هەولێر-KDP.info- مەسروور بارزانی، لە دیداریدا لەگەڵ باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، قۆناغی نوێی پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدای بە هەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی تازە لە قەڵەم دا و، هیوای خواست لە ئاییندەیەكی نزیكدا پرسە هەڵواسراوەكان چارە بكرێن.
مەسروور بارزانی، راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ یەكشەممە ٩/١٢/٢٠١٨، پێشوازی لە جۆن وێڵكس، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و شاندی یاوەری كرد.
لە دیدارێكدا، كە مارتن وار، كۆنسووڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان ئامادەی بوو، دواپەرەسەندنەكانی ناوچەكە و هەوڵ و هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و هاتنەئارای قۆناغی نوێی پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا تاوتوو كرا.
مەسروور بارزانی، قۆناغی نوێی پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدای بە هەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی تازە لە قەڵەم دا و، هیوای خواست لە ئاییندەیەكی نزیكدا بە گرتنەبەری دیالۆگ و گفتوگۆی بنیاتنەر، پرسە هەڵواسراوەكان چارە بكرێن و زەمینە بۆ چەسپاندنی ئاشتی و پێشخستنی وڵات و دابینكردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەكان بڕەخسێنێت.
باڵیۆزی بەریتانیا، وێڕای پیرۆزباییكردن لە مەسروور بارزانی بە بۆنەی كاندیدكردنی بۆ سەرۆكایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هیوای سەركەوتنی بۆ خواست و جەختی لەوە كردەوە، كە وڵاتەكەیان هاوكار دەبێت بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان ئاوەدانی و پێشكەوتنی زیاتر بە خۆیەوە ببینێت.