Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
THU, 17 JAN 2019 10:41 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
نوێبوونەوە . دادپەروەری . پێکەوەژیان
 

كەركووكییەكان: 16ـی ئۆكتۆبەر خیانەتێكی جەرگبڕ بوو.. كەركووك لە جەستەیەكی مردوو دەچێت
| KDP.info


 

كەركووك-KDP.info- ڕۆژی 16ـی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو، هێزەكانی عێراق و میلیشیاكانی حەشدی شەعبیی، بە هاوكاریی باڵێكی حزبێكی كوردستان هێرشیان كردە سەر كەركووك و خورماتوو، كە بە هۆی پاشەكشەپێكردنی بەشێك لە پێشمەرگەكانی یەكێتی، شاری كەركووك و دووزخوورماتوویان داگیركرد و سەدان هاووڵاتیی سڤیل و پێشمەرگە شەهید بوون.

سەبارەت بە بەعەرەبكردنی كەركووك و ناچاركردنی كوردەكان بە بەجێهێشتنی زێدی خۆیان لە ڕێگەی دروستكردنی نائارامی و توندوتیژی بەرانبەریان، كەركووكییەیان دەڵێن: "ساڵێكە ئێمە ناتوانین بە ئاسوودەیی ژیان بكەین و هەموو ڕۆژێكمان مردنێكە".

چالاكوانی سیاسی، سلێمان حەمەساڵح، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە دوای 16ـی ئۆكتۆبەر هێزە عێراقییەكان بە بەرنامە كار بۆ بەعەرەبكردنی شارەكە و بێزاركردنی هاوڵاتیانی كورد بۆ بەجێهێشتنی شارەكەیان دەكەن، كە بە بیانووی جۆراوجۆر شەوان هێزە میلیشیاكان هەڵدەكوتنە سەر ماڵەكان و پشكنین دەكەن، هەروەها دۆخی ئەمنیی شار تەواو خراپە و تەقینەوە و دزی و پیاوكوشتن بەردەوام لە فراوانبوونە، بە مەبەست هێزە سەربازییەكان نایانەوێت ئارامی بۆ كەركووكییەكان دابین بكەن، بۆئەوەی شارەكەیان بەرەو هەرێمی كوردستان بەجێ بهێڵن".

لەگەڵ داگیركردنی شاری كەركووكدا، سەددان هاووڵاتیی كوردی كەركووك ئاوارەی شارەكانی كوردستان بوون و، تا ئێستاش بەشێكی زۆر لە ئاوارەكان نەگەڕاونەتەوە شارەكانیان، بە تایبەت ئەندام و لایەنگرانی پارتی دیموكراتی كوردستان.

هەڵۆ لەكی ڕۆژنامەنووس لە شاری كەركووك، لەسەر هەمان پرس، هێما بۆ ئەوە دەكات: "16ـی ئۆكتۆبەر خیانەتێكی جەرگبڕ بوو لە مێژووی گەلی كورددا، كە باڵێكی سیاسیی حیزبێكی كوردی هاوكاریی دوژمنیان كرد تا كەركووك داگیر بكەن، ئامانجیش ئەمانە بوون، عەرەباندنی كەركووك و دەستبەسەرداگرتنی ئابووریی كەركووك و هەڵوەشاندنەوەی ئیدارە كوردییەكەی و درووخستنەوەێ ڕێژەیەكی زۆر لە كورد لە دامودەزگاكانی كەركووك هەروەكوو ڕژێمی پێشووی سەددام حوسێن بەرانبەر كورد كردی".

ئیدارەی سەربازیی سەپێندراو لە كەركووك، ئامادە نییە هیچ خزمەت گوزارییەك بۆ شارەكە جێبەجێ بكات، بە تایبەت گەڕەكە كوردییەكان، لەكی دەڵێ: "ماوەی ساڵێكە ئیدارەی سەپێندراوی كەركووك هیچ پڕۆژەیەكی خزمەتگوزاری لە شارەكەدا ئەنجام نەداوە و ڕۆحی ئەو شارەیان كێشا و لە جەستەیەكی مردوو دەچێت، چەند هەڵوێستێكیش هەیە بۆ خۆپیشاندان دژی سوپای عێراق لەم كات و ساتەدا و بە تایبەت لە یادی داگیركردنی كەركووكدا كە ساڵێكی بەسەردا تێپەڕیوە، چونكە كەركووك گۆمێكی مەنگە لە چاوەڕوانی ئازادبوون و ڕزگاریدایە جارێكی تر".

لە زانكۆی كەركووك، جیاوازیی زۆر لە نێوان قوتابیانی كورد و نەتەوەكانی تردا دەكرێت و، چەندین قوتابیی كورد لەلایەن هێزە سەربازییەكانەوە دەستگیر كراون لەسەر ئاڵای كوردستان و یادكردنەوەی بۆنە كوردییەكان. سەربەست شوانی، قوتابیی زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی كەركووك، گوتی: "جیاوازیی زۆر لە نێوان قوتابیانی كورد و قوتابیانی توركمان و عەرەبدا دەكرێت، ئێستا ئێمەی قوتابیانی كورد لە زانكۆی كەركووك بە پلە سێ تەماشا دەكرێین، ڕێگە نادرێت لە هیچ بۆنەیەكی كوردیدا ئاهەنگ بگێڕین و یادی بكەینەوە، لەسەر هەڵكردنی ئاڵای كوردستانیش لە ڕۆژی ئاڵادا لەلایەن قوتابیانی نەتەوەكانی عەرەب و توركمان هێرشمان كراوەتە سەر و لەلایەن هێزە ئەمنییەكانیش چەندین قوتابیی كورد گیراون و سوكایەتییان پێ كراوە".

ئەو قوتابییە هێما بۆئەوە دەكات: "هێزە میلیشیاكانی عێراق هیچ كات حیساب بۆ حەرەمی زانكۆ ناكەن و بە هەمەڕ و چەكی جۆراوجۆر دێنە زانكۆوە، هیچ كەسیش بۆی نییە لێپیچینەوەیان لەگەڵدا بكات، هەروەها لە شاری كەركووك تەواوی ڕەمزەكانی كورد سڕاونەتەوە و، بە بەرنامەیش كار دەكەن بۆ سڕینەوەی ڕەمزەكانی كورد، كە بێگومان تەواوی مەینەتیی كەركووكییەكان ئۆباڵەكەی دەكەوێتە ئەستۆی ئەو خۆفرۆشە كوردانەی كە كەوتنە پێش هێزە داگیركارەكان و شارەكەمانیان پێیان فرۆشت".

كەركووكییەكان دەڵێن، تەنیا ئومێدیان بە سەرۆك بارزانییە كە كەركووك بگێڕێتەوە بۆ هاووڵاتیانی كەركووك، عادل كەركووكی، چالاكی كۆمەڵی مەدەنی بڕوای وایە: "تاكە هیوا و ئومێد تەنیا سەرۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستانە ئەم دۆخەی كەركووك چارە بكات و پێشمەرگەی كوردستان بە شكۆ و كەڕامەت و هێزەوە بگەڕێتەوە ئەو شارە بۆ بەرگریكردن لە تەواوی پێكهاتەكانی كەركووك بێ جیاوازی."

كەركووكی گوتی: "حاڵەتی دزی و كوشتن بە ڕێژەیەكی بەرچاو زیادی كردووە و هیچ كەسێك ناتوانێت شەوان بە ئارامی لە ماڵی خۆی بخەوێت، لە ڕووی دارایی و ئابوورییەوە ئەو شارە بەرەو ڕووخان و لەناوچوون دەڕوات، لەلایەكی تریش بەشیعەكردنی هاووڵاتیان دەستی پێ كردووە".

 

هێڤیار هەڵەبجەیی

 

 




دوایین هەواڵەکان

بە سەرۆکایەتی د.فوئاد حوسێن چەند بڕیارێک دەربارەی هەولێر و بەغدا دران

WEDNESDAY, 16 JANUARY 2019 19:01:12

بەغدا-KDP.info-  ئەمڕۆ بە سەرۆکایەتیی د. فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران-وەزیری داراییی حکوومەتی عێراقی فیدراڵ، چەند بڕیارێک دەرکران کە پێوەندییان بە هەولێر و بەغداوە هەبوو.

 
رێبوار هادی: بە ماددەیەكی یاسایی، بەغدا ناچار بە ناردنی مافە داراییەكانی هەرێم دەكرێ

WEDNESDAY, 16 JANUARY 2019 18:01:32

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی یاساییی ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێ، لە هەوڵی زیادكردنی ماددەیەكدان لە نێو پرۆژەیاسای بودجەی 2019ی عێراقدا، کە لەو ماددەیەدا حكوومەتی عێراق پابەند دەكەن بەوەی كە یاری بە مووچە و مافە داراییەكانی هاووڵاتیانی هەرێم نەكات.

 
دیاری حوسێن: پارتی بەبێ ئاسایکردنەوەی رەوشی کەرکووک شەرعیەت بە هیچ هەڵبژاردنێک نادات

WEDNESDAY, 16 JANUARY 2019 17:01:49

كەركووك-KDP.info- دوای ئەوەی ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیاری دا ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق لە کۆتاییی ئەمساڵ بەڕێوە بچێت و پارێزگای کەرکووکیش دەگرێتەوە، بەرپرسێکی پارتی دەڵێ، لای ئێمە ھەڵبژاردنەکەی کەرکووک ھیچ شەرعیەتی نییە و لەگەڵ لایەنە کوردەکانی کەرکووکیش ئەو بابەتە یەکلا دەکەینەوە.

 
داوا دەکرێ سێ بەنداوی سنووری قەزای مێرگەسۆر تەواو بکرێن

WEDNESDAY, 16 JANUARY 2019 15:01:55

هەولێر-KDP.info- ساڵی ڕابردوو ھەرێمی کوردستان و تورکیا ڕێک کەوتوون لەسەر دروستکردنی سێ بەنداو، ئەندامێکی لیژنەی سەرچاوەکانی ئاوی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێ، داوایان کردووە حکوومەتی بەغدا ھاوکار بێت بۆ دەستپێکردنی ئەو پڕۆژانە و سوودی بۆ ھەرێم و عێراقیش دەبێت.

 
"ساڵی ڕابردوو زیاتر لە پێنج ھەزار ڕووداوی ئەمنی لە کەرکووک تۆمار کراون"

WEDNESDAY, 16 JANUARY 2019 15:01:30

کەرکووک-KDP.info- تێکچوونی ڕەوشی ئەمنیی شاری کەرکووک دانیشتووانەکەی دڵگران کردووە و سەرچاوەیەکی ئەمنیش ڕوونی کردەوە، تەنیا لەساڵی ڕابردوودا زیاتر لە پێنج ھەزار ڕووداوی ئەمنی لە کەرکووک تۆمار کراون.

 


 
© 2018 Kurdistan Democratic Party, KDP