ھەولێر-KDP.info- جێگری سوپاسالاری ھێزی پێشمەرگە گوتی، نەخۆشخانەی پێشمەرگە لە قۆناغی كۆتاییدایە و مانگی دابێ بە ڕووی ھێزی پێشمەرگەدا دەكرێتەوە.
ھاوپەیمانان لە شەڕی داعشەوە تا ئێستا بەردەوام ھاوكاریی ھێزی پێشمەرگە دەكەن لە ھەموو ڕوویەكەوە، لەوانە لۆجستی و مەشق و راھێنان و چەك و تەقەمەنی، ئەڵمانیایش لەسەر ئەركی خۆی، نەخۆشخانەیەك بۆ ھێزی پێشمەرگە دروست دەكات و لە قۆناغی كۆتاییدایە.
پێیوەست بەم پرسە، جێگری سوپاسالاری ھێزی پێشمەرگە لە وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، لیوا سالار جەباری، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ھیچ بڕیارێك نییە بۆ ئەوەی ئەڵمانیا و وڵاتانی دیكەی ھاوپەیمان ھێزەكانی خۆیان لە ھەرێمی كوردستان كەم بكەنەوە، بگرە ھاوكارییەكانیان زیاتر بوون و بەردەوامیشن و بە ئێمەیان راگەیاندووە كە ھەر پێداویستییەك پێشمەرگە ھەیبێت، بۆیان جێبەجێ دەكەین، بۆیە ھاوكارییەكان بەردەوامن و بەردەوامیش دەبن".
لیوا سالار گوتیشی: "ھاوپەیمانان بە گشتی ھاوكاریی ھێزی پێشمەرگە دەكەن، لە ئێستایشدا ھیچ كێشەیەكمان نییە و چەك و تەقەمەنییشمان بۆ دێت، بۆیە ھێزی پێشمەرگە لە ھەموو ڕوویەكەوە دۆخیان باشە و ھاوكاریی باشیشیان پێ دەگات".
وەك جەباری ڕوونی كردەوە: "بەپێی ئەو بەرنامەیەی داماننابوو، بڕیار بوو ئەم مانگە نەخۆشخانەی پێشمەرگە لەلایەن وڵاتی ئەڵمانیاوە تەواو بكرێت، بەڵام ھەندێك كێشەی تەكنیكی ھەبوو، بۆیە ئەمڕۆ خۆم سەردانم كردن و لە قۆناغی كۆتاییدایە و مانگی دابێ تەواو دەبێت و بە ڕووی ھێزی پێشمەرگەدا دەكرێتەوە".
بڵند ئیبراھیم