Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
FRI, 20 JUL 2018 15:23 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
نوێبوونەوە . دادپەروەری . پێکەوەژیان
 

كورد بچێتە ناو چ جۆرە هاوپەیمانێتییەك؟
| KDP.info


شاخەوان برایم عەبدوڵڵا

ئێستا عێراق بەبێ پەرلەمانە و حكوومەتی كاربەڕێكەریش بە سەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی، كەمتر لە مانگێكی لە پێشدا ماوە و كۆمیسیۆنیش سەرقاڵی ژماردنەوەی دەستیی دەنگەكانە لە چەند ناوچەیەكی عێراقدا، بەشێوەی سنووردار، رەنگیشە ئەم هەنگاوەی كۆمیسیۆنیش گۆڕانكارییەكی ئەوتۆ لە ئەنجامەكان نەكات، بەڵام هەر خۆی، مانای كێشەیەكی ئاڵۆز لە عێراقدا دەگەیەنێت، بەوپێیەی تاوەكو ئێستا پەرلەمانی تازە دانەنیشتووە و هێزە براوەكانیش هەر یەكەیان بە بیانووێكەوە چاویان لە پۆستی سەرۆكوەزیرانە و رۆژێك نێوانیان خۆشە، رۆژی دوایی، مۆڕە لە یەكتری دەكەن.

چەند هەفتەیەك پێش ئێستا، هاوپەیمانێتی فەتح و هاوپەیمانێتی سائیروون، بە خەندەی سیاسییەوە، چوونە پاڵ یەكتری و ئێستاش دەگوترێت نێوانی فەتحی هادی عامری و سائیروونی موقتەدا سەدر خۆش نییە، ئەگەرچی تاوەكو ئێستاش لە چوارچێوەی یەك هاوپەیمانێتیدان، كە لە دوای هەڵبژاردنەوە رایانگەیاندووە، بەڵام ئەوە مەرج نییە بۆ هاوهەڵوێستی راستەقینەی نێوانییان، هەركە بەرژەوەندی لایەك، گۆڕانی بەسەرداهات، هەموو شتێكی نێوانییان هەڵدەوەشێتەوە! ئاخر ئەوە عێراقە و دەكرێت لە هەر ساتەوەختێكی چاوەڕواننەكراودا، شتی سەیر سەیر لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراقدا رووبدات و بە هۆیەوە ئاڵۆزیی بكەوێتە نێوان هێزەكانەوە، لەبەر ئەوەی هیچ هێزێكی عێراقی عەرەبی، بە شیعە و سوننەوە، سەربەخۆنین و هێندەی وەلائیان بۆ هێزە دەرەكییەكان هەیە، كەمتر عێراقین.

دەی ئێستا عێراق لە دۆخێكدایە زۆر روون نییە كام لایەنە دەتوانێت پۆستی سەرۆكوەزیران ببات، ئەگەرچی چاوەكان زیاتر فۆكەس دەخەنە سەر سائیروون، بەڵام ئەوەش هەروا ئاسان نییە، ئەوەی بڕیار دەدات كێ ببێتە سەرۆكوەزیران، راگەیاندنی هاوپەیمانێتییەكی زۆرینەیە لە پەرلەماندا، نەك شتی دیكە، ئێستاش دروستكردنی ئەو هاوپەیمانێتییە ئاڵۆزە، دروستە ئێستا لەسەر شاشە نێوانی سائیروون و فەتح و نەسر وێنایەكی وا نیشاندەدات، گوایە هاوپەیمانن، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە بۆچی تاوەكو ئێستا نەیانتوانیوە لەسەر كەسێك بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران رێكبكەون؟ هەڵبەت ئەمە مانای وایە هێشتا كێشەگەلی جەوهەری ماون، بۆ ئەوەی ئەو هێزانە بتوانن لەسەر كەسێك بۆ ئەو پۆستە رێكبكەون، هەموو ئەمانەش هاوكاتن كە عێراق هەر خۆی تژییە لە ململانێ و كێشەی مەزهەبی و سیاسی و تەنانەت باڵادەستی هۆزەكان و بە دروستكردنی حكوومەتیش چارەسەر نابن!

لە چەند رۆژی رابردوودا، شاندی هاوپەیمانێتی فەتح و لیستی دەوڵەتی یاسا، سەردانی هەولێریان كرد، ئەمەش لە كاتێكدایە كە پێشووتریش كۆی لایەنە براوەكانی عێراق، ئاماژەیان بەوە كردووە بەبێ كورد حكوومەت دروست ناكەن، دەكرێ ئەمە خاڵێكی باش بێت، ئەگەر لە ناچاریشیان بێت، تەنانەت لەبەر هیچ نەبێت، كورد خاوەنی نزیكەی شەست كورسییە و ئەگەر هاوپەیمانێتییەكی كوردی هەبووایە، لەسەر ئاستی هاوپەیمانێتییەكان كورد براوەی یەكەم دەبوو، بەڵام لە بەختی كوردە كە ململانێ سیاسییەكان ئەمجۆرە دەرفەتانە لە دەست نەتەوەی كورد دەدەن.

رەنگە دوای شاندی فەتح و دەوڵەتی یاسا، هێزەكانی دیكەش بێنە هەولێر، یان شاندی كوردستان بچێتە بەغدا، ئەمە ئەگەرێكی كراوەیە و گرنگیشە كورد بە زمانی لووسی ئەو هێزە عەرەبییانە تێنەكەوێت، پێویستە بە لای كوردەوە زۆر گرنگ نەبێت كە عامری، یان عەبادی و مالیكی دەبنە سەرۆكوەزیران، ئاخر ئەو كەسایەتییانە لە پەیوەست بە كورد، یەك تێڕوانینیان هەیە و بە یەكەوەش لە ئۆكتۆبەردا هێرشیانكردە سەر كوردستان، تەنانەت سەرایا سەلامی، گرووپەكەی موقتەدا سەدریش لەناو حەشدی شەعبی بوون لە كاتی هێرشی ئۆكتۆبەردا، كەوایە یەك دیدگەی سیاسییان بەرانبەر كورد هەیە. بۆیە بەشداریكردنی كورد لە هەر هاوپەیمانێتییەك پێویستی بە گرەنتی مسۆگەركردنی مافەكانی كوردەوە هەبێت، نەك بكەوێتە ژێر سۆز و عاتیفەی ئەم سیاسی و ئەو سەركردەیەی عێراقی، بەوپێیەی لە كاتی گەیشتن بە كورسی سەرۆكوەزیران، هەموویان بەرانبەر كورد دەچنەوە ناو قاڵبی راستەقینەی خۆیان و رەنگە زیاتر لە جاران دژایەتی كورد بكەنەوە، ئەمە ئەزموون سەلماندوێتی، هەروەها گرنگە كورد ئەمەش لە بەرچاو بگرێت پێكەنین و قسەی باق و بریقی ئێستای سەركردە و هاوپەیمانێتییە عەرەبییەكان بەرانبەر كورد، واقیعی نین و لە قۆناغی راگوزەردان بۆ گەیشتن بە كورسی سەرۆكایەتی حكوومەت و دەكرێت دواتر خەندەكان ببنەوە چاوسووركردنەوە و هاتنی شاندەكانیش بۆ هەولێر، بە هێرشكردنە سەر كوردستان بگۆڕدرێن!

دەی هەموو ئەوانە ئەگەرن و ئێمەش تازە بە قۆناغی ئۆكتۆبەردا تێپەڕیوین، ئەگەرچی بە نیسبەت كوردەوە، ئێستا و رۆژی ئۆكتۆبەر وەك یەك وان، ئاخر هێشتا ناوچەكان داگیركراون، بەڵام تێپەڕینەكە مەبەست لەوەیە هەڵبژاردن ئەنجامدراوە و لە قۆناغی پێكهێنانی حكوومەتی نوێداین، ئاساییە هەندێك لە گرژییەكانیش كەمببنەوە، هەر هیچ نەبێت لەم قۆناغەدا و بۆ ئێستای كوردیش باشترە خۆی لەگەڵ دۆخەكەدا بگونجێنێت بە داواكردنی مافەكانی لە رێگەی دەستوورەوە.

كەوایە گرنگە كورد پێش ئەوەی چاوی لەسەر كەسەكان بێت بۆ چوونە ناو هەر هاوپەیمانێتییەك، یانی سەرۆكوەزیرانی، پێویستە بیری لای ئەوە بێت، كام هێزە دەتوانێت خواستی كورد بەدی بهێنێت، ئینجا گرنگ نییە، مالیكی، یان عەبادی و عامری پۆستەكە وەردەگرن، بەڵكو گرنگ ئەوەیە خواستی كورد رەچاو بكرێت لە دروستكردنی هاوپەیمانێتی بۆ پێكهێنانی كابینە، بەوپێیەی ئەو عەقڵییەتەی بەغدا بەرانبەر كورد، یەك عەقڵییەتن، ئەوەی لەسەر كوردیشە، دەبێ بە ئاگاداری كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەتایبەتیش ئەمەریكا بچێتە ناو حكوومەتەوە، بۆ ئەوەی لە كاتی دروستكردنی حكوومەتدا، كورد بە گوێرەی یاسا و رێككەوتنەكان و بە ئاگاداری كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داوای مافەكانی بكات.




دوایین هەواڵەکان

چەواشەکارییەکان لە بارەی سەدی بێخمەوە هەر بەردەوامن

FRIDAY, 20 JULY 2018 12:07:22

چاودێرێک
هیچ شتێک لەوە ئاسانتر نییە کای کۆن بە با کەیت و حەقیقەتەکان ئاوەژوو بکەیتەوە، بەشكم نانێكی لێ بخۆی. شانۆنووسی گەورەی ئەلمانی دەڵێ: ئەوەی هەقیقەت نازانێ، گێلە و ئەوەیشی دەیزانێ و خۆی لێ گێل دەکات تاوانبارە! جا نازانین هەڵسوڕێنراوانی ئەو چەند میدیا کوردی و عەرەبییەی بە یەک نیەت و میلۆدی باسی هۆکاری دروستنەکردنی بەنداوی بێخمە دەکەن، لە توخمی گێلەکەن یا تاوانباران!

نێردە و ڕاوێژكاری یەكێتیی ئەورووپا ستایشی هێزە ئەمنییەكانی هەولێر دەكەن

THURSDAY, 19 JULY 2018 17:07:38

هەولێر-KDP.info- شاندێكی نێردە و ڕاوێژكاری یەكێتیی ئەورووپا بۆ كاروباری ئەمنی، لە دیدارێكیاندا لەگەڵ بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر، ستایشی هێزە ئەمنییەكانی هەولێریان كرد لە دابینكردنی ئەمنییەت و سەقامگیری بۆ هاووڵاتیان.

 
"حکوومەتی ھەرێم ئامادەکاری بۆ پڕۆژەبودجەی ساڵی ٢٠١٩ دەکات"

THURSDAY, 19 JULY 2018 15:07:02

هەولێر-KDP.info-  لە لایەن وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە ھەموو وەزارەتەکان ڕاسپێردراون کە ئامادەکاری بکەن بۆ بودجەی ساڵی دابێ. بەرپرسێکی وەزارەتی پەروەردە ئاشکرای کرد، ئەگەر بودجە بۆ ساڵی دابێت دابین بکرێت، مامۆستاش دادەمەزرێنن.

 
"داعش و حەشد هەریەکەو لە لایەکەوە هەڕەشە لە کوردانی کاکەیی دەکەن"

THURSDAY, 19 JULY 2018 15:07:32

هەولێر-KDP.info-  کوردانی کاکەیی لە نێوان داعش و حەشدی شەعبیدا بوونەتە قوربانی و لە لایەک حەشد دەیەوێت بەزۆر چەکیان بکات و لە لایەکی دیکەوە شەوانە داعش ھەڵدەکۆتێتە سەریان. چالاکێکی کوردی کاکەیی دەڵێ، خەریکە ناوچەکە چۆڵ دەبێت لە کاکەیی و بە ھەموو لایەک ھەر زوڵم لە کاکەیی دەکەن.

 
"ژێرخانی ئەلکترۆنیی ئەمەریکا لەژێر هەڕەشەی ڕووسیادایە"

THURSDAY, 19 JULY 2018 15:07:10

هەولێر-KDP.info- گەورەترین کێشە کە بۆ هەڵبژاردنی مانگی ١١ی ئەمساڵ  بەرۆکی بە ترامپ گرتووە، پرسی دەستوەردانی ڕووسیایە لە ژێرخانی ئەلکترۆنیی دیجیتاڵیی ئەمەریکا، بۆیە ترامپ بەرەو کوێ دەچێ ئەو پرسە بە دوایی دێت.

 


 
© 2018 Kurdistan Democratic Party, KDP