Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
FRI, 26 APR 2024 00:47 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

ئایا دۆناڵد ترامپ دیدگایەکی ستراتیژیی درێژخایانی بۆ سیاسەتی دەرەوە هەیە؟
| KDP.info


دکتۆر سامان سۆرانی
لەماوەی دوو ساڵی ڕابوردوو هەر کەسێ هەوڵی دابێ بۆ تێگەیشتن لەو سیاسەتەی دۆناڵد ترامپ، کە بۆ کاروباری دەرەوە پەیڕەوی دەکات، ئەوا بە دڵنیاییەوە دووچاری سەرسوڕمان بووە، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕاگەیاندنە دژوار و نەسازاوانەی، کە لە کۆشکی سپییەوە دەردەچن.
لە مێژووی سیاسیی ئەو وڵاتە وا باو بووە سەرۆکە یەك لە دوای یەكەکانی ئەمریکا لە سەرەتادا سیاسەتی خۆیان ئاشکرا دەکرد، دەرئەنجام ئەو ئاشکراکردنە دەبوو بە دۆکترینی ئەو سەرۆکانە لە بواری سیاسەتی دەرەوە.
بۆ نموونە پێنجەم سەرۆكی ئەمریکا جێمس مۆنرۆ لە ساڵی ١٨٢٣ بە ڕوونی ئاشکرای کرد، هەر هەوڵێ لە لایەن وڵاتانی ئەورووپا بۆ کۆنترۆڵکردنی دەوڵەتە سەربەخۆیەکانی باکوور و باشووری ئەمریکا بدرێ، ئەوا ئەو هەنگاوانە بە دوژمنایەتیکردنی ئەمریکا ئەژمار دەکرێن، ئەم شێوە جاڕدان و ئاشکراکردنە بە دۆکترینی مۆنرۆ ناوزەد کرا.
بەهەمان شێوە دوایت دەیڤید ئایزێنھاوەر، سی و چوارەمین سەرۆکی ئەمریکا (١٩٥٣-١٩٦١) ئامادەیی ئەمریکای ئاشکرا کرد بۆ هاوکاریکردنی هەر دەوڵەتێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕووی سەربازی و ئابووری، ئەگەر ئەو دەوڵەتە نیازمەند بێ ڕووبەڕووی هەڕەشەی کۆمونیزم ببێتەوە. 
دەکرێ پرنسیپی ترامپ بۆ سیاسەتی دەره‌وە بە "ریالیستێکی ڕەق و وشك" وەسف بکرێ، چونکە قوتابخانەی ڕیالیستی وەك دەزانرێ دەڵێ، سیستەمی جیهانی بە هۆی نەبوونی دەسەڵاتی مەرکەزی لە حاڵەتی پاشاگەردانییە، بە پێچەوانەی حاڵەتی دەوڵەتەکان لە چوارچێوەی ناوخۆییان، بۆیە پێویستە وڵاتان خاوەندی زۆرترین سەرچاوە و هێز بن تاوەکو بتوانن بەرگری لە خۆیان و لە سەروەری و مانەوەیان بکەن. 
دیارە ڕێگا زۆرە بۆ بەدەستهێنانی تواناکان، بۆ نموونە دەکرێ لە ڕێگەی بەهێزکردنی توانایی ئابووری و سەرچاوەی مرۆیی و هێزی سەربازییەوە بێ، بەڵام ژمارەیەك لە وڵاتان بە هۆی سنوورداربوونی سەرچاوەکانیان ناتوانن ئەو تواناییانەی خۆیان بەپێی پێویست بەهێز بکەن، بۆیە ناچار ڕوو لە بەستنی هاوپەیمانێتی دەکەن لەگەڵ وڵاتانی تر لە پێناو یارمەتیدانیان بۆ بەهێزبوون. یان ئەوەیە دەبنە هاوپەیمانی وڵاتانی زلهێز بۆ خۆپاراستن لە ئەگەری هەر هەڕەشەیەکی دەرەکی، بۆنموونە تایوان و کۆریای باشوور هاوپەیمانێتییان لەگەڵ ئەمریکا بۆ ئەو مەبەستە درووست کردووە. 
وەکو نەریتێك، حکوومەتی ئەمریکا لە کاتی دەربڕینە فەرمییەکاندا هەردەم زمانێکی لیبرالی بەکار هێناوە و لە کرداریشدا ڕێچکەی ڕیالیستییەکانی گرتۆتە بەر. واتە بەرژەوەندیی ئەمریکا بە چەمکی یاسا و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و پرنسیپە گەردوونییەکانی مافی مرۆڤ و کۆمەڵێ چەمك و دەستەواژەی تری لیبرالی پێچاوەتەوە.
بۆ نموونە لە کاتی داگیرکردنی کوێت لە ساڵی ١٩٩٠ لە لایەن سەددام حوسێن، واشنتۆن بە زمانی یاسای نێودەوڵەتی قسەی دەکرد و ئامادەکاری بۆ پاراستنی ئەو شتنانەی خۆی دەکرد، کە بە بەرژەوەندیی باڵای خۆی دەزانی. ئەمریکا ئەوەندی پەرۆشی بەرژەوەندیی خۆی بوو، ئەوەندە گرینگی بە هێرشەکەی سەددام نەدەدا، هەر وەكو چۆن لە ساڵی ١٩٨٠ عیراق جەنگی لەگەڵ ئێران پەرپا کرد.
بەڵام لە حاڵەتی ڕیالیستی دۆناڵد ترامپ دەبینین، ئەو  چۆن بە زمانێکی زۆر ڕوون و ڕەوان باس لە بەرژەوەندییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکات، کە لەسەر بنەمای سوودی دوولایەنە بەڕێوە دەچن. ئەم زهنیەتە لە شارەزاییی ئەوەوە سەرچاوەی گرتووە لە ناو جیهان سامان و بزنس. کەسانی پێش ترامپ، کە لایەنداری سیاسەتی ریالیستی بوون، بۆ نموونە هێنری کیسنجەر یان جێمس بەیکەر، بیری ئەوان لە چوارچێوەیەکی ئەکادیمی و یاسایی و سیاسی ڕەنگی دەدایەوە.
ترامپ پیاوی بزنسی ڕەهایە، ئەو هەموو جیهان بە کۆمپانیایەکی زەبەلاح دەشوبهێنێ، کە پڕە لە دامەزراوە بازرگانییە جیاجیاکان، ئەو دامەزراوانەی، کە دابەش بوون بەسەر هەموو ناوچەکانی جیهان. کاتێ کۆمپانیایەکی بازرگانی لە بەدەستهێنانی قازانج سەرکەوتوو نابێ، کۆمپانیای دایك هەڵدەستێ بە کارکردن لەسەر یەكێ لەم دوو خاڵە: یان ئەوەتا هەوڵی چاکردنەوەی پێکهاتەکەی ئەو کۆمپانیایە دەدا و خەرجییەکانی کەم دەکاتەوە لە ڕووی کارگێڕییەوە دەست بە گۆڕینی دەکات و دووبارە دادەمەزرێنێتەوە، یان ئەوەیە بە یەكجاری ئەو کۆمپانیایە لە کۆڵی خۆی دەکاتەوە و دایدەخات، تاوەکو لە ڕووی داراییەوە  نەبێ بە بارگرانی بۆ سەر دامەزراوە بازرگانییەکانی تری کۆمپانیای دایك.
ترامپ پێێ وایە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وەکو ئەو کۆمپانیا بازرگانیانە لە زۆر ناوچەی ئەم جیهانە خۆی بە کۆمەڵێ شت پابەند کردووە. ترامپ وای دەبینێ زۆرێ لەو پابەندبوونانە سوودێکی ماددیان بۆ ئەمریکا نەبووە، بۆیە پێویستە ئەمریکا ئەو پابەندبوونانەی خۆی کەم بکاتەوە و لە سەرووی هەموو شتێکەوە گرینگی بە ناو ماڵی خۆی بدات.
ترامپ لە زۆر بۆنەدا باسی کردووە، کەوا پاراستنی کۆریای باشوور تێچووی زۆرە لەسەر ئەمریکا و ئەمریکا هیچ شتێکی لەبەرامبەردا دەست ناکەوێ. کاتێ پرسیاری لێ کرا، کێ بە یەكەم دوژمنی ئەمریکا دەزانی، ئەو لەوەڵامدا باسی چین یان ڕووسیای نەکرد، بەڵکو ئاماژەی بە یەکێتیی ئەورووپا کرد.
مەودای هەر هزرێ ئەگەر تەنها خۆی لە چوارچێوەی سامان و بزنسدا سنووردار بکات، ئەوا خاوەنی ئەو هزرە توانای دیدگایەکی فراوانتری بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان نابێ. 
کەسانی سەر بە قوتابخانەی ریالیستیەکان لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا، بۆ نموونە جۆرج فۆرێست كینان، کە بە داڕێژەری سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکای پێش ناوەڕاستی سەدەی ڕابووردوو دادەنرێ، یان ولیام ئێڤریل هاریمان، کە وەزیری بازرگانی بوونی لە سەردەمی دەسەڵاتی سەرۆك هاری ترومان، بە جۆرێ تەماشای سیستەمی جیهانی تازە دامەزراویان دەکرد، کە یەکەیەکی تێکهەڵکێشە و پێویستی بە دیدێکی فراوانە، ئەو دیدەی هەست بە کاریگەرییە دوولایەنییەکان بکات لە ناوچە قورسەکانی ئەم جیهانە.
ئەوان لە گۆشە نیگایەکی تایبەتەوە تەماشای بەرژەوەندییە ڕاستەوخۆیەکانیان نەدەکرد، بەڵکو ئەوان مەودای کاریگەری هەر ناوچەیەك لەسەر سیستەمی جیهانی ڕەچاو دەکرد، مەبەستمان ئەو ناوچانەیە کە ئەمریکا هەژموونی بەسەریاندا هەبوو.
لەم ڕووەوە ناکرێ هەرێمی كوردستان فەرامۆش بکرێ، کە لە ئایندەدا کاریگەری دەبێ لەسەر سەقامگیریی بازاڕەکانی وزە و سیستەمی ئابووریی جیهان.
هەر تێكچوونێ لە بواری ئابووریی نێودەوڵەتی ڕوو بدات، کاریگەریی خراپی دەبێ بەسەر هەموو وڵاتانی جیهان، بۆیە ناکرێ پەیوەندیی دوولایەنەی وڵاتێکی زلهێزی وەکو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تەنها لە ڕوانگەی قازانج و زەرەری هەنووکەیی لێك بدرێتەوە، بەڵکو پێویستە دیدگایەکی دوورمەودای ستراتیژ هەبێ.
ئەگەر ئەم دیدگایە ڕاست نەکرێتەوە، ئەوا بە دڵنیاییەوە ئەمریکا بۆ ڕێبەریکردنی سیستەمی نوێی جیهانی خۆی لە بەردەم تەڵەی زۆر دەبینێتەوە.

 




دوایین هەواڵەکان

فازڵ میرانی: پارتی به‌ سه‌رۆكایه‌تیی سه‌رۆك بارزانی دوو ئه‌ركی له‌ ئه‌ستۆدایه‌

THURSDAY, 25 APRIL 2024 21:04:43

ھەولێر-KDP.info- به‌رپرسی ده‌سته‌ی كارگێڕیی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، پارتی به‌ سه‌رۆكایه‌تیی سه‌رۆك بارزانی له‌م هه‌لومه‌رجەدا دوو ئه‌ركی له‌ ئه‌ستۆدایه‌، ده‌شڵێت، ده‌بێت ئه‌مڕۆ بپارێزن بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رفرازییه‌كانی دوێنێ به‌رده‌وام بن.

 
شێروان دوبەردانی" ھەندێ لایەن لە نەینەوا دەیانەوێ زێدەڕۆیی بکەنە سەر مافەکانی کورد و پارتی"

THURSDAY, 25 APRIL 2024 20:04:44

نەینەوا -KDP.info- پەرلەمانتارێکی پارتی دەڵێت، ھەندێ لایەن لە نەینەوا دەیانەوێ  دەستوەردان لە پۆستە کارگێڕییەکانی نەیەنەوا بکەن و گۆڕانکاری لەو پۆستانە بکەن کە پشکی پارتی و کوردن..دەشڵێت، ئێمە بەرەنگاریان دەبینەوە.

 
مەکتەبی سیاسی پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەی (سەید مەحموود تاوەگۆزی) دەکات

THURSDAY, 25 APRIL 2024 19:04:31

ھەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەی خوالێخۆشبوو (سەید مەحموود سەید حسێن تاوەگۆزی) دەکات.

 
بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر"بڕیاری سەرۆکی حکوومەت کاریگەری لەسەر نرخی گۆشت دەبێت

THURSDAY, 25 APRIL 2024 17:04:26

ھەولێر-KDP.info-  بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر دەڵێت، نرخی گۆشت لە بازاڕەکانی هەرێم دادەبەزێت..دەشڵێت، بڕیاری سەرۆکی حکوومەت کاریگەری لەسەر نرخی گۆشت دەبێت.

 
"بابەتی لادانی سفرەکانی سەر دیناری عێراق کاتی زۆری پێویستە"

THURSDAY, 25 APRIL 2024 17:04:37

بەغدا -KDP.info-  ئەندامێکی لیژنەی ئابووری لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، لادانی سفرەکانی سەر دراوی عێراقی ھەنگاوێکی باشە و کاریگەری زۆر دەبێت لەسەر دراوی عێراقی، بەڵام بابەتێکی ئاسانیش نییە.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact