شنگال-KDP.info- پەکەکە تۆمەتبارە بە ڕفاندنی منداڵانی کوردی ئێزدی و بە پێی زانیارییەکان ٣٠٠ منداڵی ئێزدی لە لایەن پەکەکەوە ڕفێندراون و بەشێک لەوانە بۆ قەندیل براون و مەشق و ڕاھێنانیان پێ دەکرێت.
لە کاتی ھێرشی گرووپی تیرۆرستیی داعش بۆ سەر دەڤەری شنگال ژمارەیەک چەکداری پارتی کرێکارانی کوردستان کەڵکیان لەو بۆشاییە ئەمنییەی ناوچەکە وەرگرت و بە زۆر خۆیان بەسەر شنگالدا سەپاند. کاوە عیدۆ خەتاری، سەرۆکی ڕێکخراوی جڤین بۆ گەشەپێدانی کوردانی ئێزدی، پێی وایە ھەبوونی ھێزەکانی پەکەکە و ھێزەکانی دیکەی وەک حەشد و هێزەکانی عێراق بوونەتە سەرچاوەی کێشە بۆ دەڤەری شنگال و یەکێک لە ھۆکارەکانی سەقامگیرنەبوونی ڕەوشی قەزای شنگال بۆ ھەبوونی ئەو ھێزانە دەگەڕێتەوە.
کوردانی ئێزدی پەکەکە بە ڕفاندنی منداڵەکانیان تۆمەتبار دەکەن لە شنگال و تا ئێستا ژمارەیەک منداڵ دیار نەماون و دواتر دەرکەوتووە لە نێو ھێزەکانی پەکەکەدان. کاوە عیدۆ بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای کرد: "جگە لە ئاڵۆزکردنی ڕەوشی شنگال، پەکەکە دەستی ھەبووە لە ڕفاندنی ژمارەیەک ھاووڵاتیی کوردی ئێزدیدا و بە پێی ئاماری بەردەست تا ئیستا ٣٠٠ منداڵ و ھەرزەکاری ئێزدی لە لایەن پەکەکەوە ڕفێندراون."
خەتاری ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ئەو ئێزدییانە بە دوو شێوە ڕفێندراون لە لایەن پەکەکەوە، بەشێکیان لە کاتی ھێرشی سەر شنگال ڕوویان لە ڕۆژئاوای کوردستان کردووە و لەوێ پەکەکە چەکداری کردوون، بەشێکی دیکە لە شنگال ڕفێندراون و زانیاریمان ھەیە بردراون بۆ قەندیل و شوێنەکانی دیکەی کوردستان، کێشەی سەرەکی لەوەدایە زۆرێک لەوان لە خوار تەمەنی یاسایی و بە پێی یاسا نێوخۆیی و جیھانییەکان قەدەغەیە کاری سیاسی و چەکداری بەو منداڵ و ھەرزانە بکرێت."
قائید میرۆ