هه‌ولیر-KDP.info- ''كه‌ركووكییه‌كان خیانه‌تكارانی ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر نابهخش''، یه‌كێك له‌و چه‌ندان درووشمانه‌یه كه له‌م ئێواره‌ی ١٥ی مانگه، به‌سه‌ر دیواری خانوو و باڵاخانه‌ی سه‌ر شه‌قامه‌كانی كه‌ركووكه‌وه هه‌ڵوسراوه.
دروشمه‌كان ئاماژه‌ن به ڕۆژێكی تا بڵێی تاڵ له مێژووی بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد، ڕۆژی ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر كه به خیانه‌ت له نیشتیمان ناسراوه، له‌لایه‌ن حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌كانی سوپای عێراقه‌وه، كه‌ركووك و ناوچه‌گه‌لی تری ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان و به هاوكاریی باڵێكی ناو یه‌كێتیی نیشتیمانی كوردستان، داگیر كران.
داگیركردنی كه‌ركووك، پاش سێ ساڵ له به‌رگریی قاره‌مانانه‌ی پێشمه‌رگه و كه‌ركووكییه‌كانه‌وه بوو، له شه‌ڕی دژ به دڕنده‌ترین ڕێكخراوی تیرۆریستی(داعش).
شه‌وى ڕابردوویش له‌نێو شاری كه‌ركووكدا، چین و توێژه‌كانى شاره‌كه به هه‌ڵواسینى چه‌ندین دروشم، گوزارشت له ڕای خۆیان ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن، خیانه‌تكارانى شازده‌ى ئۆكتۆبه‌ر نابه‌خشن و ده‌بێت ڕووبه‌رووی دادگای گه‌ل ببنه‌وه.
16ی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 2017، پارێزگای كه‌ركووك شارۆچكه‌ی خورماتوور و ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم به‌ده‌ستی باڵێكی نێو یه‌كێتی ئه‌م ناوچانه بهرێككهوتنێكی ژێربه‌ژێر راده‌ستی حه‌شدی شه‌عبی كرا. به‌هۆیه‌وه ده‌یانهه‌زار كوردی كه‌ركووك و ده‌وروبه‌ری ئاواره‌ی شاره‌كانی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستان بوون و به سه‌دان خانووی هاووڵاتیان كورد له خوورماتوو و كه‌ركووك تاڵان كران و سوتێندران و ته‌قێندرانه‌وه، به ئێستایشه‌وه بارودۆخی ئه‌م ناوچانه له‌ژێر هه‌ڕه‌شه و گوشاری میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبیدایه.
ئامانج له‌و پیلانه و هێنانی حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌كانی عێراق، كه‌ركووك و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری نه‌بوو، به‌ڵكو پیلانێك بوو بۆ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی قه‌واره‌ی ده‌ستووری و یاسایی‌ی هه‌رێمی كوردستان بوو، به‌ڵام هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له خاڵه‌كانی پردێ و سحێلا و مه‌حموودیه، توانییان به‌رگرییه‌كی بێوێنه له هه‌رێمی كوردستان و ده‌سته‌كه‌وته‌كان بكه‌ن و هێزه میلیشیاییه‌كان بوه‌ستێنن.
له دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه، كورد ده‌یان پۆستی له ده‌ست داوه هه‌موو پۆسته‌كانیش ڕاده‌ستی عه‌ره‌ب و توركمان كراون، ئێستا كورد هیچ پۆستێكی له فه‌رمانگه حكوومییه‌كان له ده‌ستدا نه‌ماوه.