هه‌ڵه‌بجه-KDP.info- له پارێزگای هه‌ڵه‌بجه وه‌ك ته‌واوی شاره‌كانی تری كوردستان هاووڵاتییان به‌گه‌رمییه‌وه پێشوازییان له جه‌ژنی نه‌ورۆز كرد و به‌شداری له ڕێوڕەسمی كردنه‌وه‌ی ئاگر و ئاهەنگهكان ده‌كه‌ن.
شاد ڕزگار، به‌رپرسی ئه‌نجومه‌نی ئافره‌تانی هه‌ڵه‌بجه، به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "بۆ جه‌ژنی نه‌ورۆزی ئه‌مساڵ ئافره‌تان و لاوان و قوتابییان ڕێوڕەسمێکی تایبەت بە جه‌ژنی نه‌ورۆزمان ڕێک خست و ئاگری نه‌ورۆز ده‌كه‌ینه‌وه".
ڕزگار گوتی: "بە ڕێکخستنی ڕیوڕەسمێک له دامێنی عهبابهیلێوە سه‌ر ده‌كه‌وین بۆ سه‌ر به‌رزاییه‌كانی شاخی شنروێ، ههركهسە و مه‌شخه‌ڵێكی ئاگری به‌ده‌سته‌وه دەبێ، له‌گه‌ڵ گەیشتنی ته‌واوی مه‌شخه‌ڵ به‌ده‌سته‌كان ئاگرێكی گه‌وره ده‌كه‌ینه‌وه و، ڕێوڕەسمی پیرۆزكردنی جه‌ژنی نه‌ته‌وه‌ییی نه‌ورۆز ده‌ست پێ ده‌كات".
عومه‌ر فارس، به‌رپرسی ناوه‌ندی باڵای یه‌كێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان له پارێزگای هه‌ڵه‌بجه گوتی: "ئێمه خۆشحاڵین کە ده‌توانین ڕێوڕەسمێکی شایسته بۆ جه‌ژنی نه‌ته‌وه‌ییی كورد ڕێك بخه‌ین و هاووڵاتییان هه‌ڵه‌بجه لە ڕێوڕەسمەکەدا به‌شداری ده‌كه‌ن".
فارس گوتیشی: "ئێمه یه‌كه‌م ساڵه بە شێوەیەکی جیاواز ئاگری نه‌ورۆز له هه‌ڵه‌بجه ده‌كه‌ینه‌وه و، له به‌رنامه‌شماندا هه‌یه ساڵانی ئاینده ئاماده‌كاریی زیاتر بۆ یادی جه‌ژنی نه‌ورۆز بكه‌ین و ڕێوڕەسمی شایسته‌تری بۆ ڕێك ده‌خه‌ین".
له لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ڕۆشنبیری و هونه‌ری هه‌ڵه‌بجەوە ڕێوڕەسمێکی كردنه‌وه‌ی ئاگری نه‌ورۆزی ڕێك خرا كه هاووڵاتیانێكی زۆر له‌وێش ئاماده بوون و به گوتنه‌وه‌ی گۆرانیی جه‌ژنی نه‌ورۆز، جه‌ژنی نەتەوایەتیی كوردیان پیرۆز كرد.
ئه‌حمه‌د هاروونی، به‌شداربووی جه‌ژنی نه‌ورۆز له هه‌ڵه‌بجه گوتی: "ئێمه خۆشحاڵین كه یادی جه‌ژنی نه‌ته‌وه‌ییی كورد پیرۆز ده‌كه‌ین و هیواخوازین وڵاتمان به‌ره‌و ئاوه‌دانی و سه‌رفرازی هه‌نگاو بنێت. نه‌ورۆز جه‌ژنێكی تایبه‌ته لای نه‌ته‌وه‌كه‌مان و پێویسته گرنگیی تایبه‌تی پێ بده‌ین".
ساڵانی ڕابردوو به‌هۆی هه‌لومه‌رجی تایبه‌تی ناوچه‌كەوە نه‌توانراوه له هه‌ڵه‌بجه یادی نه‌ورۆز بكرێته‌وه، به‌ڵام چه‌ند ساڵێكه جه‌ژنی نه‌ورۆز له پارێزگای هه‌ڵه‌بجه وه‌ك شاره‌كانی تری كوردستان پیرۆز ده‌كرێت، هاووڵاتییانیش به‌فراوانی به‌شداری له كردنه‌وه‌ی ئاگری نه‌ورۆزدا ده‌كه‌ن.
شۆخان جه‌مال، كە به جلوبه‌رگی كوردییەوە به‌شداریی جه‌ژنی نه‌ته‌وه‌ییی كوردی كردبوو، گوتی: "هیوای ساڵێكی خۆش و ئاسووده بۆ گشت هاووڵاتییانی كوردستان ده‌خوازم، جه‌ژنی نه‌ته‌وەییی نه‌ورۆز پیرۆز ده‌كه‌م، ئێستا زۆر خۆشحاڵم له ئاهەنگی نه‌ورۆزدا له هه‌ڵه‌بجه بەشدارم، نه‌ورۆز مانای سه‌ركه‌وتنی كورده به‌سه‌ر زاڵمدا و لابردنی پاشه‌كه‌وتی مووچه و كۆتاییهاتنی قه‌یرانی دارایی ده‌بینین، ئه‌مڕۆ كه جه‌ژنی نه‌ورۆز پیرۆز ده‌كه‌ین هاووڵاتییان زیاتر له ساڵانی ڕابردوو به‌شداریی ڕێوڕەسمەکان و ئاهەنگهكان ده‌كه‌ن".
هێڤیار