووا سۆرە
نیسان خەملاندبوو ب خۆڕا
ژ باهتندا یە ب مۆرە
كوردانی ئێزدی ئەم جەژنە بە چەندین ڕێوڕەسمی ئایینیی پیرۆز دەگێڕن، كە ئەمانەن:
ئێوارەی پێش رۆژی جەژن كە دەكاتە سێشەممە.
یەكەم: لە لالشی نوورانی چرا و مۆمەكانی خاس و چاكەكانیان لەسەر هەموو بەردێكی بازاڕی مەعریفەت كە دەكەوێتە ناوەندی لالش هەڵدەكەن و ئاینداران بە قەوڵ و تێكستی ئایینی دوعا و نزاكان دەڵێن.
دووەم: منداڵ و پیاوماقوڵانی گوند سەردانی دەوروبەری ناوچەكانیان دەكەن بە مەبەستی هێنانی سەوزاییەك بە ناوی (كاری) كە تەنیا لە رۆژانی جەژندا پێی دەڵین (بێناڤ).
سێیەم: ئافرەتان هێلكە ڕەنگاوڕەنگ دەكەن ئەویش ڕەنگی سەوز و سۆر و زەرد، هەروەها نانێكی تایبەتیش بە ناوی سەوك (كولێرە) دروست دەكەن و بەسەر ماڵە هەژارەكاندا دابەشی دەكەن.
چوارەم: ئافرەتان سەردانی قەبرستان (گۆڕستان) دەكەن بۆ خێر خواردن و دابەشكردنی شتومەكی جەژن.
پێنجەم: پیاو و گەنجان سەردانی مەزارگە و نیشانگەی پیرۆزی گوند دەكەن و ڕێبەری نیشانگەكان ئامۆژگاری و تێكستە ئایینییەكان دەخوێنن و شرۆڤەیان دەكەن.
بەرەبەیانی جەژن:
یەكەم: بەر لە خۆرهەڵات، ئافرەتی گەورەی خێزان كۆمەڵێك گوڵی سۆر و سەوزاییەك كە پێی دەڵێن (بێناڤ) و توێكڵی هێڵكە بە هەویری نانەوە بە دەرگای ماڵەوە هەڵدەواسن.
دووەم: هەر ماڵێك كە مەڕوماڵاتی هەبێت، دەبێت ماست بەسەر دراوسێ و كەسوكار و دەورەبەرەكانیاندا دابەش بكەن وەك جەژنانە.
سێیەم: پیاو و ریشسپیەكان سەردانی مەزارگەی ناوچەكەیان دەكەن و هەموو ماڵیك خواردن دەبەن بۆ ئەو شوێنە و دواتر هەموویان جەژنە پیرۆزە لە یەكتر دەكەن.
چوارەم: هەموویان جەژنی یەكتر پیرۆز دەكەن و چەندین یاریی جەژن دەكەن بە ناوی هێلكەشكاندن.
پێنجەم: هەموو خێزانێك ئەگەر كاری جووتیاری بكات، دەبێت توێكڵی هێلكە لەناو زەوییەكەیدا بڵاو بكاتەوە بۆ ئەوەی خێر و بەرەكەت بكەوێتە نێو زەوییەكەیەوە.
شەشەم: هەر ماڵێك كە خاوەن مەڕوماڵات بێت، دەبێت لە رۆژی جەژندا شیری ئەو مەڕوماڵاتانە نەدۆشێت، دەبێت ئەو شیرە بۆ بێچووەكانیان بێت و بەم كردارە دەڵێن (ستیكۆش).
رۆژی دوای جەژن
یەكەم: پێشنیوەڕۆ شوانەكان مەڕوماڵاتەكانیان دەگەڕێننەوە لە لەوەڕاندن، بێریڤانەكان (كەتان) بە گوانی مەڕەكانەوە دەكەن و دواتریش دیاری بۆ شوان لەگەڵ خۆیان دەبەن، هەموویان پێكەوە هێرش بۆ سەر شوانەكە دەكەن و دواتر خۆی دەدات بەدەستەوە و گۆپاڵەكەی پارچە پارچە دەكەن، پارچەكانیشیان بەسەر خۆیاندا دابەش دەكەن.
دووم : لە دوای ئەمەش دادەنیشن خەڵاتی شوانەكەی پێ دەبەخشن، لەوانەش نان و كولێرە و چەندین شتی تر.
سێیەم: كاتێك بێریڤانەكان دەگەڕێنەوە ماڵەوە، هەر یەكێكیان پاڕچەیەك لە گۆپاڵەكە بە مەشكەكەیانەوە دەكەن. بەمەش كۆتایی بە جەژن دێت.
هێـماكانی جەژنی چوارشەممەی سۆر:
هەموو ڕێوڕەسمێك لەم جەژنەدا هێما و نیشانەی تایبەتی خۆی هەیە و هەمووشیان نیشانەی كۆن و پیرۆزیی جەژنەكە دیار دهكەن، نموونەش:
یەكەم: هێلكە مانای دروستبوونی زیندەوەرەكانە.
دووەم: هێلكە مانای دروستكردنی گەردوونە لە لایەن خوا، بۆ شكاندنی هێلكە چەندین واتای جۆراجۆریش هەن.
سێیەم: بڵاوكردنەوەی توێكڵی هێلكە لە نێو دەغڵودان، مانای خێر و بەرەكەتە لە نێویدا.
چوارەم: كوڵاندنی هێلكە مانای ڕاوەستاندنی جەبرینی زەوی دەدات و رەنگاوڕەنگكردنی مانای خەمڵاندنەوەی دەدات.
پینجەم: بڵاوكردنەوەی نان و كولێرە، مانای تێكەڵبوونی خواردنەكانیانە و بەهێزكردنی پەیوەندییەكانە.
شەشەم: هەڵواسینی گوڵی سۆر و گیای (كاردی) مانای دەستپێكردنی خۆشی و گەشبینییە.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان، رۆژی چوارشەممەی سۆری لە هەموو دامودەزگاكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كردووە بە پشوو.
دوێنی سەرۆك بارزانی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان و مەكتەبی سیاسیی پارتی، لە چەندین بەیاننامەدا پیرۆزباییان لە ئێزدییان كردووە.
ئێزدی لە جیهاندا زیاتر لە ملیۆنێك كەسن و زۆرترینیان دەكەونە هەرێمی كوردستان و لە ناوچەی دهۆك نیتشتەجێن، كە تا ئێستا ٧٤ جار رووبەڕووی كۆمەڵكوژی بوونەتەوە.
ئامادەكردن: كــاروان بـــاعەدری