Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
SAT, 20 APR 2024 15:27 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

ئەو سەرۆككۆمارە نوێنەری كوردستان نییە، نوێنەری فرتوفێڵی تاقمێك و خەڵكی غەیری كوردە
| KDP.info


پاش 2003  و نووسینەوەی دەستوور، وەك عورفێك سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق درا بە نوێنەر و هەڵبژێردراوی سێ پێكهاتە سەرەكییەكەی عێراق. سەرۆك كۆمار بۆ كورد، سەرۆك پارلەمان بۆ عەرەبی سوننە و سەرۆكی حكوومەت بۆ عەرەبی شیعە. بەم پێیە سەرۆك كۆمار ئیستحقاقی سیاسیی خەڵكی كوردستانە نەك حزبێكی دیاریكراو، یان تاقم و عائیلەی ناو حزبێكی دیاریكراو.

لە یەكەم گەڕی سیستەمی سیاسیی تازەی عێراق بەپێی ڕێككەوتنی لایەنە كوردستانییەكان پۆستی سەرۆك كۆمار درا بە مام جەلال و دوو گەڕی تریش هەر بەپێی ڕێككەوتنی لایەنە كوردستانییەكان ئەو پۆستە لای یەكێتی مایەوە. بەڵام بەداخەوە ئەو پۆستە لەم سێ گەڕەدا لەپێناو بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستان بەكار نەهێندرا. پرسیار ئەوەیە لەم سێ دەورەیەدا كە سەرۆك كۆمار لای یەكێتی بوو چ دەستكەوتێكیان بۆ گەلی كوردستان بەدەست هێناوە؟ لەو سێ دەورەیەدا با سێ دەستكەوت بژمێرن تەنیا سێ دەستكەوت نەك زیاتر... ئەوەی لەو سێ دەورەیە بینراوە كۆكردنەوەی پارە و بەرژەوەندیی شەخسی و بنەماڵەیی و بیزنس كردن و بەكارهێنانی نەسرییەی دوو لیوای سەربازیی بەناو حەرەس جمهوری بووە. لە موئەسەسەی سەرۆك كۆمارێتی جگە لە كەوادیر و خەڵكی سەر بە یەكێتی كام كورد بەشداریی پێ كراوە و ئەو پۆستە چ سوودێكی بۆ خەڵكی كوردستان هەبووە؟

داكۆكیی ئەم جارەی پارتی لەسەر بابەتی سەرۆككۆمار بۆ ئەوە بوو چونكە لەكاتی پەلاماردانی كوردستان بە سوپا و لەكاتی بڕینی بوودجەی هەرێم و لەكاتی سڕكردنی یارمەتی چەك و یارمەتییەكانی پێشمەرگە لە بەرانبەر دوو لیوای حەرەس جمهووری و هەروەها چەندین هەڵوێستی تری دژی گەلی كوردستان، سەرۆك كۆمار بێدەنگ و بێ هەڵوێست بووە، بۆیە پارتی پێداگیریی كرد كە دەبێ كە ئەم پۆستە بگەڕێتەوە بۆ خاوەنیحەقیقیی خۆی كە گەلی كوردستانە نەك هەر لە دەستی تاقمێكی بازرگاندا بمێنێتەوە. پارتی كە بە دەنگی گەلی كوردستان بووە حزبی یەكەمی عێراق و كوردستان لە هەردوو هەڵبژاردندا ئامانجی سەرەكی ئەوە بووە كە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار لەدەستی كورد بمێنێتەوە. یان كوردێك لەنێو گەورەترین كوتلەدا كاندید بكرێت یانییش فڕاكسیۆنە كوردستانیەكان كاندیدێكی هاوبەشیان هەبێ. پارتی ئەو جارە هەوڵی دا بە ئالیەتیێكی كوردستانی كەسێك بۆ سەرۆك كۆمار كاندید بكرێت بەڵام یەكێتی ئەوەی تێكدا و وای كرد خەڵكی غەیری كورد قسە لەسەر كاندیدەكەی سەرۆك كۆمار بكەن. ئەوە كردەیەكی قێزەوەنی نانیشتیمانییە. ئەوە سابیقەیەكی خەراپ دروست دەكات كە لە هەموو شتێكدا زمانی زۆرینە و كەمینە لە دژی ماف و داواكاری و ئیستحقاقاتی گەلی كوردستان بەكار بهێنن. ئەوەی كرا لە بابەتی سەرۆك كۆمار بە ڕوونی سەندنەوەی ئەو ئیستحقاقەیە لە خەڵكی كوردستان، هۆكارەكەیشی ئەوەیە كە یەكێتی بەچاوی ئیستحقاقی كورد سەیری ئەو پۆستە ناكات بەڵكو بە چاوی سەفەقە و بیزنەس و سەرچاوەی پارە سەیری دەكات.

ڕۆژی دووی ئۆكتۆبەر هەندێك ئەندامی شاندی یەكێتی چوونە لای شاندی پارتی و داوایان كرد لەبەرانبەر دوو ساڵ سەرۆكایەتیی حكوومەتی هەرێم كاندیدەكەیان لە پۆستی سەرۆك كۆماری دەكشێننەوە و پارتیش لەسەر ئەو پێشنیارە ڕازی بوو. چونكە تەعلیماتی سەرۆك بارزانی بۆ شاندەكەی پارتی ئەوە بوو كە هەتا ڕێككەوتنێك نەكرێ و لەسەر یەك كاندید ڕێكنەكەون نابێ بچنە ناو هۆڵی پارلەمان و كاتێك یەكێتی ڕایەگەیاند كە كاندیدی خۆیان كشاندووەتەوە، بەپێی تەعلیمات شاندی پارتی ڕۆییشتنە ناو پارلەمان بەڵام لەوێ یەكێتی ڕایگەیاند كە كاندیدمان هەیە. نازاندرێ كە ئەوە فێڵبازیی شاندەكەی یەكێتی بووە یان تەنیا چەند كەسێكی ناو شاندی یەكێتی لەگەڵ پارتی ڕێككەوتنیان كردووە كە كاندیدیان بكشێننەوە؟ هەر چۆنێك بێت ئەوەی یەكێتی كردی تێكدانی تەوافوقی كورد بوو لە بەغدا و سەندنەوەی ئەو پۆستە لە لایەنە كوردستانییەكان.

ئەگەر لە شازدەی ئۆكتۆبەری پار خاكی كوردستان و كەركووكیان لەبەر پارە و دەستكەتی ماددی فرۆشت لە دووی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ ئیرادەی میلەتەكەیان لەبەر خاتری یەك كورسی فرۆشت. ئیرادەی گەلی كورد بابەتێكی گرانبەهایە و پارتی چۆن ڕووبەڕووی پیلانەكەی شازدەی ئۆكتۆبەر بوویەوە ئەوهایش ڕووبەڕووی پیلانەكەی دووی ئۆكتۆبەر دەبێتەوە. با هەموو لایەك بزانێ بەرهەم ساڵح نوێنەری گەلی كوردستان و تەنانەت هەموو یەكێتیش نیە و بە غەیری ئیرادەی كورد و بە فێڵ و پیلان دانراوە.

بیریشمان ناچێت كە بۆ شكاندنی د. فواد حوسێن هەر ئەوانە بوختانی زۆریان بۆ هەڵبەست و گوتیان خێزانی جوولەكەیە و بارزانی سكرتێری خۆی كاندید كردووە بۆ سەرۆك كۆمار و هەروەها لەناو شیعەكان و عەرەبەكانی تر ئەوەیان بڵاو كردبوو كە ئەگەر د. فواد ببێتە سەرۆك كۆمار ئەوە دەچێتە UN و لەوێ ئیستقالە دەدات و سەربەخۆیی كوردستان ڕادەگەیێنێت. هەر بۆیەش ئەو لایەنە عەرەبانەی بەڵێنی پشتگیریی د. فواد حوسێنیاندا بوو لە ترسی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی لە پشتگیرییەكەی پەشیمان بوونەوە.

گومانیش لەوەدا نییە كە شۆڤێنییەكان و نەیارانی گەلی كوردستان حەز دەكەن كەسی لاواز و كوردستان فرۆش سەرۆك كۆمار بێت و كەسێ بێ حورمەت و هەرزان تەفزیل دەكرێ بە كەسی موحترەم و دەسپاك و نیشتیمانپەروەر كە ڕێزی میللەتەكەی خۆی دەگرێ. خۆشی و شادیی وەفیق سامرایی كۆنە بەعسی و دوژمنی كوردستان شەهادەتێكی زۆر باشە بۆ بەرهەم، دوژمنی بێ حورمەت و قین لە دڵ تەفزیلی بەرهەم دەكات بە خەباتگێڕ و تێكۆشەران و ڕاشكاوانە مەدحی پاڵەوانانی ئۆكتۆبەر دەكات (و شهد شاهدوا من اهلها).

پارتی و مێژوووە پڕ لە شانازییەكەی ئەوەیە كە دوژمن سزای پارتی دەدات بەڵام گەلی كوردستان پاداشی پارتی دەدات و ئەنجامی هەڵبژاردنەكانیش گەواهیی ئەو حەقیقەتەن. 




دوایین هەواڵەکان

وەزارەتی پەروەردە بۆ قوتابیان و خوێندكاران: دووربن لەو فریودانانە

SATURDAY, 20 APRIL 2024 11:04:15

ھەولێر-KDP.info- وەزارەتی پەروەردە راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و دەڵێت، لەڕێی چەند پەیج و ئەكاونتێكەوە قوتابیان فریو دەدرێن، بۆیە لەگەڵ ئاسایش هاوئاهەنگی دەكرێ‌ بۆ رووبەڕووبوونەوەی تاوانكاری لەو شێوەیە.

 
وەزیری بازرگانی ھەنگاوەکانی وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵ بۆ KDP ئاشکرا دەکات

FRIDAY, 19 APRIL 2024 21:04:30

ھەولێر-KDP.info- وەزیری بازرگانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا بڕی وەرگرتنی گەنمی ھەرێمی کوردستان لەلایەن بەغدا دیاری نەکراوە، بڕیاریشە حکوومەتی ھەرێم و بەغدا بە ھەماھەنگی بڕەکە دیاری بکەن، بۆ ئەو مەبەستەش خۆمان ئامادەکردووە.

 
شاخەوان عه‌بدوڵڵا بۆ KDP: دەرکردنی ئەو ماڵە کوردانەی خانەقین ڕاگیرا

THURSDAY, 18 APRIL 2024 23:04:20

ھەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتی، دەرکردنی ئه‌و ماڵە کوردانه‌ی لە خانووی شارەوانی بوون کە بڕیاری لێدرابوو راگیرا.

 
ڕێگای نێودەوڵەتی ھامڵتۆن نوژەن دەکرێتەوە

THURSDAY, 18 APRIL 2024 20:04:17

سۆران _KDP.info_بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتی: بە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕێگای نێودەوڵەتی ھامڵتۆن لە نێوان ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران نوژەن دەکرێتەوە.‌

 
پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی پێشوازیی لە شاندێکی کۆمەڵەی دۆستایەتی کورد و ئەڵمان کرد

THURSDAY, 18 APRIL 2024 17:04:30

ھەولێر-KDP.info- شاندێکی  کۆمەڵەی دۆستایەتی  کورد و ئەڵمان سەردانی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستانیان کرد و هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەب و ژمارەیەک لە ستافی دێسک و یۆنیتەکانی مەکتەب  پێشوازیان لێ کردن.



 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact