ههولێر-KDP.info- جگە لە سێ پڕۆژە ھەموو پڕۆژەکانی وەبەرھێنان لە سنووری پارێزگای ھەولێر دەستیان بە کار کردووەتەوە و بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانیش دەڵێ، ژمارەیەک داوکاری لە لایەن وەبەرھێنانی بیانییەوە بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە لە ھەرێمی کوردستان ھەیە.
سامان عارەب، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی ھەولێر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ڕەوشی وەبەرھێنان بە ھۆی باشبوونی ڕەوشی سیاسی و ئابووریی ھەرێمی کوردستانەوە گەشەی کردووە، چونکە لە ھەموو وڵاتێکی جیھان ڕووداوەکان کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر کەرتی وەبەرھێنان و بازاڕ ھەیە، لەگەڵ پەیدابوونەوەی جووڵەی بازاڕ ھاوکارمان دەبێت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی کەرتی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان."
بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی ھەولێر دەڵێت: "زۆربەی کێشەکانی وەبەرھێنان، ئەوانەی ساڵانی ڕابردوو، چ ئەوانەی بە ھۆی دابەزینی بازاڕ و پابەندنەبوونی وەبەرھێنەرانەوە بێت، چ ئەوانەی بە ھۆی شەڕی بەرەنگاریی داعش و قەیرانی داراییەوە کارکردن تێیاندا وەستابوو ئێستا زۆربەیان دەستیان بە کار کردووەتەوە، تەنیا دوو تا سێ پرۆژە ماوە، ئەوانیش لە ئایندەیەکی نزیکدا دەست بە کارەکانیان دەکرێت."
سامان عەرەب ڕوونی کردەوە: "ئێمە بەردەوامین لەسەر لێپرسینەوە لەو کەسانەی کەمتەرخەمن لە تەواوکردنی پڕۆژەکانیان، ھەر وەبەرھێنەرێک پابەندی گرێبەستەکەی نەبووبێت ئەوە داوای یاساییی لەسەر تۆمار کراوە و دراونەتە دادگا، ماوەکانی ڕابردوو بەشێک لەوانە دەستگیر کران، ئەوانەیشی ماون لێپرسینەوەی یاسایی بەرامبەریان دەگرینە بەر و دۆسیەی ژمارەیەک وەبەرھێنەر ئێستا لە دادگایە بۆ یەکلاکردنەوە."
لەبارەی ھاتنی وەبەرھێنەری بیانییەوە سامان عەرەب گوتی: "ژمارەیەک کۆمپانیای بیانی پڕۆپۆزەلیان پێشکەش بە وەبەرھێنان کردووە بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی وەبەرھێنان، بەتایبەتی کۆمپانیای ئەورووپایی نیازی وەبەرھێنانیان ھەیە لە ھەرێمی کوردستان و بڕیارە لە کەرتی وەبەرھێناندا بەشدار بن."
قائید میرۆ