هەولێر-KDP.info- شاندێكی نێردە و ڕاوێژكاری یەكێتیی ئەورووپا بۆ كاروباری ئەمنی، لە دیدارێكیاندا لەگەڵ بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر، ستایشی هێزە ئەمنییەكانی هەولێریان كرد لە دابینكردنی ئەمنییەت و سەقامگیری بۆ هاووڵاتیان.
ئەمڕۆ (۱۹/۷/۲۰۱۸)، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر، لیوای مافپەروەر، عەبدولخالق تەڵعەت، پێشوازیی لە شاندێكی نێردە و ڕاوێژكاری یەكێتیی ئەورووپا بۆ كاروباری ئەمنی كرد.
لە دیدارەكەدا، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر، باسی لە پاراستنی ئەمنییەتی شاری هەولێر كرد و گوتی: هەموو هەوڵێك خراوەتە گەڕ بۆ پارێزگاریكردن لە سەروماڵی هاووڵاتیان و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆش بەردەوام لە ئەرك و ئامادەباشیدان تا خەڵك لەوپەڕی ئارامیدا بژین.
شاندەكەی نێردە و ڕاوێژكاری یەكێتیی ئەورووپا بۆ كاروباری ئەمنی، ستایشی ڕۆڵی پۆلیس و هێزە ئەمنییەكانیان كرد بۆ پاراستنی ئارامیی شاری هەولێر و ڕایانگەیاند: ئەو ئارامی و سەقامگیرییەی لە كوردستان بە گشتی و بە تایبەتیش لە هەولێر هەیە، جێی دەستخۆشییە و لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا كەموێنەیە.
"یەكێتیی ئەورووپا، خۆشحاڵە كە لە ناوچەكەدا كوردستان ئارامترین شوێنە و جگە لە دابینكردنی ئەمنییەت بۆ هاونیشتمانیانی هەرێم، نزیكەی 2 ملیۆن ئاوارەی ڕۆژئاوای كوردستان و ناوەڕاست و خوارووی عێراقیشی حەواندووەتەوە". ئەمە قسەكانی نێردە و ڕاوێژكاری یەكێتیی ئەورووپا بوون.
ئومێد بابان