Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
THU, 25 APR 2024 05:02 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

میدیای ئازاد و رەخنەگر، فاكتەری چەسپاندنی پرەنسیپەكانی دیموكراسییە
| KDP.info


بەهادین جەلال
زۆر كەس پێی وایە كە ئەگەر راگەیاندن یان بە واتا باوەكەی(میدیا) بە هەموو جۆرەكانیەوە(خوێنراو و بیستراو و بینراو) لە دەستی دەسەڵاتدا بێت، ناتوانێت لە خەم و ئازارەكانی خەڵك نزیك بێت و ئاوێتەی خواست و ئاواتەكانیان بێت و  داكۆكی لە ماف و پێداویستییەكانیان بكات، بەڵام ئەمە مەرج نییە سەد لە سەد راست بێت، لە زۆر وڵاتانی دنیادا ئەزموونی رۆژنامەگەری بە تایبەتیش لە وڵاتانی تازەپێگەیشتوو دەخرێتە ژێر پرسیارەوە، ئەویش ئەوەیە كە دەگوترێت راگەیاندن سیاسەت و بۆچوون و بەرنامەی دەوڵەت و دەسەڵات بەرجەستەدەكات و دەبێتە ئاوێنەی ئەو دەوڵەتەو خۆی لە بەرپرسیارێتیی مۆراڵی و نیشتمانپەروەری بەدووردەگرێت، تەنیا ئەوەی كە دەسەڵات مەبەستییەتی جێبەجێی دەكات و لەم سنوورە لانادات، ئەوەی زۆر لە وڵاتانی تازەپێگەیشتوو پێوەی دەناڵێنێت بنیادنانی ژێرخانی میدیای ئازادو جدییە، چونكە گەر سەرنج بدەین لەم خاڵەو هەڵوەستەی لەسەر بكەین دەگەینە ئەو راستییەی كە كاتێ كۆمەڵگە هەوڵدەدات بنەماكانی پرۆسەی دیموكراسی و فەراهەمكردنی ئازادییەكان بچەسپێنێت، ئەوا میدیا پشتگوێ دەخرێت، كەواتە لێرەدا رۆڵی رێكخراوە ناحكومییەكان و خاوەن سەرمایەكان دێتە ئاراوەو كاریگەریی راستەوخۆیان بۆسەر قۆرخكردن و ئیدارەدانی میدیا دەبێت، ئەمە سەرباری ئەوەی ئەگەر هاتوو لە یەكێك لەو وڵاتانە فرەحزبی باوی هەبوو، ئەوا كێشەكە زیاتر قووڵدەبێتەوەو ئەو كاتە راستەوخۆ میدیا دەبێتە گوزارشتكار لە بیروبۆچوون و فیكری ئەو حزبانە.    
لەم روانگەوە ئەگەر سەرنج بدەین كە لەم دۆخەدا كاری سەرەكیی میدیا دەبێتە زمانحاڵی حزبی و حكومی و بە یەكجاری لە گرنگیدان بە گواستنەوەی گرفت و داخوازییەكانی جەماوەر دووردەكەوێتەوە، واتا  دەبێتە هاریكاری هەموو دامەزراوەكانی دەوڵەت بەدەسەڵاتەكانی (یاسادانان، جێبەجێ كردن، دادوەری)یەوە، ئەمە پێمان دەڵێت كە میدیا دەكەوێتە ژێر رەخنەوە لەلایەن خودی كۆمەڵگاوە، چونكە ئەوەی كە لە وڵاتانی تازەپێگەیشتوو یان جیهانی سێیەم بە گشتی باوە كە (ئەگەر لەگەڵم نەبیت، كەواتە تۆ دژی منی)، ئەمە بە تەواوی پێچەوانەی هەموو رێسا و بنەماكانی ئازادیی تاكەسی و مافی مرۆڤ و دیموكراسییە، لێرەدا بەرژەوەندیی تایبەت رۆڵی نەرێنی دەگێڕێت لە پێكانی ئەو ئامانجە پیرۆزانەی كە میدیا هەوڵی وەدیهێنانیان دەدات، خودی میدیا توانای بەرچاوی هەیە لە دروستكردنی دیالۆگ لەنێوان دامەزراوەكانی حكومەت و تاك و ڕێكخراوەكانی مەدەنی، بەڵام ئەگەر هاتوو ئەو میدیایە سەربەخۆ بێت، واتا بتوانێت بچێتە نێو وردەكارییەكانی سەرجەم ئەو كێشەو داخوازییانەی كە كۆمەڵگە هەیەتی، بۆیە لەنێو پرۆسەی دیموكراسیدا كە هەموو دەوڵەت و كۆمەڵگاكانی دنیا وەك دروشم شانازی پێوە دەكەن، دەستەبەركردنی ئازادیی رادەربڕین و گوزارشتكردن لە ئازادییە گشتییەكان لەپێشەوەی كاری میدیادا دێت، چونكە ئەگەر ئەو دەزگا میدیاییانە دەستكراوە نەبن ناتوانن كاری خۆیان ئەنجام بدەن، خۆ ئەگەر بەردەوام بكەونە ژێر لێپرسینەوەو سانسۆرەوە، ئەوا بە هیچ شێوەیەك هەنگاوێك نایەنە پێشەوەو ئاوێتەی بچووكترین گرفت و داواكاریی كۆمەڵگا نابن.
پرسیارە گرنگەكە ئەوەیە ئایا لە كۆمەڵگە تازەپێگەیشتووەكاندا، یاخود باشترە بڵێین ئەو كۆمەڵگانەی كە حكومەتەكانیان لافی دیموكراسی لێدەدەن، ئایا پێویست بە بوونی میدیای ئازاد یاخود رەخنەگر دەكات؟ ئەگەر هەشبێت ئایا توانای ئەوەی هەیە كە میانڕەوبێت لەنێوان گەیاندنی داواكارییەكانی كۆمەڵگەو رێسا سنووردارەكانی دەسەڵاتدا؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە، پێویستە ئاماژە بە خاڵێكی گرنك بكرێت كە میدیای ئازادو رەخنەگر هەرگیز نابێتە لایەنگری ئۆپۆزسیۆن، هەروەها دژایەتیی حكومەتیش ناكات، بەڵكو واقیعەكە بە دیدێكی راستگۆیانەی هەستپێكراوی نیشتمانی دەبینێت، ویژدان و پیشەیی و راستگۆیی دەكاتە پێوەر بۆ برەودان بە كاری پڕۆفیشناڵانەو پارێزگاری لە ناوبانگ و ئیتكی كاری رۆژانەی خۆی دەكات،  لەناو بازنە گشتییەكەشدا لێپرسینەوە لە هەردووكیان دەكات، نابێ ئەوەش لەیادبكەین كە زۆر جار حكومەت خۆی لە دەزگاكانی میدیا دووردەخاتەوە، بەتایبەتیش ئەگەر كەمتەرخەم بێت بەرامبەر داواكارییەكانی جەماوەر یان گوێ بە بەرژەوەندیی گشتی نەدات، دواجار نابێت بۆشاییەكی گەورە لەنێوان میدیای ئازادو جیدی و حكومەت بوونی هەبێت، بەڵام چونكە ئەگەر هەموو لایەك بڕوای بەو پرەنسیپە دیموكراسییانە هەبێت دەبێت ئەوە رەچاوبكات كە  ئەم قۆناغە وا دەخوازێت لێك نزیكبوونەوەو تێگەیشتنێكی دوولایەنە هەبێت، بەو مانایەی كە حكومەت لەو ڕاستییە بگات كە بەبێ بوونی میدیای رەخنەگرو ئازاد بنەماكانی پرۆسەی دیموكراسی ناچەسپێن، لەبەرامبەریشدا پێویستە میدیاكاران بزانن كە ئەوەی مەبەستیانە لە رەخنەگرتن و خستنەڕووی داواكاری و كێشەكانی جەماوەر،  هەوڵدانە بۆ وەدیهێنانی ئەو داواكارییانەو چارەسەركردنی كێشەكان بەرێگەی لێكتێگەیشتنی نێوان هەردوو لا، بۆیە ئەگەر بۆشایی لەنێوان میدیاو حكومەتدا بێتەئاراوە، ئەو كاتە كلتووری دیموكراسی و پرەنسیپەكانی مافی مرۆڤ پشتگوێ دەخرێن و لاواز دەبن،  هاوكات میدیای ئازاد و رەخنەگر و جیددی بەخستنەڕووی هەموو زانیارییەكان وەك خۆیان بۆ كۆمەڵگا و بەتێگەیشتن لەگەڵ حكومەتدا دەتوانن متمانە بەدەست بهێنن و پارێزگاری لەم  هاوكێشەیە بكەن.




دوایین هەواڵەکان

وەزارەتی ناوخۆ ئاگادارییەك ئاراستەی ئەو ئەفسەر و كارمەندانە دەكات

THURSDAY, 25 APRIL 2024 00:04:55

ھەولێر-KDP.info- وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاگادارییەك ئاراستەی ئەو ئەفسەر و كارمەندانە دەكات كە بی مۆڵەتی خوێندن بڕوانامەیان بەدەست هیناوە و تاوەكوو ئێستا بۆیان هەژمار نەكراوە.

 
ھەرێمی کوردستان بەشداری لە دیداری ئەبوزەبی بۆ وەبەرھێنان دەکات

WEDNESDAY, 24 APRIL 2024 19:04:39

ھەولێر -KDP.info- دەستەی گشتی وەبەرھێنان بەشداری لە سێزدەمین دیداری وەبەرھێنان لە ئەبوزەبی دەکات و سەرۆکی دەستەی گشتی وەبەرھێنانیش دەڵێ، ھەرێمی کوردستان بۆ جاری یەکەمە بەشداری لە دیدارەکە دەکات.

 
ئەنجومەنی وەزیران: بەپێی یاسا بەرکارە فیدڕاڵییەکان، بەشی بەغدا لە داهاتی نانەوتی هەرێم دەخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی فیدراڵ

WEDNESDAY, 24 APRIL 2024 19:04:56

ھەولێر-KDP.info-  ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی نیسانی 2024، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

 
مەحموود محەممەد: وەک پارتی لەگەڵ سیستەمی هەڵبژاردن و ڕێگریی لە بەشداریی پێکهاتەکان، کۆک نەبووین

WEDNESDAY, 24 APRIL 2024 18:04:37

مەحموود محەممەد: وەک پارتی لەگەڵ سیستەمی هەڵبژاردن و ڕێگریی لە بەشداریی پێکهاتەکان، کۆک نەبووین

 
راوێژکارێکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان: ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کاریگەری ھەبووە"

WEDNESDAY, 24 APRIL 2024 17:04:54

ھەولێر-KDP.info- دوای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کرانەوەیەک ھەیە لەنێوان ھەرێم و بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێم و دەنگەکانی کورد لە کەرکووک و نەینەوا و خانەقین گۆڕانکاریان پەیداکردوە. 

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact