ھەولێر-KDP.info- وەزیری دارایی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، مووچەی فەرمانبەران پاشەكەوت ناكرێت و ٣٠ رۆژ جارێك دەدرێ. دەشڵێ، لەگەڵ وەزیری دارایی حكوومەتی عێراق پەیوەندییەكی باشیان ھەیە.
رێباز حەملان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، سەبارەت بە پاشەكەوتی مووچە، بە مێدیاكانی ڕاگەیاند: "بە ھۆی ئەوەی لە كۆتایی ساڵی ٢٠١٨ نزیك دەبینەوە، مووچەی مانگەكانی ١٠، ١١ و ١٢ پاشەكەوت ناكرێت و بەردەوام دەبین لە دابەشكردنی، ئەمەیش دوای ئەوەی بە راوێژ لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی ھەرێمی كوردستان، كە ٣٠ ڕۆژ جارێك مووچە بە مووچەخۆران و فەرمانبەران دهدرێت".
حەملان دەشڵێ، لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق پەیوەندییەكی باشیان ھەیە و ئەمەش ڕۆڵێكی گرینگ دەبینێت لە پەیوەندییەكانی حكوومەتی ھەرێم و بەغدا و دیاریكردنی بەشەبودجەی ھەرێم.
وەزیری دارایی باسی لەوەش كرد، لە ساڵی ٢٠١٨دا حكوومەتی ھەرێمی كوردستان قەرزی زۆر داوەتەوە و بەردەوامیشە لەسەر دانەوەی ئەو قەرزانە.
ئەو هەروەها زیاتر گوتی: "دوای دەركردنی یاسای چاكسازی و خانەنشینی لە پەرلەمانی كوردستان، پرسی پاشكەوتی مووچە چارە دەكەین و ئەو پاشەكەوتانەی كە لە ماوەی ڕابردوودا كراون، تاوتوویان دەكەین".
گوتیشی: "ئەو پارەیەی ھاوپەیمانان دەیدەن بە حكوومەتی ھەرێم، بۆ ھاوكاریی ھێزەكانی پێشمەرگەیە، بەڵام مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆران لە پارەی داھاتی نەوت و ئەو پارەیەیە كە بەغدا دەینێرێت، ئەمەیش بەشی تەواوی پارەی مووچە ناكات".
رێباز حەملان ئاماژەیشی دا: "بەغدا لە ساڵی ٢٠١٨دا مووچەی سێ مانگی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی نەناردووە، بەڵام لە بودجەی ساڵی ٢٠١٩دا ئەو پارەیەیان جێگیر كردووە و لە ڕێگەی وەزیری داراییشەوە ھەوڵی بەدەستھێنانی ئەو پارەیە دەدەین".
"ساڵی دابێ، ھەرێمی كوردستان لە ڕووی داراییەوە ھەنگاوی زۆر باش دەنێت". وەزیری دارایی وای گوت.
ھەڵكەوت محەممەد