هەڵەبجە -KDP.info- لە پارێزگای هەڵەبجە و ناحیەی سیروان، لە لایەن لقی 12ی پارتی و ناوەندی باڵای هەڵەبجەی یەكێتیی لاوانەوە بە بۆنەی ساڵیادی لەدایكبوونی سەركردە و سیمبولی نەتەوەی كورد، بارزانی نەمر، هەڵمەتی نەمامناشتن بەڕێوە چوو.
بەسام عەلی، بەرپرسی لقی 12ی پارتی لە پارێزگای هەڵەبجە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بۆ ساڵیادی لەدایكبوونی سەركردە و سیمبولی نەتەوەی كورد، سەرۆك مستەفا بارزانی، لە پارێزگای هەڵەبجە دەستمان کرد بە هەڵمەتی نەمامناشتن وەك وەفایەك بۆ خەبات و قوربانیدانی ئەو زاتە گەورەیە".
هاوكات لە ناحیەی سیروان، سەر بە پارێزگای هەڵەبجەش، لە لایەن ناوەندی باڵای هەڵەبجەی یەكێتیی لاوانەوە هەڵمەتی نەمامناشتن بەڕێوە چوو.
عومەر فارس، بەرپرسی ناوەندی باڵای هەڵەبجەی یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە ناحیەی سیروان بە ئامادەبوونی بەرپرس و ئەندامانی دەستەی كارگێڕیی لقی 12 و كۆمەڵێك لاو، لە ساڵڕۆژی لەدایكبوونی سەركردە و ڕێبەر، بارزانی نەمر، وەك وەفایەك بۆ خەبات و تێكۆشانی ئەو ڕێبەرە مەزنە، هەڵمەتێكی نەمامناشتنمان بەڕێوە برد."
هێڤیار هەڵەبجەیی