هەولێر-KDP.info- ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ى فه‌رمانیان پێ بوو به‌ره‌نگارى له‌شكركێشیى سوپا و حه‌شد ببنه‌وه، دواى شه‌كه‌تى و شه‌ونخوونییه‌كى زۆر، حه‌سره‌تیان هه‌ڵده‌كێشا و به به‌رچاوى كامێراكانه‌وه به گریانه‌وه ده‌یانگوت "كه‌ركووكیان فرۆشت" و "خیانه‌تیان كرد"، ئێستا كه ساڵێك به‌سه‌ر ئه‌و رووداوانه تێپه‌ڕ ده‌بێت، هێشتا لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كى هه‌مه‌لایه‌ن و بێلایه‌نانه سه‌باره‌ت به راده‌ستكردنى كه‌ركووك و پاشه‌كشێى هێزى پێشمه‌رگه له كه‌ركووك نه‌كراوه.
ساڵێك تێده‌په‌ڕێت و رۆژ له دواى رۆژ لێكه‌وته و شوێنه‌واره‌كانى "خیانه‌تى" شازده‌ى ئۆكتۆبه‌ر، برینى گه‌وره له‌سه‌ر دڵى كه‌ركووكییه‌كان و كوردستان درووست ده‌كات. هێشتا خه‌ڵكى كوردستان وه‌ڵامى ئه‌و پرسیاره‌یان ده‌ست نه‌كه‌وتووه‌ته‌وه، كه هه‌ر به راست "كاڵفام و هه‌رزه‌كار" به‌سه بۆ وه‌سفى ئه‌و كاره‌كته‌رانه‌ى له پشت خیانه‌ته‌كه‌وه بوون، یان پێویسته ئه‌وان رووبه‌ڕووى دادگاى خه‌ڵك بكرێنه‌وه و وه‌ك"خیانه‌تكار" ناویان له مێژووى نوێى كورددا تۆمار بكرێت.
هه‌لومه‌رجى بابه‌تیانه‌ى به‌ر له شازده‌ى ئۆكتۆبه‌ر
سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانى، به روونى ئه‌وه‌ى به گوێى جیهاندا دا، كه ئه‌وه‌ى ئه‌فسانه‌ى داعشى تێك‌شكاند، هێزى پێشمه‌رگه بوو، ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه نه‌بوایه، سوپا و میلیشیاكانى حه‌شد نه‌یانده‌توانى هێڵى به‌رگرى داعش له مووسڵ بشكێنن.
هه‌ڵكشانى تواناى لۆجستیى پێشمه‌رگه به هۆى ئه‌و یارمه‌تیانه‌ى له هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى دژى داعشه‌وه پێى ده‌گه‌یشت و هه‌ڵكشانى تواناى شه‌ڕكردنى به هۆى ئه‌و ئه‌زموونه‌ى له سێ ساڵى شه‌ڕى دژ به داعش به ده‌ستی هێنابوو، ببووه جێى مه‌ترسیى به‌غدا و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش حكوومه‌تى عێراق هه‌وڵه‌كانى خستبووه گه‌ڕ، تا رێگرى له پڕچه‌ككردنى پێشمه‌رگه بكات و له رووى ماددیشه‌وه هیچ هاوكارییه‌كى بۆ پێشمه‌رگه نه‌ده‌نارد.
له رووى دیپلۆماسییه‌وه، هه‌رێمى كوردستان هه‌نگاوى گرینگى هه‌ڵهێنابوو. هه‌ولێر و خودى باره‌گاى سه‌رۆك بارزانى له میحوه‌ره‌كانى شه‌ڕ ببوونه وێستگه‌یه‌كى گرنگى سه‌ردان و هاموشۆى دیپلۆماتكارانى بیانى و نوێنه‌رانى وڵاتانى زلهێز به سه‌رۆككۆمارى وڵاتانیشه‌وه، له‌وانه سه‌رۆكى فه‌ره‌نسا.
له رووى ئابوورییه‌وه، ئه‌گه‌ر چى له 2014ــ‌وه به‌غدا بودجه و مووچه‌ى هه‌رێمى كوردستانى بڕى بوو، هاوكات نرخى نه‌وت داشكابوو، به‌ڵام هه‌رێمى كوردستان توانى خۆڕاگر بێت به‌رامبه‌ر به‌و قه‌یرانه داراییه و جومگه گرینگ و هه‌ستیاره‌كانى هه‌رێمى كوردستان به تایبه‌تى كه‌رتى ئاسایش و سه‌قامگیرى به پارێزراوى مانه‌وه.
له رووى جوگرافیاى سیاسییه‌وه، هه‌رێمى كوردستان توانیبووى قووڵاییه‌كى ستراتیژى بۆ هه‌ولێرى پایته‌خت درووست بكات و هێزى پێشمه‌رگه له رۆژئاواى هه‌ولێره‌وه، سه‌رجه‌م ناوچه كوردستانییه‌كانى سه‌ر به پارێزگاى مووسڵى رزگار كردبوو، ته‌نانه‌ت گه‌یشتبووه نزیك سه‌نته‌رى پارێزگاكه. له باشووریشه‌وه، كه‌ركووكى به ته‌واوى كۆنترۆڵ كردبوو و هێزى پێشمه‌رگه تا باشوورى شاره‌كه به تایبه‌تى ناوچه كوردستانییه‌كانى باشوورى كه‌ركووكى كۆنترۆڵ كردبوو.
پاشماوه‌ى شه‌ڕى داعش و حه‌ویجه
ئه‌وه‌ى بۆ كورد ببوه جێى مه‌ترسى و به‌رپرس و فه‌رمانده‌كانى پێشمه‌رگه له باره‌یه‌وه هۆشدارییان ده‌دا، به‌جێهێشتنى حه‌ویجه بوو له بن ده‌ستى داعش و په‌لكوتان بوو بۆ كۆنترۆڵكردنى مووسڵ.
شاره‌زا سه‌ربازى و ئه‌منییه‌كانى پێشمه‌رگه دركیان به‌وه كردبوو، مه‌به‌ستى حه‌یده‌ر عه‌بادى له به‌جێهێشتنى حه‌ویجه و رووكردنه مووسڵ هێشتنه‌وه‌ى بیانوویه‌ك بوو بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى سوپا به‌ره‌و كه‌ركووك و گۆڕینى هاوسه‌نگى سه‌ربازى له شاره‌كه به پاساوى رزگاركردنى حه‌ویجه.
ریفراندۆم
هاوكات له‌گه‌ڵ په‌ره‌سه‌ندنه ئه‌منى و سه‌ربازییه‌كاندا له هه‌رێمى كوردستاندا خواستى سه‌ربه‌خۆیى و ئه‌نجامدانى ریفراندۆم وه‌ك رێگه‌یه‌ك بۆ دیاركردنى چاره‌نووسى سیاسیى هه‌رێم و مانه‌وه له عێراق تا ده‌هات زیاتر ده‌بوو، به تایبه‌تى دواى ئه‌وه‌ى سه‌رۆك بارزانى به ئاشكرا رایگه‌یاند، كار بۆ ئه‌نجامدانى ریفراندۆم ده‌كات و ده‌یه‌وێت كورد چاره‌نووسى خۆى له‌م سه‌ده نوێیه‌دا به ده‌ستى خۆى بنووسێته‌وه.
بۆ ئاماده‌كارییه‌كانى سه‌رخستنى پرۆسه‌ى ریفراندۆمى سه‌ربه‌خۆییى كوردستان، سه‌رۆك بارزانى له ناوخۆى هه‌رێم، ده‌ستی كرد به كۆكردنه‌وه‌ى لایه‌نه سیاسییه‌كان و ئه‌نجوومه‌نى باڵاى ریفراندۆم دامه‌زرا. له ئاستى ده‌ره‌وه‌ش شاندێكى ئه‌نجوومه‌نه‌كه ره‌وانه‌ى به‌غدا كران و شاندێكیش به سه‌رۆكایه‌تیى خودى سه‌رۆك بارزانى روویان له په‌رله‌مانى ئه‌ورووپا كرد بۆ روونكردنه‌وه‌ى هه‌ڵوێستى هه‌رێمى كوردستان و هۆكاره بابه‌تییه‌كانى ئه‌نجامدانى ریفراندۆم.
بابه‌تى ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیى كه سه‌رۆك بارزانى رابه‌رایه‌تیى ده‌كرد، له میدیاى جیهانییدا كاردانه‌وه‌ى یه‌كجار زۆرى به‌دواى خۆیدا هێنا و بووه پرسى رۆژ و سه‌ره‌كى گه‌شته‌كانى هه‌واڵ و، یه‌كه‌مجار بوو به‌و فراوانییه كه‌ناڵ و رۆژنامه و میدیاى وڵاتانى رۆژئاوا و هه‌رێمایه‌تى به‌و جۆره پرسى سه‌ربه‌خۆیى و ریفراندۆم بخه‌نه‌ڕوو، كه هۆشیارییه‌كى گشتی له ڕای گشتیى وڵاتان سه‌باره‌ت به پرسى سه‌ربه‌خۆییى كوردستان درووست كرد.
وروژاندنى پرسى سه‌ربه‌خۆیى به نه‌خشه نوێیه‌كه‌ى هه‌رێمى كوردستانه‌وه، وڵاتانى دراوسێیشى نیگه‌ران كردبوو، به‌ڵام هه‌موویان كاردانه‌وه‌یان له یه‌ك ئاستدا نه‌بوو. هه‌وڵه‌كان به‌و ئاراسته‌یه بوون، كه چاوه‌ڕوانى كاركانه‌وه‌ى یه‌كدى بكه‌ن.
كه‌رنه‌ڤاڵه‌كانى ریفراندۆم
سه‌رۆك بارزانى له ناوخۆى كوردستان هه‌ڵمه‌تێكى كۆكردنه‌وه‌ى پشتگیرى جه‌ماوه‌رى ده‌ستپێكرد و له سه‌رجه‌م شاره گه‌وره‌كان كه‌رنه‌ڤاڵى گه‌وره‌ى پشتیوانى ئه‌نجام دران و سه‌رۆك بارزانى له وتاره‌كانیدا جه‌ختى له‌سه‌ر ئه‌نجامدانى پرۆسه‌كه ده‌كرده‌وه. ئه‌مه له كاتێكدا بوو، كه به‌شێكى یه‌كێتى له‌و هه‌وڵانه دڕدۆنگ بوون و گرووپێكیش له سلێمانى داوایان له خه‌ڵك ده‌كرد ده‌نگ نه‌ده‌ن بۆ سه‌ربه‌خۆیى وڵاته‌كه‌یان.
كه‌ركووك و ریفراندۆم
به‌رپرسانى یه‌كێتى له كه‌ركووك به‌سه‌ر دوو به‌ره‌ى به‌ڵێ و نه‌خێر دابه‌ش ببون. دواین بڕیارى ئیداره‌ى پارێزگاكه، ئه‌نجامدانى پرۆسه‌كه بوو له شاره‌كه. كه به درێژاییى مێژوویى لكاندنى ویلایه‌تى مووسڵ به عێراقى عه‌ره‌بییه‌وه ئه‌وه یه‌كه‌م راپرسیى سه‌رتاسه‌رى و به‌رفراوان بوو ئه‌نجام بدرێت به مه‌به‌ستى وه‌رگرتنى راى كورد سه‌باره‌ت به مانه‌وه له عێراقى عه‌ره‌بیدا. چونكه ئه‌و راپرسییه‌ى له ده‌یه‌ى بیسته‌كانى سه‌ده‌ى رابردوو كۆمه‌ڵه‌ى گه‌لان ئه‌نجامى دابوو، سه‌رتاسه‌رى نه‌بوو و ته‌نیا چه‌ند ناوچه‌یه‌كى دیاریكراوى ویلایه‌تى مووسڵى گرتبوویه‌وه.
25ـى ئه‌یلوول خه‌ڵكى كوردستان چوونه سه‌ر سندووقه‌كانى ده‌نگدان و به رێژه‌ى زیاتر له 93 له سه‌د ده‌نگیان بۆ سه‌ربه‌خۆییى كوردستان دا.
به ئه‌نجامدانى پرۆسه‌ى ریفراندۆم گوشاره سیاسى و ئابوورییه‌كانى سه‌ر هه‌رێمى كوردستان زیاتر بوون. به‌شێك له به‌رپرسانى یه‌كێتى له شارى به‌غدا بوونه ده‌مڕاستى نه‌یارانى سه‌ربه‌خۆییى كوردستان و دیارترین ئه‌و به‌رپرسانه، ئاڵا تاڵه‌بانى ئه‌ندامى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق بوو، كه به‌رده‌وام دژى هه‌رێمى كوردستان و پرۆسه‌ى سه‌ربه‌خۆییى كوردستان ده‌وه‌ستایه‌وه.
كاردانه‌وه‌كان
له عێراقدا رۆژى 27ى ئه‌یلوولى 2017 ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق به په‌له كۆبوویه‌وه و ژماره‌یه‌ك بڕیارى له دژى هه‌رێمى كوردستان ده‌ركرد. یه‌كێك له‌و بڕیارانه گێڕانه‌وه‌ى كه‌ركووك و ناوچه دابڕاوه‌كان بوو بۆ ژێر كۆنترۆڵى سوپا.
هاوكات حه‌یده‌ر عه‌بادى، سه‌رۆكوه‌زیرانى عێراق ژماره‌یه‌ك بڕیارى بۆ سزادانى هه‌رێمى كوردستان ده‌ركرد، له سه‌روویانه‌وه داخستنى ئاسمانى هه‌رێمى كوردستان و راگرتنى گه‌شتى فڕۆكه‌وانى و ده‌روازه سنوورییه‌كان بوو.
جموجۆڵه‌كانى سوپا و حه‌شدى شه‌عبیش به ئاراسته‌ى كه‌ركووك و ناوچه كوردستانییه رزگاركراوه‌كان ده‌ستپێكرد.
عه‌بادى وه‌ك هه‌وڵێك بۆ مانه‌وه‌ى له پۆستى سه‌رۆكى وه‌زیران و به‌ده‌ستهێنانى پشتیوانیی زیاتر پرسى دژایه‌تیى كورد و خواستى سه‌ربه‌خۆییی كوردستانى كرده یه‌كێك له ئه‌جێنداكانى بانگه‌شه بۆ سه‌ركه‌وتنى له‌و پرۆسه‌یه‌ى هه‌ڵبژاردن كه له دواى حه‌وت مانگ له ریفراندۆم چاوه‌ڕێى ده‌كرد.
له ئاستى هه‌رێمایه‌تى گوشاره سیاسییه‌كان له‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستان زیاتر بوون و وڵاتانى هه‌رێمایه‌تى پشتیوانی‌یان بۆ یه‌كپارچه‌ییى عێراق و هه‌نگاو و رێككاره‌كانى عه‌بادى له دژى هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى.
له وڵاتانى رۆژئاواییشدا، رووى ره‌خنه‌كان له‌سه‌ر خواستى سه‌ربه‌خۆییى كوردستان نه‌بوون، بارته‌قاى ئه‌وه‌ى پرسیار و نیگه‌رانییان سه‌باره‌ت به واده‌ى ئه‌نجامدانى پرۆسه‌كه هه‌بوو، به‌ڵام سه‌ره‌نجام كۆك بوون له‌سه‌ر مانه‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان وه‌ك قه‌واره‌یه‌كى سیاسى كه له ده‌ستوورى هه‌میشه‌ییى عێراقدا پێناسه‌ى كراوه.
په‌یامى ئه‌مه‌ریكا
یه‌كه‌م نامه‌ى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ئه‌وه بوو، كه ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ مانه‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستانێكى به‌هێزه و پێویسته ده‌ستوور جێبه‌جێ بكرێت. هاوكات وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا سه‌رنجى ئۆپۆزسیۆنى ناوخۆیشى راكێشا، كه ئه‌مه‌ریكا كار له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى حكوومه‌ت و جێگره‌كه‌ى ده‌كات و متمانه‌ى پێیان هه‌یه. وه‌ك وه‌ڵامێك بۆ ئه‌و لایه‌نانه‌ى داواى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى حكوومه‌ت و دامه‌زراندنى حكوومه‌تێكى كاتیان ده‌كرد.
په‌رته‌وازه‌ییى یه‌كێتى
كاردانه‌وه ناوخۆیى و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان هاوكات بوون له‌گه‌ڵ گه‌شه‌كردنى ئاستى ململانێ ناوخۆییه‌كانى یه‌كێتى، كه وه‌ك ئه‌وه‌ى له میدیاكانى خودى یه‌كێتى و میدیاى كوردى و عێراقیدا ده‌رده‌كه‌وت، به دوو ئاراسته‌ى جیادا خه‌ریكى سیاسه‌ت بوون، ئاراسته‌یه‌كى رووى له هه‌ولێر و ئاراسته‌یه‌كیشى رووى له به‌غدا بوو.
یه‌كێتییه‌كان بۆ خۆیشیان دۆش داماو بوون و نه‌یانده‌توانى روونى بكه‌نه‌وه، كه چۆن له ئێواره‌یه‌كى دره‌نگى به‌ر له ریفراندۆم بافڵ تاڵه‌بانیى كوڕى جه‌لال تاڵه‌بانى له رێى فه‌یسبووكه‌وه په‌یامێك بڵاو ده‌كاته‌وه و ده‌ڵێت: "ریفراندۆم ناكرێت". هه‌ر ئه‌ویش دواى ریفراندۆم نامه‌یه‌كى به زمانى ئینگلیزى بڵاو كرده‌وه و تێیدا ئاراسته‌ى خۆى به‌ره‌و به‌غدا یه‌كلا كرده‌وه.
كۆبوونه‌وه‌ى دووكان
ئێواره‌ى به‌ر له شازده‌ى ئۆكتۆبه‌ر، مه‌كته‌بى سیاسیى پارتى و یه‌كێتى له دووكان كۆ بوونه‌وه. سه‌رۆك بارزانى ئاماده‌ى كۆبوونه‌وه‌كه بوو. یه‌كێتییه‌كان به‌ڵێنیان دابوو، پابه‌ند ده‌بن به بڕیارى سه‌ركردایه‌تیى سیاسیى كوردستانه‌وه.
ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه دواى ئه‌وه هات، كه له سه‌ره‌تاى مانگى ئۆكتۆبه‌ره‌وه جموجۆڵى سوپا و حه‌شد به‌ره‌و كه‌ركووك به وردى هه‌ستى پێكرابوو.
پێشمه‌رگه و حه‌شد به‌ره‌و رووى یه‌ك بوون
هه‌ر خودى وه‌ستا ره‌سووڵ فه‌رمانده‌ی میحوه‌ری چواری باشووری كه‌ركووك رۆژى 13ى ئۆكتۆبه‌ر له لێدوانێكى رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاندبوو، "هێزی پێشمه‌رگه و حه‌شدی شه‌عبی به‌رامبه‌ر به یه‌ك به پڕچه‌كی وه‌ستاوین".
وه‌ستا ره‌سووڵ راشیگه‌یاندبوو، "دوو هێز به‌رامبه‌ر به‌یه‌ك وه‌ستاون و كه‌سیان ئه‌وی دیكه‌یانی خۆش ناوێت، پڕیشكێكی بچووك ئاگره‌كه گه‌وره ده‌كات و ئه‌گه‌ر هه‌یه شه‌ڕ دروست بێت له‌نێوان هێزی پێشمه‌رگه و حه‌شدی شه‌عبیدا".
ئه‌گه‌رى روودانى شه‌ڕ له ئان و ساتدا بوو. هه‌ڕه‌شه‌كانى سه‌ر هێڵى به‌رگریى پێشمه‌رگه تا ده‌هات زیاتر ده‌بوون. ئه‌م قسانه‌ى وه‌ستا ره‌سووڵیش دواى ئه‌وه هاتن، كه رۆژێك پێشتر هێزه‌كانى یه‌كێتى به سه‌رپه‌رشتیى خودى وه‌ستا ره‌سووڵ چه‌ندین ناوچه‌ى ستراتیژى و هێڵى گرنگى به‌رگرییان بۆ میلیشیاكانى حه‌شد و سوپاى به‌جێهێشتبوو.
پیلانگێڕییه‌ك له ئارادابوو
هۆشدارییه‌كان سه‌باره‌ت به كه‌ركووك و چاره‌نووسى ره‌وشى سه‌ربازى ناوچه‌كه تا ده‌هات زیاتر ده‌بوو، به تایبه‌تى كه شاره‌زایان هۆشداریان له باره‌ى پیلانگێڕییه‌كى نێوده‌وڵه‌تى دژى كورد ده‌دا.
رۆژى 13ى ئۆكتۆبه‌ر، ئازاد جوندیانى له ستۆدیۆى كوردستان24 گوتى: ئه‌وه‌ى له كه‌ركووك روو ده‌دات، حه‌شدى شه‌عبى نییه، ده‌وڵه‌تى عێراق نییه، ئه‌مه گه‌له‌كۆمه‌كێیه‌كه لانی كه‌م عێراق به وه‌كاله‌تى وڵاتێكى هاوسێ كه سیاده‌ى عێراقى له‌ژێر ده‌سته ئه‌م كارانه ده‌كات.
هه‌روه‌ها گوتى: عه‌بادییش فه‌رمان له شوێنى دیكه وه‌رده‌گرێت، ده‌بێت پرسیارى ئه‌وه بكه‌ین ئێمه له‌گه‌ڵ كێ دانوستان بكه‌ین، له‌گه‌ڵ عێراق، عه‌بادى، یان مالیكى، یاخود سه‌رچاوه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌كان.
زلێهزه‌كان ئاگادار بوون
وڵاتانى زلهێز ئاگادارى ره‌وشه‌كه بوون و رۆژى 14ى ئۆكتۆبه‌ر، كوردستان 24 بڵاوی کردەوە، ئه‌مشه‌و به شێوه‌یه‌كى چڕ فڕۆكه‌كانى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى دژى داعش به ئاسمانى ناوچه‌كه‌دا ده‌سووڕێنه‌وه.
پێشتریش، سه‌رۆكى لیژنه‌ى ئاسایش له ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك ئازاد جه‌بارى رایگه‌یاند، هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى دژى داعش رایگه‌یاندووه، هه‌ر لایه‌نێك په‌لامارى شارى كه‌ركووك بدات، وه‌ڵامى ده‌درێته‌وه و لێى ده‌درێت.
هاوكات هه‌مان رۆژ له لێدوانێكى تایبه‌تدا كه‌مال كه‌ركووكى به‌رپرسى میحوه‌رى رۆژئاواى كه‌ركووك رایگه‌یاند، چاوه‌ڕوان ده‌كرێت دواى كاتژمێر 12ى شه‌و چه‌كدارانى حه‌شد په‌لامارى پێشمه‌رگه بده‌ن.
پێشمه‌رگه ده‌ستپێشخه‌رى شه‌ڕ نه‌بوو
رۆژى 14ى ئۆكتۆبه‌ر كه‌مال كه‌ركووكى ئه‌وه‌شى ئاشكرا كرد، ئێمه له سه‌نگه‌ره‌كانى پێشه‌وه‌ین كه بۆ شه‌ڕى داعش درووستمان كردبوو، ناكشێینه‌وه و ئه‌وانیش به‌و چه‌كه‌ى بۆ شه‌ڕى داعش وه‌ریانگرتبوو، هاتوون ده‌یانه‌وێت شه‌ڕى پێشمه‌رگه بكه‌ن. سه‌باره‌ت به په‌یامى سه‌رۆك بارزانى، كه‌مال كه‌ركووكى گوتى: سه‌رۆك بارزانى پێى راگه‌یاندم كه ئێمه ده‌ستپێشخه‌رى نه‌كه‌ین و ئه‌گه‌ر ئه‌وان بێنه سه‌رمان ئێمه به‌رگرى خۆمان بكه‌ین و سڵاو و رێزى هه‌بوو بۆ سه‌رجه‌م پێشمه‌رگه‌كان.
فه‌رمانى له‌شكركێشى
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، سەعد حەدیسی، گوتەبێژی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق رۆژى 14ى ئۆكتۆبه‌رى 2017 رایگه‌یاند، هێزەکانی عێراق بە گوێرەی دەستوور دەجووڵێنەوە و بەپێی پلانێکی ئەمنی لە شوێنە دیاریکراوەکان جێگیر دەکرێن.
حەدیسی جەختی کردەوە، حکوومەتی عێراق دەیەوێت جارێکی دیکە لەو شوێنانە جێگیر ببێتەوە، کە پێش هاتنی داعش بۆ ناوچەکە تێیدا بوون.
پازده‌ى ئۆكتۆبه‌ر چىی روویدا؟
رۆژى 15ى ئۆكتۆبه‌ر، چه‌كدارانى حه‌شد له خورماتوو باره‌گاى كۆمیته‌ى یه‌كێتییان سووتاند و به كرده‌وه ده‌ستیان به په‌لاماره‌كانیان كرد بۆ سه‌ر سه‌نگه‌ره‌كانى پێشمه‌رگه.
ئێواره‌ى 15ى ئۆكتۆبه‌ر، مه‌كته‌بى سیاسیى پارتى و یه‌كێتى له راگه‌یه‌ندراوێكى هاوبه‌شدا جه‌ختیان له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر و به‌غدا به رێگه‌ى گفتوگۆ كرده‌وه.
هه‌ر هه‌مان رۆژ حكوومه‌تى عه‌بادى كوردى به هێنانى چه‌كدارانى په‌كه‌كه بۆ كه‌ركووك تۆمه‌تبار كرد و له به‌یاننامه‌یه‌كیشدا حكوومه‌تى هه‌رێم وه‌ڵامى دایه‌وه. ئه‌م هه‌وڵه‌ى عه‌بادى وه‌ك په‌یامێك بۆ توركیا هه‌ژمار كرا به‌وپێیه‌ى توركیا چاوپۆشى له له‌شكركێشییه‌كانى بۆ سه‌ر كه‌ركووك بكات به بیانووى له‌ناوبردنى په‌كه‌كه له شاره‌كه.
دره‌نگانى شه‌وى 15ى ئۆكتۆبه‌ر، كوردستان24 بڵاوی كرده‌وه، كه میلیشیاكانى حه‌شد و سوپا به‌ره‌و كه‌ركووك جووڵه‌یان پێكراوه.
هه‌ر ئه‌و شه‌وه، نه‌جمه‌ددین كه‌ریم پارێزگارى كه‌ركووك په‌یامێكى به‌په‌له‌ى بڵاو كرده‌وه و داواى له خه‌ڵكى كه‌ركووك كرد ئه‌وه‌ى تواناى چه‌ك هه‌ڵگرتنى هه‌یه ئاماده بێت بۆ به‌رگرى له شاره‌كه‌ى.
كات 10:30ى شه‌و ئه‌نجوومه‌نى ئاسایشى هه‌رێمى كوردستان له راگه‌یه‌ندراوێكدا رایگه‌یاند، میلیشیاكانى حه‌شد به‌ره‌و كه‌ركووك جووڵه‌یان پێكراوه.
دواى ئه‌و هۆشداریانه هه‌زاران گه‌نجى كه‌ركووك به چه‌كه‌وه هاتنه سه‌ر شه‌قامه سه‌ره‌كییه‌كانى شاره‌كه.
هاوكات فڕۆكه‌كانى هاوپه‌یمانیى دژى داعش چه‌ند جارێك به ئاسمانى شاره‌كه سووڕانه‌وه.
سه‌رۆك له‌سه‌ر هێڵ بوو
نیوه‌شه‌وى 15ى ئۆكتۆبه‌ر، سه‌رۆك بارزانى وه‌ك فه‌رمانده‌ى گشتیى هێزه چه‌كداره‌كانى هه‌رێمى كوردستان فه‌رمانێكى به‌په‌له‌ى ده‌ركرد و تێیدا داواى به‌رگرى له هێزى پێشمه‌رگه كرد.
وه‌زاره‌تى به‌رگرى ئه‌مه‌ریكا، له ده‌ستپێكى رووداوه‌كاندا داواى راگرتنى ئۆپراسیۆنه سه‌ربازییه‌كان و شه‌ڕى كرد.
خـــــــــیـــانـــه‌ت
به فه‌رمانى سه‌رووى خۆیان هێزه‌كانى یه‌كێتى پاشه‌كشێیان له سه‌نگه‌ره‌كانیان كرد و بۆ پڕكردنه‌وه‌ى بۆشاییى ئه‌و هێزانه، هێزێكى زێره‌ڤانى به‌ره‌و پێشه‌وه‌ى شه‌ڕ جووڵێنرا و خۆبه‌خشه‌كانیش گه‌یشتنه سه‌نگه‌ره‌كانى پێشه‌وه. به‌ڵام رێككه‌وتنى ژێربه‌ژێرى یه‌كێتى له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى حه‌شد و سوپا به سه‌رپه‌رشتیى قاسم سوله‌یمانى رێگر بوو له سه‌ركه‌وتنى به‌رگرى پێشمه‌رگه.
هێزه‌كانى یه‌كێتى له 12ى ئۆكتۆبه‌ره‌وه به بیانووى تاكتیكى له چه‌ندین قۆڵ و میحوه‌ره‌وه پاشه‌كشێیان كردبوو. كه فه‌رمانده‌كانیان پاساویان بۆ ده‌هێنایه‌وه و ره‌تیان ده‌كرده‌وه، پاشه‌كشێیان به رێككه‌وتن بووبێت.
میلیشیاكانى حه‌شد و سوپا به پێشڕه‌ویى هێزه‌كانى یه‌كێتى له رێى ده‌روازه سه‌ره‌كییه‌كانى كه‌ركووكه‌وه به‌ره‌و ناو شاره‌كه پێشڕه‌وییان ده‌كرد و پشتى زۆرێك له سه‌نگه‌ره‌كانى پێشمه‌رگه‌یان گرت و ناچار هێزى پێشمه‌رگه بۆ پاراستنى ریزه‌كانى پاشه‌كشه‌ى كرد.
به هۆى هه‌ڕه‌شه‌ى میلیشیاكانى حه‌شد و سوپاوه، ده‌یان هه‌زار هاووڵاتى كوردى كه‌ركووك به‌ره‌و سلێمانى و هه‌ولێر ئاواره بوون.
باره‌گاى سه‌رجه‌م پارته كوردییه‌كان داخرا و هه‌ڵمه‌تێكى چڕ و پڕ بۆ سڕینه‌وه‌ى مۆركى كوردیى له كه‌ركووك ده‌ستیپێكرد، كه تا ئه‌مڕۆش به‌رده‌وامه.
سه‌رۆك بارزانى: پیلانه‌كه زۆر پێش ریفراندۆم دانرابوو
سه‌رۆك بارزانى له وتارێكدا كه دواى رووداوه‌كانى شازده‌ى ئۆكتۆبه‌ر پێشكه‌شى كرد، گوتى: پیلانى داگیركردنى كه‌ركووك زۆر پێش ریفراندۆم داڕێژرا بوو، به‌ڵام هیچ كات پێشبینیمان نه‌ده‌كرد، خیانه‌تمان لێبكرێت.
دواى راده‌ستكردنى شاره‌كه، ناوه‌نده ره‌سمى و میلیشیاییه‌كانى عێراق ستایش و سوپاسى بنه‌ماڵه‌ى تاڵه‌بانى و هێزه‌كانى یه‌كێتییان كرد كه شه‌ڕیان نه‌كردوو و بوونه چاوساغى سوپا و حه‌شد بۆ گێڕانه‌وه‌ى كه‌ركووك بۆ ژێر ده‌سه‌ڵاتى به‌غدا.
رۆژى 20ى ئۆكتۆبه‌ر، میلیشیا و سوپا به‌ره‌و شارۆچكه‌ى پردێ و بازگه‌ى شێراوه‌ى پارێزگاى هه‌ولێر جووڵه‌یان پێكرا، به‌ڵام هێزى پێشمه‌رگه له پردێ به‌ره‌نگاریان بوونه‌وه و دواى سووتاندنى تانكێكى ئه‌برامزى ئه‌مه‌ریكى میلیشیاكان ناچار به پاشه‌كشێ كران.
ورده‌كارییه‌كان له زارى په‌رله‌مانتارێكه‌وه
سه‌باره‌ت به ورده‌كاریى خیانه‌ته‌كه، ئه‌ندامى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا، ئێواره‌ى 16ى ئۆكتۆبه‌رى 2017 باسى رووداوه‌كانى كرد و گوتى: رۆژى 15ى ئۆكتۆبه‌ر، كه كۆبوونه‌وه كرا له دووكان و بافڵ به‌شدار ده‌بێت له‌گه‌ڵ دایكی‌دا و بۆ ئێواره‌ش دێنه كه‌ركووك و له‌گه‌ڵ پاسدار و حه‌شد رێككه‌وتن ده‌كه‌ن و من ره‌شنووسى رێككه‌وتنه‌كه‌م لایه و هه‌ریه‌ك له ئاسۆ ئه‌ڵمانى، بافڵ تاڵه‌بانى، لاهور ده‌ستنیشان كراوون بۆ ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌سه‌ر خه‌ت بن.
پلانه‌كه‌یان ئه‌وه بوو له رێگه‌ى تازه‌خورماتوو بن و له‌وێوه رێگه بۆ حه‌شد بكه‌نه‌وه، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ى هێزه‌كه‌ى كۆسره‌ت و به‌شێك له لیواى یه‌ك چوونه ئه‌وێ، رێگه‌یان گۆڕى و له خه‌تى مریه‌م‌به‌گه‌وه ئه‌و هێزه‌یان هێنایه ژووره‌وه و پشتى له هێزه‌كه‌ى ئێمه كرد و وه‌ڵڵاهى هه‌تا ئه‌م به‌یانییه پێشمه‌رگه‌ى ئێمه شه‌ڕى ده‌كرد و حه‌شد شكابوو، به‌ڵام ئه‌وان خیانه‌تیان كرد و له رێى مه‌كته‌ب خالیده‌وه چوون كه‌یوانیان راده‌ست كردن و پشتى هێزه‌كه‌ى ئێمه‌یان گرت. هه‌تا ئه‌م به‌یانییه شه‌ڕ ده‌كرا، به‌ڵام كاتێك بینیان به ئاسانى حه‌شد له‌ناو كه‌ركووكه و دواجار له سه‌نگه‌رێكدا په‌یوه‌ندى به ئامر لیواى یه‌كه‌وه كراوه، جێگره‌كه‌ى ده‌ڵێت من هێزه‌كه‌م پاشه‌كشێ پێده‌كه‌ن و خیانه‌ته‌كه ئه‌وه‌یه پێشمه‌رگه‌ت كشاندووه‌ته‌وه و هێزى كاك كۆسره‌تیش قوربانى زۆریاندا و شه‌هیدى زۆریاندا و پێشمه‌رگه‌كانى ئێمه‌ش له لیواى یه‌ك شه‌ڕێكى سه‌ختیان كرد و هه‌تا فیشه‌كیان پێ بوو خۆیان راگرت و دواى ئه‌وه ناچار بوون بكشێنه‌وه. ئه‌مه‌ى كرا خیانه‌ت بوو. مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى و ئاڵا تاڵه‌بانى كه تێوه‌گلاوه به خیانه‌ت و ته‌نانه‌ت ئاماده‌نه‌بوو ده‌نگ به سه‌ربه‌خۆیى بدات و سه‌رقاقڵه‌ى خیانه‌ته‌كه و به‌رنامه‌داڕێژه‌رى ئاڵا تاڵه‌بانى بوو. ئه‌گه‌ر ماڵى تاڵه‌بانى ئه‌وه‌یان نه‌كردبا، ئه‌وا ئێران پێیانى راگه‌یاندبوو، ئه‌گه‌ر تا 48 كاتژمێر كه‌ركووكمان راده‌ست نه‌كه‌نه‌وه، سه‌رچاوه‌ى داهاتى یه‌كێتى كه ئاودیوكردنى نه‌وته وشك ده‌كه‌ین و ده‌روازه‌كان داده‌خه‌ین و ئه‌وانیش له پێناو پاره‌دا ئه‌و خیانه‌ته‌یان كرد.
به‌رپرسه باڵاكانى یه‌كێتى خۆیان ددانیان پێداناوه
یه‌كێتییه‌كان خۆیان پێش هه‌موو كه‌س دركیان به‌وه كردبوو، كه باڵێكى حزبه‌كه‌یان خیانه‌تى كردووه. چونكه ئه‌و باڵه خیانه‌تكاره نه‌یانشاردووه‌ته‌وه كه خیانه‌تیان كردووه و له‌و باره‌یه‌وه رۆژى 18ى ئازارى ئه‌مساڵ، سه‌رۆكى كوتله‌ى یه‌كێتیى نیشتیمانى كوردستان، له ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، ئاڵا تاڵه‌بانى رایگه‌یاند، ئه‌گه‌ر هه‌وڵه‌كانى بۆ یه‌كپارچه‌ییى عێراق، خیانه‌ت بێت، ئه‌وا؛ "شانازى به‌و خیانه‌ته‌یه‌وه ده‌كات و له‌سه‌ریشى به‌رده‌وام ده‌بێت.
ئاڵا تاڵه‌بانى، كه پێشتر ره‌چه‌ڵه‌كى خۆى و بنه‌ماڵه‌كه‌ى گه‌ڕاندبوویه‌وه بۆ سه‌ر هۆزى ئه‌سه‌دى شیعه، له‌گرته‌یه‌كى ڤیدیۆیدا، كه له سایته عێراقییه‌كان بڵاوكراوه‌ته‌وه، دان به‌وه‌دا ده‌نێت، كه تۆمه‌تبار كراوه به "خیانه‌ت" و ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر ئه‌وه خیانه‌ت بێت، شانازى پێوه‌ده‌كه‌م.
له ئاستى باڵادا به‌رپرسانى یه‌كێتى، ئۆباڵى سه‌رجه‌م رووداوه‌كانیان خستووه‌ته ئه‌ستۆى حزبه‌كه‌یان و له‌و باره‌یه‌وه رۆژى 18ى ئۆكتۆبه‌ر، كۆسره‌ت ره‌سووڵ عه‌لى جێگرى سكرتێرى گشتیى یه‌كێتى له به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند، ئه‌وه‌ی زیاتر برینه‌كه به سوێ ده‌كات ئه‌وه‌یه كه چه‌ند كه‌سێكی لاده‌ر له ڕێبازی یه‌كێتی به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌ركردایه‌تیی حیزبه‌كه‌مان له‌م ڕووداوانه‌دا به مه‌به‌ستی چه‌ند ده‌ستكه‌وتێكی كاتی شه‌خسی ده‌بنه هاوكار و ده‌ستكێشی داگیركه‌ران و به‌م كاره قێزه‌ونه‌یان سه‌رشۆڕانه خۆیان ده‌خزێننه ناو لاپه‌ڕه ڕه‌شه‌كانی مێژووی گه‌له‌كه‌مانه‌وه. دڵسۆزان و خه‌مخۆرانی كوردایه‌تی ئێمه وه‌ك خۆمان به شاهیدی هه‌موو لایه‌ك له‌وه‌ی هێزمان به‌سه‌ریدا شكا و له ده‌ستمان هات بۆ پاراستنی سه‌ر و ماڵی هاووڵاتیان و خاكی پیرۆزی كوردستان له كه‌ركووك و جێگاكانی تر و به ئامانجی له‌ده‌ستنه‌دانی ده‌ستكه‌وته ستراتیژیه‌كانی گه‌له‌كه‌مان ئه‌نجاممان دا‌و درێخیمان نه‌كرد، به‌ڵام دیاره سه‌ره‌ڕای گه‌له‌كۆمه‌كێ ی ده‌وروبه‌ر، نابه‌رابه‌ری له هێز و دڕنده‌یی شێوازی له‌شكركێشیه‌كه له پاڵ ڕۆڵی ناجوامێرانه‌ی ده‌سته ڕه‌شه‌كانی ناوخۆ كه بوو به هۆكاری چۆڵكردنی به‌شێكی كاریگه‌ر له سه‌نگه‌ره‌كان و چۆڵكردنی پشتی هێزه‌كان به قازانجی دوژمن كارێكی وایكرد كه ئه‌مجاره‌ش ڕووداوه‌كان به قازانجی گه‌له‌كه‌مان و به‌دیهێنانی ئامانجه نه‌ته‌وه‌ییه كانمان نه‌شكێته‌وه و به‌شێكی گرنگ له ده‌ستكه‌وته به‌دیهاتووه‌كانی گه‌لی كورد له‌ده‌ست بچێت . سه‌رباری هه‌موو ئه‌وانه‌ش ئه‌گه‌رچی زیانه‌كان له‌ڕووی له‌ده‌ستدانی ده‌ستكه‌وتی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه له ئێستادا زۆر گه‌وره‌ن و ئۆباڵی كاره‌ساته‌كانی كه‌ركوك و دوز و هه‌موو زیانه گیانی و مادی و مه‌عنه‌ویه‌كانی تری گه‌له‌كه‌مان ئه‌كه‌وێته ئه‌ستۆی ئه‌و كاڵفامانه‌ی ناو یه‌كێتی.
هه‌ر هه‌مان رۆژ مه‌لابه‌ختیار، لێپرسراوى ده‌سته‌ى كارگێڕیى مه‌كته‌بى سیاسیى یه‌كێتى له به‌یاننامه‌یه‌كدا به‌رپرسیارێتیى ئه‌و تاوان و خیانه‌ته‌ى خسته ئه‌ستۆى باڵێكى حزبه‌كه‌ى و به هه‌رزه‌كار وه‌سفی كردبوون.
هه‌روه‌ها رۆژى 21ى ئۆكتۆبه‌رى 2017 جه‌عفه‌ر مسته‌فا، فه‌رمانده‌ى یه‌كه‌كانى حه‌فتا له چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ى ره‌ئى كوه‌یتى ئاشكرای كرد، ئێران و توركیا گڵۆپى سه‌وزیان بۆ سوپاى عێراق هه‌ڵكردبوو، بۆ ئه‌وه‌ى به سه‌رپه‌رشتى تاران بێنه ناوچه‌كانمان.
جه‌عفه‌ر مسته‌فا: بافڵ خــــائــــینه
سه‌باره‌ت به بافڵ تاڵه‌بانى، جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا نه‌یشارده‌وه، كه ناوبراو خیانه‌تى كردووه و گوتى: ئه‌و خائینه، كه‌سى له‌گه‌ڵ نییه تاقمێكى بچووك نه‌بێت.
هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه، فه‌رمانده‌یى گشتیى هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان، رۆژى 16ى ئۆكتۆبه‌رى 2017، به‌یاننامه‌یه‌كى بڵاوكرده‌وه و تێیدا رایگه‌یاندبوو، بەڕەبەیانیی ئەمڕۆ 16ـی 10ـی 2017 هێزەكانی حەشدی شەعبیی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانی بە فەرماندەیی ئیقبالپوور و بە هاوكاریی هێزەكانی عێراقی هێرشێكی بەرفراوانیان بۆ سەر كەركووك و ناوچەكانی دەوروبەری كەركووك دەست پێكردووە. ئەو هێرشە بە ئاشكرا ڕاگەیاندنی شەڕە لەدژی گەلی كوردستان. ئەو پەلامارە كە لە لایەن حكوومەتی عێراقی و حەشد و هێزەكانی سەر بە قەرارگای قودسی سوپای پاسداران ئەنجام دراوە، تۆڵەسەندنەوەیە لە خەڵكی كوردستان كە داوای ئازادیان كردووە و تۆڵەیە لە خەڵكی سەربەرزی كەركووك كە هەڵوێستی مەردانەیان نواندووە. بە داخەوە هەندێ بەرپرسی یەكێتیش یارمەتیدەری ئەو پیلانگێڕییەی دژی گەلی كوردستان بوونە و خیانەتێكی گەورە و مێژوویییان لە كوردستان و ئەو شەهیدانە كردووە كە لەژێر ئاڵای یەكێتی گیانی خۆیان فیدای كوردستان كردووە. ئەم چەند بەرپرسە، هەندێ شوێنی هەستیاریان بە بێ شەڕ بۆ هێزەكانی حەشد و سوپای پاسدارانی ئێرانی چۆڵ كردووە و كاك كۆسرەتیان بە تەنیا جێ هێشتووە.
له میدیاى بیانییه‌وه
داگیركردنى كه‌ركووك بووه پرسێكى گرنگى میدیاى جیهانى. له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، ئیگۆر سوبوتین، له رۆژنامه‌ى رووسیایى ئیزڤیستیا وتارێكى له باره‌ى گۆڕانكارییه‌كانى نه‌خشه‌ى سیاسى له كه‌ركووك بڵاوكردبوویه و تێیدا ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه كردووه، ئه‌و رووداوانه‌ى كه‌ركووك مه‌ترسى له‌سه‌ر سه‌رجه‌م پرۆژه‌كانى رووسیا له كوردستانى عێراق درووستكردووه، به تایبه‌تى دواى ئه‌وه‌ى به‌غدا ده‌سه‌ڵاتى به‌سه‌ر كه‌ركووكدا سه‌پانده‌وه.
وا ده‌رده‌كه‌وێت دووباره گه‌ڕانه‌وه‌ى هێزه عێراقییه‌كان و زاڵبوونیان به‌سه‌ر كه‌ركووك و ده‌وروبه‌ریدا به پشتیوانى و یارمه‌تى ئێران به سلبى بۆ ئه‌مریكا ته‌واو بێت به‌و پێیه‌ى ستراتیژى ئه‌مریكا هه‌وڵدانه بۆ به‌رگرتن له هه‌ژموونى ئێران. هه‌ربۆیه بێده‌نگ نابێت سه‌ره‌ڕاى په‌یوه‌ندییه به‌تینه‌كانى له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌شدا.
شاره‌زایان له‌و بڕوایه‌دان، گۆڕانكارى و رووداوه‌كانى كه‌ركووك، ره‌نگه له‌و روانگه‌یه‌وه له سوودى ئه‌مریكا بن، كه به زیان بۆ پرۆژه‌كانى وزه‌ى رووسى ده‌شكێنه‌وه.
له‌و چوارچێوه‌یه‌دا وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا له به‌یاننامه‌یه‌كدا نیگه‌رانى خۆى له باره‌ى ئه‌و هه‌واڵانه ده‌ربڕیوه كه باس له درووستبوونى توندوتیژى له كه‌ركووك و ده‌وروبه‌رى ده‌كه‌ن.
لایه‌نه كوردییه‌كان دووپاتی ده‌كه‌نه‌وه، میلیشیاكانى سوپاى پاساداران و حه‌شدى شه‌عبى شانبه‌شانى هێزه عێراقییه‌كان هێرشیان كردووه‌ته سه‌ر كه‌ركووك و سه‌رجه‌م كێڵگه نه‌وتییه‌كانیان ده‌ستبه‌سه‌ردا گرتووه.
شاره‌زایان له‌و بڕوایه‌دان كاردانه‌وه‌ى ئه‌مریكا له باره‌ى رووداوه‌كانى كه‌ركووك زۆر لاواز بووه.
سه‌رۆكى به‌شى توێژینه‌وه له ململانێكانى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست له په‌یمانگه‌ى گه‌شه‌ى داهێنه‌رانه، ئه‌نتۆن مارداسۆڤ، له‌و باره‌یه‌وه رایگه‌یاندووه، ئه‌مریكا هه‌ڵوێستێكى دوو رووانه‌ى هه‌بووه. كاتێك كورد راپرسى ئه‌نجامدا پشتیوانى له یه‌كپارچه‌ى عێراق ده‌كرد، له لایه‌كه‌وه و له لایه‌كى دیكه‌شه‌وه په‌یوه‌ندى جۆراو جۆرى له‌گه‌ڵ هه‌رێم هه‌یه.
پێشتر ریكس تیلرسۆن، به ناوى كۆمپانیاى ئیكسۆن مۆبیله‌وه رێككه‌وتنى له‌گه‌ڵ هه‌رێم واژوو كردبوو. هه‌وڵى زۆریشی دا له پێناو سه‌ربه‌خۆبوونى له به‌غدا. ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌یه بۆ نه‌بوونى ستراتیژێكى روونى ئه‌مریكا به مه‌به‌ستى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى هه‌ژموونى ئێران. بۆیه ئه‌وه‌ى ئێستا له عێراق روو ده‌دات، شكانى شكۆى ئه‌مریكایه.
ئه‌و شاره‌زایه له‌و بڕوایه‌دایه گه‌وره كۆمپانیاكانى رووسیا له‌وانه (غازپرۆم، رووسنه‌فت، لوك ئۆیل) گرێبه‌ستى گه‌وره‌یان له بوارى وزه له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان واژۆ كردووه و له بوارى وه‌به‌رهێنانى وزه‌دا له پله‌ى یه‌كه‌م دێن و ئه‌و گرێبه‌ستانه له نێوان مۆسكۆ و هه‌ولێر واژوو كراوون، به‌بێ به‌شداریكردنى حكوومه‌تى به‌غدا.
له لایه‌ن خۆیه‌وه گه‌وره‌توێژه‌رى سه‌نته‌رى كارنیگى له خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست یه‌زید سائغ، له‌و بڕوایه‌دایه، فراوانبوونى هه‌ژموونى ئێران كێشه‌یه‌كى نوێیه، چونكه له راستیدا ده‌توانین بڵێین ئێران پشتیوانى سه‌ره‌كیى حه‌شده و كۆنترۆڵكردنى كه‌ركووكیش به‌بێ شه‌ڕێكى ئه‌وتۆ، ناكۆكى نێوان پارتى دیمو‌كراتى كوردستان و یه‌كێتیى نیشتیمانى كوردستانى خسته‌ڕوو، كه یه‌كێتى به په‌له له‌گه‌ڵ عێراق رێككه‌وتن بۆ چوونه ناوه‌وه‌ى هێزه‌كانى سوپا و حه‌شد بۆ ناو كه‌ركووك.
ڕاپۆرتی کوردستان٢٤