ئامانج عه‌بدوڵڵا سوور
كۆمه‌ڵكوژیی وجینۆسایدیی كوردانی ئیزدی له‌لایه‌ن تێرۆرستانی داعشه‌وه دڕندانه‌ترین كۆمه‌لكوژیی سه‌ده‌ی بیستویه‌كه‌مه و به‌و دیرانه‌وه خۆی خزانده ناو یادگه‌یه‌كی تاڵی مرۆڤایه‌تییه‌وه كه خوێنیان لێ ده‌چۆڕێ و، ئێستایشی له‌سه‌ربێت ش‌نگال به ده‌ست ئه‌م ئازاره‌وه په‌رێشانه.
كوردانی ئێزدی جیا له‌وه‌ی قه‌تڵ و عام كران و له فۆرمێكی تری ئه‌نفالدا هه‌وڵی له‌نێوبردنی به‌كۆمەڵیان درا و كۆمه‌ڵكوژ كران، هاوكات تیرۆرستان ئازارێكی قورسیان له دوی خۆیان به‌جیهێشت به خاپووركردنی نیشتیمان و سڕینه‌وه‌ی جوانییه‌كان و رفاندن و بێسه‌روشوێنكردنی ژماره‌یه‌كی زۆر و بێشوماری كوردانی سه‌ربه‌رزی ئێزدی.
له‌م ماوه پڕله‌نیگه‌رانییه‌دا كوردانی ئێزدی، به دیار رۆژه قورسه‌كانی ژیانه‌وه ئیراده‌یان له ده‌ست نه‌دا و به‌رده‌وام بوون له‌سه‌ر یه‌قینی كوردبوون و خه‌بات بۆ ژیانێكی ئازاد.
له‌وه‌ها دۆخێك‌دا چاوه‌ڕوانی میلله‌تێك له فریادڕه‌س و ڕزگاریكاردا ئاوێته ئه‌بێت بۆ ده‌ربازبوون له‌و قه‌ساوه‌ته‌وه‌ی ده‌رگیری بووه.
نیچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌رباری ئه‌و هه‌موو قه‌یرانه‌ی یه‌خه‌ی ئه‌م وڵاته‌ی گرتۆته‌وه له‌لایه‌ك له نیوه‌ی ڕێگا به‌شێك له حزبه به ناو شه‌ریكه‌كانی حكوومه‌ت له به‌رپرسیارێتی رایان كرد و مه‌شاقه‌تی رێی دووریان بۆ به‌جێهیشت، به‌ڵام به شوناسی ده‌وڵه‌تمه‌داره‌وه توانی شان بداته به‌ر به‌رپرسیارێتیی نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌یی و له‌سه‌ر نه‌خشه‌ڕێی سه‌رۆك بارزانی ئیراده‌ی به‌رزی چه‌سپاند.
هه‌رله‌م میانه‌شدا شكۆی حوكمڕانییه‌كی به دیققه‌ت و سه‌ركه‌وتووی راگه‌یاند؛ ئاخر كه كوردانی ئیزدی له سه‌رده‌ستی كه له ژه‌هر وایه تیرۆرستییه‌كان رووبه‌ڕووی جینۆساید بوونه‌وه و ژماره‌یه‌كی زۆریان لێ رفێندرا و بێسه‌روشوێن كران، خه‌می قووڵیان چاوه‌ڕانیی ئومیدێك بوو بۆ گه‌رانه‌وه و به دووی فریادڕه‌سێكه‌وه بوون.
هه‌ر له‌و ساته‌وەخته تراژیدییه‌دا نێچیرڤان بارزانی بوو به فریادڕه‌س و له‌سه‌ر بودجه‌ی ئۆفیسی خۆی، ئه‌ركێكی تری نیشتیمانی له ئه‌ستۆ گرت و توانی زۆرترینی ونبووان و بێسه‌روشوێنكراوانی جینۆساید بگه‌ڕێنێته‌وه زێدی خۆیان.
ئۆفیسی رزگاركردنی رفێندراوان كه سه‌ر به نووسینگه‌ی تایبه‌تی نێچیرڤان بارزانییه، له ماوه‌یه‌كی پێوانه‌ییدا توانی 3312 كه‌سی رفێنراو ئازاد بكه‌ن، هه‌ڵبه‌ت له‌م بواره‌شدا ده‌زگای ئه‌منیی كوردستان رۆڵی پڕ له بایه‌خیان بینووه و به‌شێكی هه‌ستیاری پرۆسه‌كه بوون.
كۆی گشتی رفێنراوان به 6417 مه‌زه‌نده ده‌كرێت كه‌واته نیوه زیاتریان له‌م پرۆسه‌یه‌دا دۆزراونه‌ته‌وه ئه‌مه جگه له‌وه‌ی بۆ یه‌ك جاریش حكوومه‌تی ناوه‌ندی عێراقی هیچ هه‌ڵوێستێكی ئه‌رێنی نه‌بووه وه‌ك ئه‌وه‌ی له پرۆسه‌ی ئازادیی مووسلدا ئاماده نه‌بوون هه‌ماهه‌نگی بكه‌ن بۆ خاتری گه‌ڕان به دووی رفێندراواندا سنووره‌كانیان به رووی تیرۆرستاندا دانه‌خست.
سه‌رئه‌نجام حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ئۆفیسی ڕزگاركردنی رفێندراوان، لێبڕاوانه له‌م پرۆسه‌یه‌دا تاهه‌نوكه به‌رده‌وامه.
له ساڵیادی جینۆسایدكردنیاندا ش‌نگال و كوردانی سه‌ربه‌رزی ئێزدی له هه‌موو كات زیاتر له چاوه‌ڕوانیی ئه‌وه‌دان له په‌نا گوفتاریك یه‌قینی كرده‌نی به دی بكه‌ن، هه‌روه‌ك چۆن سه‌رۆكی حكوومه‌تی كوردستان لێبڕاوانه په‌یڕه‌وی لێكردووه و له‌سه‌رئاستی جیهان په‌رۆشه بۆ جینۆسایدناساندنی ئه‌م كه‌یسه هه‌ستیاره و له خه‌می گه‌وره‌ی كوردانی ئێزدیدایه.
بایه‌خدان به ش‌نگال و به‌پیره‌وه‌هاتنیان، ئه‌وپه‌ڕی پێویستیی ئه‌م بارودۆخه‌یه و هه‌وڵدانێكی په‌تییه بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئومێد به ژیان.