هەولێر-KDP.info- مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بەبۆنەی جەژنی قوربانی پیرۆز، لە پەیامیدا دەڵێ، ئاواتەخوازین ئەو بۆنە پیرۆزە ببێتە مایەی ئایندەیەكی گەش بۆ گەلەكەمان و كوردستانیش هەر لە پێشكەوتن و ئاوەدانیی و ئارامیی دا بێت.
دەقی پیرۆزبایینامەی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بەبۆنەی جەژنی قوربانی پیرۆز:
بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی قوربانی پیرۆز، گەرمترین پیرۆزبایی لە سەرجەم موسڵمانانی كوردستان و عیراق و جیهان دەکەین و، بە شێوەیەکی زۆر تایبەت پیرۆزبایمان ئاراستەی خانەوادە و كەس و كاری سەربەرزی شەهیدە نەمرەكان و هێزی پێشمەرگەی كوردستان و کادیر و هەڤاڵانمان دەکەین، هیوادارین گەلەكەمان هەمیشە هەر بەختەوەرو ئاسوودە بێت و هەر رۆژێكی جەژن و شادی و كامەرانی بێت.
جەژنی پیرۆزی قوربان، جەژنی تەبایی و برایەتی و لێبووردەییە، هەڵگری پەیامی ئاشتەوایی و خێروخۆشیی و بەرەكەتە بۆ گشت مرۆڤایەتی و موسڵمانان، بۆیە ئومێد دەخوازین ئەو بۆنە پیرۆزە دەرفەتێك بێت بۆ زیاتر قووڵكردنەوەی گیانی پێكەوەژیان و دابینكردنی ئارامیی و ئاسوودەیی بۆ تەواوی چین و توێژەكانی كۆمەڵگەو پێكهاتە جیاجیاكانی گەلەكەمان، هەروەها موژدەبەخشی زیاتری خۆشگوزەرانی و خێروخۆشی بێت بۆ گەلەكەمان بەتایبەتی لەو هەلومەرجەی ئەمڕۆماندا بۆ چارەسەركردن و یەكلاییكردنەوەی گیروگرفت و كێشەكان و كۆتاییهێنان بە دەردەسەریی و مەینەتییەكان و گەیشتن بە ئامانج و داخوازیە رەواكانمان.
ئاواتەخوازین ئەو بۆنە پیرۆزە ببێتە مایەی ئایندەیەكی گەش بۆ گەلەكەمان و كوردستانیش هەر لە پێشكەوتن و ئاوەدانیی و ئارامیی دا بێت.
جارێكی دیكە جەژنی قوربانی پیرۆز لە هەموو لایەك پیرۆز بێت...
مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان