بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی كشتوكاڵ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتی، وەزارەتی بازرگانی بڕیاری خەرجكردنی پارەی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی كوردستانی دەركردووە و لە ماوەیەكی نزیكدا پارەكە خەرج دەكرێت.
محەمەد ئەمین فارس، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەم بەیانییە لەگەڵ وەزیری بازرگانیی حكوومەتی عێراق، محەمەد ھاشم عانی سەبارەت بە خەرجكردنی پارەی جووتیارانی ھەرێمی كوردستان كۆ بووینەوە و ئەویش باسی لەوە كرد كە كاتی خۆی حكوومەتی پێشوو بڕیاری دابوو خەرجكردنی پارەكە رابگیرێت، بۆیە ئێمە پارەكەمان ئامادە كردووە و نووسراومان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران كردووە بۆ ئەوەی سەرۆكوەزیران بڕیاری پێشوو ھەڵبوەشێنێتەوە و ئیمزا لەسەر نووسراوی ئێمە بكات، ھەر كاتێكیش نووسراوەكە ئیمزا كرا، دەست بە خەرجكردنی پارەكە دەكرێت".
فارس گوتیشی: "پارەكە ٥٥٧ ملیار دینارە و وەزیری بازرگانییش بەڵێنی دا كە لە ماوەیەكی نزیكدا پارەكە خەرج دەكرێت، چونكە ھەموو رێكارەكان تەواو بوونە و تەنھا ماوە لە ئەنجوومەنی وەزیران بگەڕێتەوە و خەرج بكرێت".
دەشڵێ: "ئێمە وەكو فراكسیۆنی پارتی دەچینە ئەنجوومەنی وەزیران و بەدواداچوونی زیاتری بۆ دەكەین تاوەكو نووسراوەكە ئیمزا دەكرێت و پارەی جووتیاران خەرج دەكرێت، چونكە لە پڕۆژەیاسای بودجەشدا ئێمە ئەو پارەیەمان جێگیر كردووە، بۆیە حكوومەتی عێراق ھیچ رێگایەكی لە بەردەمدا نییە جگە لەوەی پارەكە خەرج بكات".
بڵند ئیبراھیم