هەولێر-KDP.info- بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازی لە کۆنسووڵی نوێی هەنگاریا کرد. لە دیدارەکەدا کونسووڵی هەنگاریا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە پێشکەشکردنی هاوکارییە مرۆیی و سەربازییەکانی بۆ هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوی ناتۆدا.
هۆشیار سیوەیلی پێشۆازیی لە فێرێنج دەیڤد، کۆنسووڵی گشتیی هەنگاریا و شاندی یاوەری کرد. سیوەیلی بە ناوی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە پیرۆزبایی لە بەڕێز دەیڤد کرد بۆ ئەم پۆستە نوێیە، وەکو کۆنسووڵی وڵاتەکەی لە هەرێمی کوردستان و، پیرۆزبایی لە عەقید تۆماس، بەرپرسی بەشی سەربازیی کۆنسووڵخانەی هەنگاریا کرد و، سوپاسی پێزانینی ئاراستەی ستافی پێشوو کرد کە کاری زۆر باشیان لە بەرژەوەندیی هەردوو گەلدا ئەنجام داوە.
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی سوپاسی گەل و حکوومەتی هەنگاریای کرد بۆ هاوکاری و مەشقی سەربازی کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشدا پێشکەش بە هەرێمی کوردستانیان کردووە. لەو دیدارەدا هۆشیار سیوەیلی باسی دواین پێشهاتە سیاسییەکان و بارودۆخی هەرێمی کوردستان و عێراقی بۆ شاندی میوان خستە ڕوو و گوتی، بارودۆخ و پەیوەندییەکانی ئێستای نێوان حکوومەتی عێراقی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان پێویستی بە دووبارەداڕشتنەوە و ڕێککەوتنی نوێ هەیە بە مەبەستی گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی زیاتر و ڕێککەوتن بۆ بەدەستهێنانی سەقامگیری و ئاسایش و ئارامی و باشترکردنی بژێوی هاووڵاتییان.
لەو گفتوگۆیەدا سیوەیلی گرنگیی هەماهەنگی و کاری پێکەوەیی خستە ڕوو کە لە ڕێگەیەوە دەتوانرێت ئاشتی بەرقەرار بکات، لە درێژەی گفتوگۆگاندا سیوەیلی باسی هەوڵەکانی پێکهێنانی حکوومەتی عێراق و ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی بۆ شاندەکە کرد و گوتی، ئێمە هەموو هەواڵەکانی خۆمان دەخەینە گەڕ تاکو بتوانین وەکو کورد بە یەکدەنگی و بۆ بەدەستهێناتی مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان بچینە بەغدا.
دەربارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش سیوەیلی ڕایگەیاند، پێویستە حکوومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان حکومەتێکی بەهێز بێت، تاکو بتوانێت خزمەتی زیاتر بە دانیشتوانی هەرێمی کوردستان بکات.
دەیڤد، کۆنسووڵی گشتیی هەنگاریاش سوپاسی بەرپرس و مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستانی کرد کە هەمیشە هاوکار بوون و کارئاسانییان بۆ کردوون و هەماهەنگی بووە لە بەرەوەپێشەوەچوونی پەیوەندییەکانیان. گوتیشی، وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە پێشکەشکردنی هاوکارییە مرۆیی و سەربازییەکانی بۆ هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوی ناتۆدا. جەختی لە گرنگیی پەرەپێدان و بەرەوەپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو لا کردووە لە بوارەکانی ئابووری و بازرگانی و کەلتووری و زانستی و بوارەکانی دیکەدا.
هەردوولا بە گرنگییەوە باسیان لە پەیوەندی و هەماهەنگیی بەردەوامی هەردوولا کردوە، پێویستە کار و چالاکییەکانی کۆنسووڵخانەی هەنگاریا زیاتر فراوان بکرێت، تاکو لەو ڕێگەیەوە زیاتر خزمەت بە پەیوەندییەکانی هەردوو گەل بکات.