ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنان لە ھەولێر گوتی، ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ژمارەیەکی یەکجار زۆری کۆمپانیای ناوخۆیی و عەرەبی و ئەورووپی داواکارییان پێشکەش کردووە بۆ ئەوەی پڕۆژەی وەبەرھێنان لە ھەولێر جێبەجێ بکەن و ئەوانیش داواکارییەکانیان قبووڵ کردوون و ھەموو ئاسانکاریەکیشیان بۆ کردوون و پڕۆژەکانیش لە بواری ١١ سێکەتەردان.
سامان عارەب، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بە ھۆی باشبوونی دۆخی ئابووریی ھەرێمی کوردستانەوە لەمساڵدا داواکارییەکی یەکجار زۆرمان لە لایەن کۆمپانیاکانەوە بۆ ھاتووە و دەیانەوێت پڕۆژەی وەبەرھێنان لە ھەولێر جێبەجێ بکەن. ئێمەش بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵ دەکەین و پڕۆژەکانیان وەردەگرین و ھەموو ئاسانکارییەکیان بۆ دەکەین."
سامان عارەب گوتی: "ئەو کۆمپانیایانەی داواکارییان پێشکەش کردووە، ناوخۆیی و عەرەبی و ئەورووپین، چونکە دەزانن ئێستا دۆخی ھەرێمی کوردستان بۆ وەبەرھێنان زۆر گونجاوە و دەتوانن بەبێ کێشە کاری خۆیان بکەن."
عارب باسی لەوەش کرد: "ئەو داواکاریانەی پێشکەش کراون بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە لە بواری ١١سێکتەردان، لەوانە تەندروستی و بازرگانی و گەشتوگوزار و پیشەسازی و چەند سیکتەری دیکە، کە ژمارەیەک لەو پڕۆژانە زۆر گەورەن."
بڵند ئیبراھیم