هه‌ولێر-KDP.info- به‌ڕێوەبه‌ری كۆچ و كۆچبه‌ران گوتی، له شه‌ڕی داعش و قه‌یرانی داراییدا شه‌پۆلێكی كۆچكردن له هه‌رێمی كوردستانەوە بۆ ده‌ره‌وه ده‌ستی پێ كرد، به‌ڵام له دوای كۆتاییهاتنی شەڕی داعش كۆچكردن پێچه‌وانه بووەته‌وه، به جۆرێك له دوو ساڵی ڕابردوودا زیاتر له20 هه‌زار كه‌س گه‌ڕاونه‌ته‌وه بۆ عێراق، كه 39%یان په‌نابه‌ری هه‌رێمی كوردستانن و گه‌ڕاونه‌ته‌وه هه‌رێم و بهرنامهیهكیشیان داناوه هه‌ر ئاواره‌یه‌ك بگه‌ڕێته‌وه هاوكاریی دارایی پێشكه‌ش ده‌كرێت.
به پێی ئامارێكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ملیۆنێك و400 هه‌زار ئاواره‌ی ناوخۆی عێراق و په‌نابه‌ری وڵاتی سووریا له هه‌رێمی كوردستان نیشته‌جێن، به جۆرێك 97%ی په‌نابه‌رانی سووریا له هه‌رێمی كوردستان و 37%یش له ناو كه‌مپه‌كاندا ده‌ژین و ئه‌وانه‌ی دیكه‌ش له شار و شارۆچهكانن و ئاواره‌كانی ناوخۆی عێراقیش كه له هه‌رێمی كوردستانن 81%یان له ناو شاره‌كانن و ئه‌وانه‌ی دیكه‌ش كه30%ـن له كه‌مپه‌كان نیشته‌جێن، ئه‌مه‌ش وای كردووه كه بارگرانییه‌كی زۆر بۆ هه‌رێمی كوردستان دروست بێت و حكوومه‌تی عێراقیش هیچ هاوكارییه‌كی هه‌رێمی كوردستانی نه‌كردووه بۆ هاوكاریكردنی ئاواره‌كان و جگه له‌وه‌ش، تاوه‌كو ئێستا ناوچهكانیشیانی ئاوه‌دان نه‌كردووەته‌وه كه ئه‌و ئاوارانه بگه‌ڕێنه‌وه بۆ سه‌ر ماڵوحاڵی خۆیان و بگره ئه‌وانه‌ی گه‌ڕاویشنه‌ته‌وه بۆ مووسڵ جارێكی دیكه ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ هه‌رێمی كوردستان.
به‌ڕێوەبه‌ری كۆچ و كۆچبه‌رانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، شاكر یاسین، به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی ڕاگه‌یاند: "هه‌رێمی كوردستان له دوای ساڵی 1991ـەوە بووەته ناوچه‌یه‌كی ئارام بۆ ناوچه‌كه و خه‌ڵكێكی زۆر له وڵاتانی ده‌وروبه‌ر و ناوخۆی عێراق ئاواره‌ی هه‌رێمی كوردستان بوونه، به‌بێ ئه‌وه‌ی عێراق هیچ هاوكارییه‌ك پێشكه‌شی هه‌رێمی كوردستان بكات، له كاتێكدا له دهۆك هێشتا 22 كه‌مپی ئاوار هه‌یه كه چوار له‌وانه ئاواره‌ی سوورین و ئه‌وانه‌ی دیكه‌ش عێراقین و له هه‌ولێر هه‌شت كه‌مپ هه‌یه و له سلێمانی و كه‌ركووكیش كه‌مپ هه‌یه، بۆیه كێشه‌ی ئاواره‌كان هێشتا به‌رده‌وامه.
شاكر یاسین گوتیشی: "ئه‌و شه‌پۆله كۆچه‌ی له هه‌رێمی كوردستان بۆ ده‌ره‌وه ده‌ستی پێ كرد له‌به‌ر دوو هۆكار بوو، یه‌كه‌م حكوومه‌تی عێراق بودجه و مووچه‌ی خه‌ڵكی كوردستانی بڕی و دووه‌م شەڕی داعش و هاتنی ئه‌و ئاوارە زۆرانه بۆ هه‌رێم كه بوونه شەریكی خه‌ڵكی كوردستان، ئه‌مه‌ش وای كرد خه‌ڵكی كوردستان كۆچ بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له ده‌ره‌وه ژیانێكی باشتر بۆ خۆیان دابین بكه‌ن .
یاسین باسی له‌وه‌ش كرد، له دوای ڕاپه‌رین و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كانی هه‌رێمی كوردستان له وڵاتان ده‌ستی پێ كردووەته‌وه كه تا ئێستا 290 هه‌زار كه‌س گه‌ڕاونه‌ته‌وه هه‌رێمی كوردستان و دوای ئه‌وه‌ی له شەڕی داعش ئه‌و شه‌پۆله‌ی كۆچكردن له هه‌رێمی كوردستان ده‌ستی پێ كرد، به‌ڵام دوای كۆتاییهاتنی شەڕی داعش جارێكی دیكه ئه‌و خه‌ڵكه‌ی چوونەته ده‌ره‌وه جارێكی دیكه ده‌گه‌ڕێنه‌وه به جۆرێك له ساڵی 2016 نزیكه‌ی 13 هه‌زار په‌نابه‌ر گه‌ڕاونه‌ته‌وه بۆ عێراق كه 39%یان گه‌ڕاونه‌ته‌وه بۆ هه‌رێمی كوردستان و له ساڵی 2017 نزیكه‌ی 7هه‌زار و 300 كه‌س گه‌ڕاونه‌ته‌وه، ئه‌مه‌ش به پێی ئه‌و به‌رنامه‌یەی دامانناوه بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی په‌نابه‌ران كه به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ڕێكخراوه جیهانییه‌كانه.
یاسین گوتیشی: "به‌رنامه‌یه‌كمان به هاوكاریی چه‌ندین ڕێكخراوی خێرخوازی جیهانی داناوه بۆ ئه‌وه‌ی هاوكاریی ئه‌و په‌نابه‌رانه بكه‌ین كه بگه‌ڕێنه‌وه بۆ هه‌رێمی كوردستان، بۆ نموونه، ڕێكخراوی جی ئای زێدی ئه‌ڵمانی بڕیاری داوه بۆ ماوه‌ی سێ ساڵ هه‌ر په‌نابه‌رێك له ئه‌ڵمانیاوە بگه‌ڕێته‌وه بڕی هه‌زار یۆرۆی پێ بدرێت و ئێمه له‌هه‌وڵداین ماوه‌كه بۆ پێنج ساڵ زیاد بكرێت و بڕی هاوكارییه‌كه‌ش بكرێته 3 هه‌زار یۆرۆ بۆ ئه‌وه‌ی كه گه‌ڕایه‌وه بتوانێ هه‌لی كاری پێ بدۆزێته‌وه، ئه‌مه‌ش كارێكی باشه بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك جارێكی دیكه بگه‌ڕێنه‌وه و ئه‌مه‌ش وای كردووه كۆچكردنی پێچه‌وانه ده‌ست پێ بكات."
ئه‌مڕۆ ڕۆژی جیهانیی په‌نابه‌رانه و به پێی ئاماری كۆمسیۆنی جیهانیی په‌نابه‌ران ساڵ به ساڵ ژماره‌ی په‌نابه‌ران له جیهان له‌زیادبووندایه و به پێی دواین ئامار 258 ملیۆن په‌نابه‌ر له سه‌رتاسه‌ری جیهان هه‌یه و 65 ملیۆن كه‌س خاوه‌ن ناسنامه‌ی بیانین و له وڵاتان ده‌ژین، ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یەنێت سه‌ره‌ڕای هه‌وڵی زۆر و بوونی ژماره‌یه‌كی زۆری ڕێكخراو، کەچی له‌وباره‌یه‌وه نه‌یانتوانیوه كێشه‌كه چاره بكه‌ن و له هه‌رێمی كوردستانیش له ساڵانی ڕابردوودا خه‌ڵك به شێوه‌یه‌كی به‌رچاو بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات كۆچی ده‌كرد، به‌ڵام ئێستا كۆچكردن پێچه‌وانه بووەته‌وه.
بڵند ئیبراهیم