Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
TUE, 25 SEP 2018 22:44 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
نوێبوونەوە . دادپەروەری . پێکەوەژیان
 

پرۆسەی سیاسی دوای هەڵبژاردنی 2018ـی پەرلەمانی عێراق
| KDP.info


د. عەرفات كەرم ستوونی

هەڵبژاردنی ئەم دواییە گورزێكی بەهێز و گەورە بوو بۆ زۆربەی حزبە سیاسییەكانی عێراق، هەروەها بۆ زۆر لەو دەوڵەتانەی گرنگی بە كاروباری عێراق دەدەن، چونكە ئەم هەڵبژاردنە هەندێ دەموچاوی بزر كرد، ئەوانەی كە لافی سەركەوتنی گەورەیان لێدەدا، هەندێ حزبی دیكەشی زیندەبەچاڵ كرد، ئەوانەی كە پێش هەڵبژاردن شانازییان بەوە دەكرد كە ئەنجامی سەرسوڕهێنەر بەدەست دێنن، چەند حزبێكیش ئەنجامی باشیان بەدەست هێنا كە هەندێكی دیكە گرەوی شكست، یان لەناوچوونیان بۆ دەكردن، بەڵام هەموو پێشبینییەكان نادروست بوون.
كێ پێشبینی دەكرد كە موقتەدا سەدر ئەم ئەنجامە بەدەست دەهێنێت؟ كێ بڕوای دەكرد كە پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر ئاستی عێراق ئەم ئەنجامە گەورەیە بە دەست بێنێ؟ لەگەڵ ئەوەی كە هەندێ لایەنی سیاسیی عێراقی و كوردستانی چاوەڕوانیان دەكرد پارتی دیموكراتی كوردستان هەر پشتگوێ دەخرێت و لەبیر دەكرێت! ئەم ئەنجامانە هاوكێشەكەیان گۆڕی، لایەنە سیاسییەكانی ناوخۆو دەرەوەیان ناچاركرد مامەڵەی لۆژیك لەگەڵ ئەم واقیعە تازەیەدا بكەن.
ئەوەی كە پەیوەستە بە حەیدەر عەبادییەوە، ئەو شكستی هێنا و شانازیی ئەوەشی دەكرد كە عێراقی لە داعش و هەرەسی ئابووری رزگار كردووە، هاوكات رووبەڕووی گەندەڵی و گەندەڵكاران بۆتەوە، لەوەش گرنگتر وای بۆ دەچوو كە عێراقی لە مەترسیی دابەشكردن رزگار كردووە، لەگەڵ ئەوەی كە رزگاركردنی عێراق لە داعش نەدەهاتە دی ئەگەر هێزەكانی پێشمەرگە نەبوایە كە ئەفسانەی داعشیان تێكشكاند.
موقتەدا سەدر لەم هەڵبژاردنەدا لە ئاكامی ئەو هاوپەیمانییەی پێك‌هێنا بە ناوی (سائروون) سەركەوتنی بەدەست هێنا، ئەو هاوپەیمانییە لە چەند حزبێكی سیاسیی مەدەنی پێك‌دێت دیارترینیان حزبی شیوعیی عێراقییە، رەنگە خوێنەر بپرسێت نهێنیی ئەو سەركەوتنە چییە؟ بێگومان موقتەدا سەدر كەسایەتییەكی كاریزمایە چونكە سەر بە بنەماڵەیەكی دێرینی عێراقی و ئایینییە كە بە ئال سەدر ناسراوە، یەكێك بووە لە سەرسەخترین بەرهەڵستكار دژی بوونی ئەمریكاییەكان لە عێراق، دوای ساڵی 2003 سوپای مەهدیی دامەزراند، شەڕوشۆڕ لەنێوان لایەنگرانی لە سوپای مەهدی و لەنێوان سوپای ئەمریكادا رووی دا، لە ساڵی 2007 پڕۆژەیەكی نیشتمانی راگەیاند تێیدا داوای دەوڵەتێكی مەدەنیی عێراقی كرد دوور لە دەستتێوەردانی دەرەكی، دیارترین ناوەڕۆكی ئەم پڕۆژەیە وەستان بوو دژی دەستتێوەردانی ئێران. من كاتێ سەردانی نەجەفم كرد دەربارەی ئەو پرۆژە نیشتمانییە قسەم لەگەڵدا كرد، داوای لە ئێمە كرد لە پارتی دیموكراتی كوردستان كە پشتگیریی بكەین لەم پرۆژەیە بۆ رزگاركردنی عێراق لە تایفەگەری و پشكپشكێنە و گەندەڵی، بەغدایش بۆ یەكەم جار خۆپیشاندانی دژواری بەخۆیەوە دی كە دروشمی (ئێران بۆ دەرەوەو بەغدایش ئازادە)یان دەگوتەوە، ئەم دروشمە كاریگەریی زۆری لە شەقامی عێراقی هەبوو، خاڵێكی گۆڕانگاری بوو دوای 15 ساڵ لە مێژووی پرۆسەی سیاسیی دیموكراسیی عێراق، ئەم خاڵە گرنگترین هۆكارە كە وای كرد لەم هەڵبژاردنەی ئەم دواییە سەركەوتنی گەورە بەدەست بهێنێت، ئەوەندەی نەبرد سەدر لەگەڵ فەتح بە سەرۆكایەتیی هادی عامری هاوپەیمانیی پێك‌هێنا، ئەم هاوپەیمانییە لە ئێرانەوە بەسەریدا سەپێنرا، واتا لە ترسان نەك بە حەزی خۆی لەسەری رازی بوو، بە مەرجی ئەوەی كە ئێران هیچ كەسایەتییەك لە حزبی دەعوە كاندید نەكات، بۆیە ئەو هاوپەیمانییە هیوا و ئامانجی عێراقییەكانی لەبار برد لە رووی رەوتە مەدەنی و دیموكراسییەكان و چینی رۆشنبیر كە زۆر ئومێدیان لەسەر سەدر هەڵچنیبوو.
پێكهێنانی هاپەیمانییەكان و گومانبردن لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان و كۆبوونەوەكانی پەرلەمانی عێراقیش هەر بەردەوامن، هەندێك سەركەوتنی خۆی راگەیاندووە بۆ پێكهێنانی گەورەترین كوتلە، هەندێكی دیكە چاوەڕوانی ئەنجامی هەڵبژاردنەكەیە دوای شكستهێنانی سیستەمی ئەلیكترۆنی، هەندێكیش هەن دەیانەوێت هەڵبژاردن دووبارە بكرێتەوە لەگەڵ هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان، پرۆسەی سیاسی لە قۆناغێكی مەترسیدایە، چەند رۆژێك ماوە بۆ كۆتایی خولی ئێستای ئەنجومەنی نوێنەران، دواتر عێراق دەكەوێتە بۆشاییەكی دەستوورییەوە، سەیرە دادگای فیدڕاڵی كە زوو دەستتێوەردانی لە گشتپرسیی كوردستاندا كرد لەگەڵ ئەوەی كە گشتپرسی سەد لە سەد پرۆسەیەكی دیموكراسیی شارستانی بوو، بەڵام بێدەنگییەكەی لە چارەنووسی عێراق هەڕەشەی هەرەسهێنانە، عەبادییش دەركی بە مەترسیی رەوشەكە كردووە و داوای كۆبوونەوەیەكی كردووە دوای جەژن بۆ باسكردنی ئەو بارودۆخە ئاڵۆزە، بە تایبەتیش كە وڵات بۆ یەكەم جارە دەكەوێتە بۆشاییەكی دەستوورییەوە، چەندین پێشنیازیش هەیە كە دەكرێ گفتوگۆیان دەربارە بكرێت، یەكەمیان درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بۆ ماوەیەكی كەم وەك ئەوەی لوبنان، ئەمەش پێچەوانەی دەستوورە، پێویستیشی بە هەمواركردنەوەی دەستوور هەیە، ئەمەش دیسان پێویستی بە گشتپرسیی گەل هەیە، هەرچەندە ناشكرێت لەبەرئەوەی كاتی تەواو نییە، پێشنیازی دووەم دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنە لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان، ئەمەش پێویستی بە بڕیاری دادگای فیدڕاڵییە، دوای چاوخشاندنەوە بە كاری كۆمسیۆن و ئەو تانانەی لە دانیشتنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران باس كران، چونكە لە 9-6-2018 كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لەبەردەم دادگای فیدڕاڵی تانەی لە هەمواركردنی سێیەمی یاسای ژمارە(45)ی ساڵی 2013ی هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران دا، كە ئەنجوومەنەكە لە 6-6-2018 دەریكردبوو، دادگاكەش هیچ شتێكی دەرنەكرد و دووپاتی كردەوە كە كۆمسیۆن تانەی لێدراوە، هەروەها هیچی دەرنەكرد تایبەت بە كاری ئەنجوومەنی باڵای دادوەری كە بە بڕیارێكی هەڵەی ئەنجوومەنی نوێنەران هاتە شوێنی كۆمسیۆن، ئەمەش پێچەوانەی دەستوور و پەیڕەوی ناوخۆ و یاسای كۆمسیۆنە، پەرلەمانیش مافی نییە دەنگی دەنگدەران هەڵوەشێنێتەوە، چونكە دەنگدان مافی دەستوورییانە و هەر دەنگدەرانیشە كە شەرعییەتیان بە پەرلەمان داوە.
پێویستە ئاماژە بە چەند خاڵێكی گرنگ بكرێت: دەسەڵاتی پەرلەمان نییە كە بڕیار دەربكات، ئەمەش بە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی هاتووە، كەواتە ئەگەر ئەو بڕیارە لە دەرەوەی دەسەڵاتی ئەو بێت.
دووەم: دەسەڵاتی پەرلەمان نییە دەست وەربداتە كاروباری دادوەری، چۆن داوا لە ئەنجوومەنی باڵای دادوەری دەكات شوێنی كۆمسیۆن بگرێتەوە؟ بۆیە پێویست بوو لەسەر دادگای فیدڕاڵی فەرمانێكی وەلائی دەربكات بە راگرتنی هەمواركردنەوەی سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەكان ژمارە(45)ی ساڵی 2013، بەڵام ئەوەی نەكرد لەبەر فشاری سیاسی و گرێبەستی سیاسیی نێوان دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان و حكوومەت، بە راشكاویش دەڵێم، لەنێوان عەبادی و سەلیم جبووری.
سێیەم: دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان و ئەوانەیشی كە لەم هەڵبژاردنە دەرنەچوون بە تووندی سوور بوون كە كۆمسیۆنە كۆنەكە بگۆڕن، بە تایبەتیش هەندێ حزبی كوردستانی كە بەشدارییان لەم بڕیارەدا كرد، چونكە نوێنەریان لە كۆمسیۆنەكەدا نییە، هەروەها چونكە سەرۆكەكەی لە پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، هاوكات نوێنەرێكمان هەبوو لە كۆمسیۆنە تازەكە، بەڵام ئامادەنەبوونی ئێمەیان لە بەغدا قۆستەوە چونكە بایكۆتی دانیشتنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانمان كردبوو بەهۆی بڕیارە سیاسییە ستەمكارەكانی دژی گەلی كوردستان بە هۆكاری گشتپرسی، ئەوان بە نوێنەرێكی دیكە گۆڕییانەوە كە سەر بە بزووتنەوەی گۆڕانە، حزبە كوردستانییەكانی دژ بە گشتپرسیش لە بەغدا بوون و خەریكی بەدەستهێنانی پۆست بوون لەجیاتی بەشداریكردن لە وەها بۆنەیەكی نیشتمانیی مێژوویی، لەگەڵ ئەوەی نوێنەرمان لە كۆمسیۆنەكە نەبوو، بەڵام سەركەوتنی گەورەمان بەدەست هێنا، هەموو حزبە سەرەكییەكان نوێنەریان هەبوو، تەنانەت سەرۆكی كۆمسیۆنیش سەر بە كۆمەڵەكەی سەلیم جبووری بوو، بەڵام هیچ كورسییەكی لە پەرلەمان نەهێنا.
هەمواركردنی یاسایەكە بەسەر ئەندامان دابەش نەكرا، سێیەم: ناكرێ دەنگ لەسەر شتێك بدرێت كە ناوەڕۆكەكەی نەزانرێت.
چوارەم: ناكرێت بڕگەی تازە لەكاتی دەنگدان زیاد بكرێت، هەندێ پەرلەمانتاری فراكسیۆنە كوردستانییە ناڕازییەكان بڕگەیەكی تازەیان زیاد كرد كە بریتی بوو لە هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی تایبەت.
پێنجەم: رێگە بە كەس نەدرا پەڵپ بگرێت یان خاڵی سیستەم ئەنجام بدات، بەڵكو دەستەی سەرۆكایەتی پەلەی بوو تاكو یاساكە تێپەڕێنێت پێش كۆتاییی ماوەكە، بەڵگەش ئەوە بوو كە لە ماددەی(8) بڕگەیەكیان لە هەمواركردنی سێیەم زیاد كرد (ئەم یاساییە لە رۆژی دەنگدان لەسەری جێبەجێ دەكرێت) ئەمەش تاكو پێویستی بە رەزامەندیی سەرۆكایەتیی كۆمار نەبێت، چونكە رەت دەكرێتەوە، ئەمەش پێویستی بە (15) رۆژە، هەرچەندە هەر یاسایەك دەربچێت لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە سەرۆكایەتیی كۆمار مافی رەتكردنەوەی نییە، ئەمەش لەو هەڵە كوشندانەیە كە سازانی سیاسیی وڵات لەبەین دەبات، هەموو یاساكان دوای (15) رۆژ جێبەجێ دەكرێن هەتا ئەگەر سەرۆكایەتیی كۆمار رازییش نەبێت، لێردەدا لاوازیی ئەو پۆستە دەردەكەوێت.
شەشەم: ئایا دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان داوای رەزامەندیی حكوومەتی كرد لەسەر ئەم هەمواركردنە، واتا گۆڕینی سیستەمی ئەلیكترۆنی، كە سەدان ملیۆن دۆلار لەسەر حكوومەت كەوتووە بۆ سیستەمی جیاكردنەوەی دەستی، بە دڵنیاییەوە داوای نەكردووە، چونكە كات رێگە نادات، هەرچەندە عەبادی رازی بوو چونكە هەماهەنگی هەبوو لەنێوان هەردوو لادا، لە راستیدا لەگەڵ هەموو ئەو سەرپێچی و تانانەی دژی پەرلەمان پێشكەش كراون دادگای فیدڕاڵی لێیان بێ دەنگ بووە، ئەمەش وایكرد كە پەرلەمان بڕیاری ستەمكارانەی سیاسی دەرحەق پرۆسەی سیاسی دەربكات، بۆیە ئێمە لە فراكسیۆنی خۆمانەوە بایكۆتی دانیشتنەكانی پەرلەمانی عێراقمان كرد، چونكە ئامادە نین بەشداری لە هەڵە كارەساتبارە مێژووییەكانی ئەنجوومەندا بكەین.
حەوتەم: ئەم كۆمسیۆنە سەركەوتوو نەبوو، هۆكارەكەش ئەوەیە كە بەپەلە پێك‌هێنراو راهێنانیان نەكردبوو و بە تەواوی فێر نەبووبوون، بۆیە سەرپێچی و ساختەكاری رووی دا.
هەشتەم: سیستەمی ئەلیكترۆنی بە تەواوی شكستی هێنا، بۆیە بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتوو لە كوردستان رەت كرایەوە لە ترسی كەموكوڕی و ساختەكاری.
نۆیەم: ئێمە لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ژماردن و جیاكردنەوەی دەنگەكان بە دەست و دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنەكان ناترسین، چونكە جەماوەری نیشتمانپەروەری خۆمان هەیە كە بە قەناعەتەوە دەنگ دەدات، بەڵكو ستەمێكی گەورەمان لێ كرا لە دەنگدانی زۆر ناوچەی وەك مووسڵ بە تایبەتیش لە شنگال، ئەگەر وردبینی و دەستپاكیی راستەقینە و چاودێریی بەهێز لە هەڵبژاردنەكاندا هەبووایە كورسیی زیاترمان دەبوو، پەرلەمانی عێراقیش بەرپرسیارێتیی ئەم بێسەروبەری و ئاژاوەی لە ئەستۆدایە، كە بەپەلە ئەو كۆمسیۆنەی بۆ بەرژەوەندیی هەندێ حزب و كەسایەتی پێك‌هێنا كە لە كۆتاییدا شكستی هێنا.
دەیەم: ئەوانەی دژی گشتپرسی وەستانەوە لە حزبە كوردستانییەكان هەمان ئەوانە ئەمڕۆ داوای هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی تایبەت دەكەن، ئەمەش تاوانێكی ئاشكرایە دژ بە پێشمەرگە كە بە گیانی خۆیان بەرگرییان لە كوردستان كرد، ئەگەر ئەوانە راستگۆ بوونایە و كەمترین غیرەتیان هەبوایە داوای هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی تایبەتی هێزەكانی عێراقیان دەكرد، بەڵام چونكە ئامانجی سەرەكی ئەو حزبانە تەنیا وەستان بوو دژی داخوازییەكانی گەلی كوردستان، هەروەها دژی گشتپرسی و قوتی خەڵك و بوودجە وەستانەوەو پێشمەرگەشیان بە میلیشیا ناودەبرد لە شەڕی داعش، لەگەڵ چەندین هەڵوێستی دیكەی نابەجێ كە مێژوو لەبیریان ناكات.
دەستەی سەرۆكایەتی و ئەو پەرلەمانتارانەی كورسییەكانیان دۆڕاندبوو لەو قەناعەتەدا بوون كە ئەم جۆرە بڕیارانە هەڵەن، بەڵام ئامانجی ئەوان ئەوە بوو كە عێراق بخەنە نێو قەیران و ئاژاوە و بۆشایی دەستوورییەوە، بۆیە پێموایە كە هۆكاری بێدەنگیی دادگای فیدڕاڵی بۆ ئەوەیە كە چاودێریی سیاسیی بارودۆخەكە بكرێت نەك یاسایی، تاكو بگاتە قەناعەتێك دواتر لە رووی سیاسییەوە بڕیار بدات، نابێ فشارە سیاسییەكانی ناوخۆ و دەرەوە بۆ سەر دادگاكە لەبیر بكەین، دیارە ئەو دیالۆگەی دوای جەژن لەسەر داوای عەبادییە قەناعەتی دادگای فیدڕاڵی دەگۆڕێت.
سەرۆك بارزانی چاك دەركی بەوە كردبوو و دەیزانی كە پرۆسەی سیاسی رێڕەوەی راستیی خۆی لە دەست داوە، بە ئاراستەیەكی مەترسیداردا دەڕوات، بۆیە داوای لە سەركردە سیاسییەكان كرد كە بكەونە گفتوگۆی جیددییەوە بۆ راستكردنەوەی ئاراستەی ئەم پرۆسەیە، بەڵام بێسوود بوو، وایانزانی كە ئەم داواكارییە بۆ ئامانجی سیاسی و حزبییە، نازانن رۆژ بە رۆژ خراپتر دەبێت، ئەوان پشتیان لە داواكەی بارزانی كرد، بۆیە پرۆسەی سیاسی كەوتە نێو تونێڵێكی تاریكەوە، پرۆسەی سیاسی لار بۆتەوە چونكە هەر لە سەرەتاوە بە ئاراستەیەكی خواردا گوزەری كرد، لەبەر ئەوە تەنیا بەوە راست دەبێتەوە كە بگەڕێینەوە ئەو خاڵەی كە لێیوە دەستمان پێكرد دوای رووخانی رژێم لە ساڵی 2003، داعش پەیدا بوو و ماعش شوێنی گرتەوە، گەندەڵكاران هاتنە مەیدانەوە و تایفەگەران دەستیان بەسەر كاروباردا گرت، ئەنجوومەنی نوێنەران بوو بە یانەیەك بۆ گرێبەستی سیاسی و بەئامانجگرتنی كەسایەتییەكان و موزایەداتكردن، ئەنجوومەن هەیبەتی خۆی لە دەست دا، بوو بە بووكەڵەیەك بە دەست تاقمێكی كەمەوە كە لە رێی ئەنجوومەنەوە مەرامی كەسیی و سیاسیی خۆی وەدی بهێنێت، وەلابوون بۆ حزب و تایفە و نەتەوە و دەوڵەت و كەسایەتییەكان شوێنی وەلابوون بۆ نیشتمانی گرتەوە، كاتێكیش ئینتیما بۆ نیشتمان لەق دەبێت، وڵات دەكەوێتە دەست هەندێك كە بە ئارەزووی خۆیان پەخشان و تەخشانی پێدەكەن، بۆیە هاووڵاتیش هیچ ئومێدێكیان نەماوە و هیواخوازن وڵات بەجێبهێڵن بۆ ئەوەی بحەسێنەوە و هەست بە ئارامی و سەقامگیری بكەن، كاتێكیش بارزانی بێئومێد بوو لە چاكسازیی پرۆسەی سیاسی و بینی كە دەستوور بە ئاشكرا پێشێل دەكرێت و دامەزراوەكانی دەوڵەت بوونەتە دامەزراوەی حزبی و تایفەگەریی دژ بە گەلی كوردستان، كە نموونەمان زۆرە لێرە بواری باسكردنیان نییە، بارزانی پێشنیازی بۆ حزبە كوردستانییەكان كرد كۆ ببنەوە تاكو هەڵوێستیان رابگەیەنن سەبارەت بەوەی كە لە عێراق روو دەدات و بەدوای ئەلتەرناتیڤێكدا بگەڕێن، زۆربەی حزبە كوردستانییەكان رێككەوتن كە رۆژی 25-9-2017 بۆ ئەنجامدانی گشتپرسی دەستنیشان بكەن، بڕیاریش بوو كە ئەگەر داعش پەیدا نەبووایە لە ساڵی 2014 ئەنجام بدرایە.
چاكترین شت كە بارزانی بۆ گەلەكەی كردی ئەنجامدانی گشتپرسی بوو، گشتپرسی بەو بڕوانامەیەی زانكۆ چوواند كە قوتابی بە دەستی دێنێت، كەی ویستی دابمەزرێت پێشكەشی هەر دامەزراوەیەكی دەكات كە كاری تێدا دەكات، ئێمە سەد ساڵە نەمانتوانیوە ئامانج و خواستی خۆمان رابگەیەنین، بەڵام ئەمجارە لە كۆتاییدا ئەم ئامانجەمان هاتەدی، ئەم گشتپرسییەمان نەكرد تا ئەو كاتەی عێراق گەیشتە قۆناغی بێئومێدی، قۆناغی سەختیی گوزەران لەو وڵاتەی كە تێیدا كولتووری رق و كینە و دوژمنایەتی باوە، ئێمە داوامان كرد كە بایكۆتی ئەو هەڵبژاردنەی دوایی بكەین یان بە لیستێكی یەكگرتووییی كوردستانی بەشداری بكەین، بەڵام حزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی كوردستان كە - خەمیان تەنیا پۆستە- رازی نەبوون، بۆیە بە تەنیا بەشداریمان كرد، بایكۆتی هەڵبژاردنەكانی كەركووكمان كرد چونكە داگیر كراوە، لەگەڵ ئەوەشدا كورسیی زۆرمان لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق بەدەست هێنا، سەرباری ئەو سەركەوتنە گەورەیەی مسۆگەرمان كرد، داوا لە حزبە كوردستانییەكان دەكەین بێنە نێو گفتوگۆی جیددییەوە بۆ دانانی بەرنامەیەكی گرنگی وتووێژ لەگەڵ بەغدا، تاكو بتوانین دەستكەوتی زیاتر بۆ گەلەكەمان بەدەست بهێنین، هەروەها هاوسەنگی و سازانی سیاسی بگێڕینەوە، بەڵام دیارە ئەو گفتوگۆیەیان ناوێت و دەیانەوێت گومان لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردندا بكەن، ئەم رەتكردنەوەیەش بەڵگەی شكست و مایەپووچیی سیاسییانە، جا بۆ ئەوەی یارمەتی گەلەكەمان بدەین كە زۆر مەینەتیی كێشاوە لە ئەنجامی سیاسەتی ناڕەوای بەغدا دەرحەق كوردستان، چاكتر وایە پەلە بكرێت لە پێكهێنانی شاندێكی باڵای سیاسیی كوردستانی و دەرگایش واڵا بكات لەبەردەم ئەوانەی دەیانەوێت تێیدا بەشدار بن و پێكەوە بچنە بەغدا، تاكو بەشداری لە پێكهێنانی حكوومەتی داهاتوودا بكەن.

سەرچاوە/ هەفتانەی گوڵان
 




دوایین هەواڵەکان

زیاتر لە 500 كه‌سی باڵەكایەتی پەیوەندییان بە پارتییەوە كرد

TUESDAY, 25 SEPTEMBER 2018 19:09:27

چۆمان-KDP.info-  تا دێ بازنه‌ی پێوه‌ندیی ئه‌ندام و لایه‌نگرانی لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی كوردستان فراوانتر ده‌بێ و بەرپرسی لقی 26ی گوڵان ده‌ڵێ، زیاتر لە 500 ئەندام و لایەنگرانی حزبەكانی دیكە لەو چەند ڕۆژەدا پەیوەندییان بە ڕیزەكانی پارتییەوە كردووە و ده‌شڵێ، خەڵكی گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی ئەگەر پارتی بەهێز بێت، كوردستان بەهێز دەبێت.

 
به ‌بۆنه‌ی ساڵڕۆژی ڕێفراندۆمەوە له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ داشكاندن بۆ كتێب كرا

TUESDAY, 25 SEPTEMBER 2018 19:09:52

هه‌ڵه‌بجه‌-KDP.info-  ئه‌مڕۆ 25ی ئه‌یلوول یه‌ك ساڵ تێپه‌ڕ بوو به‌سه‌ر ڕێفراندۆمی سه‌ربه‌خۆییی كوردستاندا، له‌ ته‌واوی شار و شارۆچكه‌كانی كوردستان به‌ چالاكیی جۆراوجۆر ئه‌و یاده‌ به‌رز ڕاگیرا.

 
نەتەوەیەکگرتووەکان چاودێریی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات

TUESDAY, 25 SEPTEMBER 2018 19:09:30

هه‌ولێر-KDP.info-  بەرپرسێکی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە چاودێریی نەتەوەیەکگرتووەکان بەڕێوە دەچێت و دەڵێ، ھەموو ئامادەکارییەک بۆ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی ٣٠ی ئەیلوول کراوە.

 
د. دیندار زێباری هەنگاوە پراکتیکییەکانی کابینەی هەشتی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند

TUESDAY, 25 SEPTEMBER 2018 18:09:49

هه‌ولێر-KDP.info-  ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێم، هەنگاوە پراکتیکییەکانی کابینەی هەشتی حکوومەتی هەرێم لە ڕووی مرۆیی، مافی مرۆڤ و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بۆ ڕای گشتی دەخاتە ڕوو.

 
ل باکووری کوردستانێ ساڵڤەگەرا ڕیفراندۆمێ بلند تێ نرخاندن

TUESDAY, 25 SEPTEMBER 2018 17:09:31

ئامەد-KDP.info- ئیرۆ سێ شەممێ، ل ئامەدێ، ب هەلکەفتا یەکەمین سالڤەگەرا ریفراندۆما سەرخوەبوونێ، تەڤگەرا ئازادی، PAK، PDK، PSK جڤینەکا چاپەمەنیێ ل دارخستن، د جڤینێ دا ساڵڤەگەرا ریفراندۆمێ بلند هات نرخاندن.

 


 
© 2018 Kurdistan Democratic Party, KDP