هه‌ولیر-KDP.info- نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆزی كه‌نه‌دا له عێراق، پرسی پێكهێنانی حكوومه‌تی هه‌رێم، ڕه‌وش و ڕۆڵی ئافره‌تان، هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و كه‌نه‌دا و به‌ره‌وپێشبردنیان و دۆخی ناوچه‌كه‌یان، خسته به‌ر باسه‌وه.
سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 21/11/2018، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له پۆل گیبارد باڵیۆزی كه‌نه‌دا له عێراق و خاتوو نانسی بێرگیرۆن سه‌رۆكی نووسینگه‌ی كه‌نه‌دا له هه‌ولێر و شاندێكی یاوه‌ریان كرد.
له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا گیبارد خۆشحاڵیی خۆی به سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان و ڕۆڵی هه‌رێمی كوردستان له شه‌ڕی داعش و حه‌واندنه‌وی ژماره‌یه‌كی زۆری ئاواره و په‌نابه‌رانی ده‌ستی تیرۆر ده‌ربڕی و پوخته‌یه‌كه‌ی ده‌رباره‌ی به‌رنامه و چالاكی و هاوكارییه‌كانیان بۆ عێراق و هه‌رێمی كوردستان خسته ڕوو، هه‌روه‌ها دووپاتی كرده‌وه كه كه‌نه‌دا به بایه‌خه‌وه سه‌یری یه‌كسانیی جه‌نده‌ری، به‌شداریی كارای ئافره‌ت له جومگه‌كانی بڕیار و پرسی حوكمڕانی و لامه‌ركه‌زییه‌ت ده‌كات.
لای خۆیه‌وه سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان پوخته‌یه‌كی ده‌رباره‌ی ڕه‌وشی ئه‌مڕۆ و قۆناغی نوێی دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان و كردنه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێ له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا خسته ڕوو و تیشكی خسته سه‌ر قۆناغی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش و پشتیوانیی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی به سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌مه‌ریكا و ڕۆڵی كه‌نه‌دای له‌مباره‌یه‌وه به‌رز نرخاند.
تاوتوێكردنی دۆخی ئاواره و په‌نابه‌ران، پرسی پێكهێنانی حكوومه‌تی هه‌رێم، هه‌نگاوه ئه‌رێنییه‌كانی هه‌رێمى كوردستان ده‌رباره‌ی ڕه‌وش و ڕۆڵی ئافره‌تان، په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و كه‌نه‌دا و به‌ره‌وپێشبردنیان و دۆخی ناوچه‌كه به‌گشتی، لایه‌نێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه بوو.