Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
SAT, 20 APR 2024 13:07 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

مەسروور بارزانی: هەرگیز واز لە سەربەخۆیی و مافی چارەی خۆنووسین ناهێنین
| KDP.info


ئاکرێ-KDP.info-  له‌ ئاهه‌نگى بانگه‌شه‌ى لیستى 183ى پارتى دیموكراتى كوردستان له‌ شارۆچكه‌ى ئاكرێ، مه‌سرور بارزانى، ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسى پارتى وتارێكى پێشكه‌ش كرد و رایگەیاند، هەرگیز واز لە سەربەخۆیی و مافی چارەی خۆنووسین ناهێنین..ئەمەش دەقی وتارەکەیە:


بەناوی خوای گەورە و دلۆڤان

خوشک و برایانی هێژا و بەڕێز
خەڵکی قارەمانی دەڤەری ئاکرێ و بەردەڕەش

بەخێرهاتن سەرچاوان

زۆر سوپاستان دەکەم ئەو دەرفەتەتان پێدام لە خزمەتتاندا بم کە لێرە پەیمان بە یەکتر بدەین رۆژی 30ی 9 هەموو بچینە سەر سندووقەکانی دەنگدان و لیستی 183ی پارتی دیموکراتی کوردستان سەربخەین.

خوشک و برایانی هێژا

ئاکرێ و ئەو دەڤەرە بە شێوەیەکی گشتی، دەرگەی راپەڕین بوو بۆ بادینان، لەو رۆژەوە بە خوێن و زەحمەتیی خۆتان سەلماندتان کە پشتیوانی ریبازی بارزانیی نەمر و خوێنی شەهیدان و پارتی دیموکراتی کوردستانن.

هەڤاڵانی هێژا

هێندەی ڕژێمی شۆڤێنیی پێشتر لە عێراق هەوڵی دا کە شوێنەواری کوردەواری و نیشتمانپەروەری لە کوردستان و بە تایبەت ئەو ناوچەیە نەهێڵن، بەڵام بە خۆڕاگریی ئێوە و قوربانیتان، سەلماندتان کە چۆن قەڵای ئاکرێ بەناوبانگە، ئەو دەڤەرە قەڵای پارتی و ڕێبازی سەرفرازی و سەربەخۆبوونە.

خوشک و برایانی هێژا

ئەم هەڵبژاردنە بۆ ئێمە گرنگە، چونکە ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە هەڤاڵانی هەڵبژێردراوی ئێوە دەچنە پەرلەمان، ئەو بڕیارانەی لە پەرلەمان دەدرێن، کاریگەری لەسەر چارەنووسی کوردستان و ژیانی ئێوە دەبێ. ئەو هەڵبژاردنە و کاندیدانە هی ئێوەن و پێویستە لە پەرلەمان هەندێک بڕیار بدەن کە ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر ژیانی ئێوە بدەن. بیر لەوە بکەنەوە کە ئەگەر کاندیدانتان نەچێتە پەرلەمان، کاندیدی خەڵکی دیکە بچێ و ئەوکاتە بڕیارەکان ڕەنگە لە بەرژەوەندیی کوردستان و ئێوەدا نەبێت. بۆیە پێویستە بەشداری لە هەڵبژاردندا بکەن و ئەو کاندیدانە بنێرنە پەرلەمان کە ئێوە باوەڕتان پێیانە.

خوشک و برایانی هێژا

هێشتا ڕێگەیەکی درێژ بۆ دیاریکردنی چارەنووسی کوردستان لەبەردەمماندایە، بۆیە ئێمە دەبێ ڕێبازی پیرۆزی پارتی و بارزانی سەرکێشی ئەو دۆزە بێت، هەرچەندە هیچ ساڵێک پارتی موساوەمەی لەسەر مافی خەڵکی کوردستان نەکردووە و لە قۆناغی داهاتووشدا موساوەمە لەسەر مافی ئێوە و خەڵکی کوردستان ناکات و ئیشەڵا بە دەنگی ئێوە، هەنگاو بۆ سەرکەوتنی دیکە بنێت.

خوشک و برایانی هێژا
ئێمە هەموو دەزانین لەم ماوەی چوو، تووشی زۆر کێشە و گرفت و هێرشی دوژمنانی تیرۆریست و پیلانی ناحەزان بووین، هەمووان دەیانویست کوردستان وەکوو قەوارەیەک و وەک نیشتمانێک بوونی نەمێنێت، بەڵام قارەمانانی ئەم میللەتە و پێڕەوانی ئەو ڕێبازە و قوتابخانەی ڕێبازی پارتی و بارزانی، پێش هەموو خەڵک، سینگی خۆیان کردە قەڵغان بۆ بەرگریکردن لە دەستکەوتەکان و دەستکەوتی زیاتریش لە داهاتوو بەدەست بهێنێت.

هەڤاڵانی هێژا
رەنگە هەموو وەکوو تاک و کەس، هەندێکجار بیر بکەنەوە و بڵێن کێ بۆ ئێمە چی کردووە و بۆچی پێویستە بچینە هەڵبژاردن؟ داواکاریی من لە هەموو ئەندامانی پارتی و لایەنگر و پەیڕەوانی ڕێبازی پارتی و بارزانی ئەوەیە کە هەر کەسێک ئەو پرسیارەی لێتان کرد، بە سەرێکی بەرز بڵێن، ئێمە ڕۆحمان بە ئێوە دا، ئێمە خوێنمان بە ئێوە دا.
پێشمەرگە و ئەو قارەمانانەی لە سەنگەر و چەپەرەکانی بەرگریدا بوون، بۆ خۆیان بە تەنیا نەبوو، بۆ هەموومان بووە. ئەوانەی لە ماڵی خۆشیان دانیشتوون، دەبێ بزانن ئێمە هەمووان قەرزاری خوێنی ئەو شەهیدانەین. ئەمڕۆ لەسەرمان ئەرکە وەفادار بین بەرامبەر ئەو هەموو زەحمەتییانەی شەهیدان و پێشمەرگەکانی خۆمان. وەفادار بین بەرامبەر ئەو پەیامە و ئەو ڕێبازە سەربخەین و بەرەو سەرکەوتنێکی دیکە لە ٣٠ی مانگی ٩ هەنگاو بنێین و بە هەمووان بڵێین کە قوتابییانی ئەو ڕێبازە و خوێندکارانی ئەو زانینگەیە و ئەو شەهیدانەی خۆیان کردە قوربانی، لە پێش چاومانە و ئێمە ئامادەین نەک بە دەنگمان، بەڵکوو بە خوێن و سەر و ماڵی خۆمان وەفادار بین بەرامبەر خوێنی ئەو شەهیدانە و خەباتی ئەو پێشمەرگانە.

 

هەڤاڵان و خوشک و برایانی هێژا

 

زۆرجار گوتوومانە دەبێ حکوومەتێکی بەهێز هەڵبژێردرێت، درووشمی ئەم هەڵبژاردنەش ئاواکردنی کوردستانێکی بەهێزە، لەبیر نەکەین کە کوردستانێکی بەهێز لە دەنگی ئێوەوە دەست پێدەکات، چونکە ئەگەر ئێوە هەموو بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگ بەو کاندیدانە بدەن کە باوەڕتان پێیان هەیە، بەرگری لە مافتان دەکات و موساوەمەی لێ ناکات و ئامادە نابێت کوردستان بفرۆشێ، ئەوانە بەرگری لە مافی ئێوە دەکەن و ئێوەش پشتیوانی دامەزراندنی حکوومەتێکی بەهێز دەبن کە ئەو حکوومەتە لە خزمەتتاندا دەبێ.

هەڤاڵانی هێژا
پارتی لە ڕۆژی دامەزراندنی تا ئەمڕۆ مەبەستی ئەوە بووە خزمەتکاری میللەتی خۆی بێ و بەرنامەی ئەوەیە کە میللەت سەروەر و دەسەڵاتدار و بڕیاردەر بێت. لای ئێمە ڕێبازی پارتی و بارزانی، دەسەڵات خزمەتکاری ئێوەیە و ئێوە بڕیاردەرن و ئێوە بە دەنگی خۆتان بڕیار دەدەن کە چارەنووسی کوردستان چۆن دەبێ و پەرلەمانی کوردستان لە لای کێوە دێتە پێکهێنان. ئەگەر کاندیدانی پارتی ئیشەڵا سەرکەوتنێکی مەزن بەدەست بهێنن، من هیوادارم و دەمەوێ سەرکەوتنێکی مەزن بەدەست بهێنین، ئەو سەرکەوتنە دەبێتە هاندەرێک بۆ ئەوەی کە هەموو بەرنامەکانی پارتی جێبەجێ بکرێ. ئێمە باوەڕمان بە پێکەوەژیان هەیە و بەو کەسانە هەیە کە لەسەر بابەتی نیشتمانی و بەرژەوەندیی نیشتمانی لەگەڵ پارتی یەک ڕەئی و هاوپەیمانن و لە حکوومەتی داهاتووشدا شەریک دەبین. دەمانەوێ کەس نەبێ ڕێگری لە ئەجێندای پارتی بکات بۆ ئەوەی ئاوەدانی و چاکسازی و بەرگری بکات، هەر هاوپەیمانییەکیش بکات، لەسەر بنەمای ئەو کەسانە دەبێ کە موساوەمە لەسەر مافی خەڵیک کوردستان ناکات.

خوشک و برایانی بەڕێز
ڕاستە هیچ بەڵێنێک نادەین، چونکە زۆرکەس رەنگە وەعد بدەن کە بڵێن ئەوە دەکەین، بەڵام هیچ ڕابردووێکیان نییە کە ئایا وەفادارن بەرامبەر پەیمانیان یان نا، بەڵام وەکوو پارتی بەڵینمان داوە خزمەتکاری ئێوە بین و پارێزەری نیشتمان بین و خۆمان بکەینە قوربانی بەرامبەر بە کوردستان، ٧٢ ساڵە ئەو پەیمانە دەپارێزین.


هەڤاڵانی هێژا
هەتا ئێمە ساخ بین، سەری خۆمان بۆ دوژمنان ناچەمێنین و موساوەمە لەسەر مافی ئێوە ناکەین و بۆ خزمەتی ئێوە تەخسیری ناکەین.

داوامان لە نوێنەرانتان لە پەرلەمانی داهاتوو ئەوەیە کە خزمەتی ئێوە بکەن و کوردستانێکی ئاوەدان و پێشکەوتوو لەسەر بنەمای پێکەوەژیان بکەن و تاوەکوو دەستکەوتی زیاتر بەدەست بهێنین و میللەتی ئێمە بگاتە ئەو قۆناغەی کە هەموو خەڵک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست حەسوودی پێ دێت و کە سەرکەوتن و پێشکەوتنی کوردستان وەکوو نموونە بێتە باسکردن.

هەڤاڵانی هێژا
پارتی لە مێژووی خۆیدا ئەوەی پێی کراوە، کردوویەتی. تەنیا بۆ بیرهێنانەوە حەز دەکەم ئەوە بەبیر خۆتان بهێننەوە، هەر کاتێک پارتی لە گۆڕەپانی سیاسیدا دیار نەبووبێ یان بووبێ بە قوربانیی پیلانێکی نێودەوڵەتی، ئەوە چ حزب و دەسەڵات و لایەن هەبووە کە لە ئامادەنەبوونی پارتی دەستکەوتی بەدەست هێناوە؟ لە ڕۆژی دامەزراندنی پارتییەوە تا ئەمڕۆ، هەرچی دەستکەوتی کوردستان هەبووە، پارتی دامەزرێنەر و بونیاتنەری بووە و تاوەکوو ئەمڕۆش پارتی سەرمەشقی ئەو دەستکەوتە دەبێ. پارتی ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتمانیی کوردستانی پاراستن و بووە هۆی ئەوەی دان پێدانانی نێودەوڵەتی بە هەرێمی کوردستان بکرێ و لە هەموو داستانەکاندا پشکی شێری قوربانییانی بەرکەوتووە و هەمو دەمێک پارتی خەڵکی خۆی بۆ ئەوە پەروەردە کردووە کە لە سەنگەری بەرگریدا بن. ئەمڕۆ ئێوە حەکەم بن، کاتێک کوردستان کەوتە بن هێرشی دڕندانەی تیرۆریستان، قوتابی کام ڕێباز چوونە سەنگەری بەرگری؟ هەقە پرسیار لە هەموو کەسێک بکەن کە بانگەشەی هەڵبژاردن دەکەن، پێیان بڵێن وەعد کافی نییە و ئێمە هەموو وەفاداری کەسانی ئەو ڕێبازەین کە دوێنێ بەرگرییان لە خاک و کەرامەتی ئەم میللەتە کرد. ئەو ڕۆژەیە کە ئێوە بڕیار لەسەر ئەدای پارتی و لایەنەکانی دیکەش دەدەن. هەرچەندە ئێمە هەموو ئەوانەی کردوومانە لەبەر ئەوە بووە کە باوەڕمان بەو ڕێبازە هەیە و ئامادەین دوێنێ و ئەمڕۆ و سبەش خۆمان بکەینە قوربانی ئەو خاک و میللەتە.
پارتی هەموو کاتێک سەری بەرز بووە، چونکە هێز و توانای پارتی خەڵکی کوردستان بووە، ئێمە هیچ جارێک نەچووین پشت بەم دەوڵەت و ئەو دەوڵەت گرێ بدەین، بەڵکوو پشتمان بە خوا و میللەتی خۆمان گەرم کرد.




دوایین هەواڵەکان

وەزارەتی پەروەردە بۆ قوتابیان و خوێندكاران: دووربن لەو فریودانانە

SATURDAY, 20 APRIL 2024 11:04:15

ھەولێر-KDP.info- وەزارەتی پەروەردە راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و دەڵێت، لەڕێی چەند پەیج و ئەكاونتێكەوە قوتابیان فریو دەدرێن، بۆیە لەگەڵ ئاسایش هاوئاهەنگی دەكرێ‌ بۆ رووبەڕووبوونەوەی تاوانكاری لەو شێوەیە.

 
وەزیری بازرگانی ھەنگاوەکانی وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵ بۆ KDP ئاشکرا دەکات

FRIDAY, 19 APRIL 2024 21:04:30

ھەولێر-KDP.info- وەزیری بازرگانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا بڕی وەرگرتنی گەنمی ھەرێمی کوردستان لەلایەن بەغدا دیاری نەکراوە، بڕیاریشە حکوومەتی ھەرێم و بەغدا بە ھەماھەنگی بڕەکە دیاری بکەن، بۆ ئەو مەبەستەش خۆمان ئامادەکردووە.

 
شاخەوان عه‌بدوڵڵا بۆ KDP: دەرکردنی ئەو ماڵە کوردانەی خانەقین ڕاگیرا

THURSDAY, 18 APRIL 2024 23:04:20

ھەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتی، دەرکردنی ئه‌و ماڵە کوردانه‌ی لە خانووی شارەوانی بوون کە بڕیاری لێدرابوو راگیرا.

 
ڕێگای نێودەوڵەتی ھامڵتۆن نوژەن دەکرێتەوە

THURSDAY, 18 APRIL 2024 20:04:17

سۆران _KDP.info_بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتی: بە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕێگای نێودەوڵەتی ھامڵتۆن لە نێوان ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران نوژەن دەکرێتەوە.‌

 
پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی پێشوازیی لە شاندێکی کۆمەڵەی دۆستایەتی کورد و ئەڵمان کرد

THURSDAY, 18 APRIL 2024 17:04:30

ھەولێر-KDP.info- شاندێکی  کۆمەڵەی دۆستایەتی  کورد و ئەڵمان سەردانی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستانیان کرد و هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەب و ژمارەیەک لە ستافی دێسک و یۆنیتەکانی مەکتەب  پێشوازیان لێ کردن.



 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact