هەولێر-KDP.info- مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە بۆنەی (25)ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستانەوە، پەیامێكی پیرۆزبایی ئاڕاستەی ئەو حزبە كرد.
ئەمە دەقەكەیەتی:
بەڕێز/ مامۆستا سەڵاحەددین محەمەد بەهائەددین، ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان
بەڕێزان/ ئەندامانی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان
بە بۆنەی (25)ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستانەوە، گەرمترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی بەڕێزتان و سەرجەم كادیر و ئەندام و لایەنگرانتان دەكەین، هیوادارین لە هەوڵ و كار و كۆششتان بەردەوام بن و بە هەموو لایەك بتوانین بە ئیرادەیەكی بەھێز و بە یەك بەرنامە و كاری هاوبەش ئامانجەكانی گەلەكەمان بهێنینە دی.
ئێمە كاتێك ئەو یادە دەكەینەوە و رۆڵی ئێوە و یەكگرتووی ئیسلامی لە ئەزموونی هەرێمی كوردستان بۆ بەدەستهاتنی دەسكەوتەكان و بەدیهێنانی ئامانجەكانمان بەرز دەنرخێنین، هاوكات رەوشی گرینگ و هەستیاری ئەمڕۆی هەرێم و ناوچەكە، وا پێویست دەكات زیاتر سوور بین لەسەر هاوخەباتی و یەكڕیزیی و تەبایی و یەكخستنی نێو ماڵی كورد بۆ پاراستنی دەسكەوتەكان و رەوشی ئارام و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان.
ئومیدەوارین بەردەوام هەوڵ بدەین بناغەی ئەو پێكەوەیی و هەماهەنگییەی نێوانمان پتەوتر و بەهێزتر بكەین لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیی گەلەكەمان و تەختكردنی كۆسپ و تەگەرەكان، هەروەها ئەركی سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی كوردستانە كە لە پێناوی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەل و وڵاتەكەماندا هەنگاوی جیددی و كردەنی بنێین و كێشە و ناكۆكییە لاوەكییەكان كۆتایی پێ بێنین لە پێناو ئاسوودەیی و ئارامی و خۆشگوزەرانی بۆ رۆڵەكانی گەلەكەمان.
جارێكی دیكە پیرۆزباییتان لێ دەكەین و هەر سەرفراز و سەركەوتوو بن.
مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان
6/2/2019