شنگال-KDP.info- ماوه‌ی شه‌ش ڕۆژه خێزانێكی كوردی ئێزدی له سنووری قه‌زای شێخان به مه‌به‌ستی كارێكی ئیداره‌ی سه‌ردانی قه‌زای شنگالیان كردووه، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه و چاره‌نووسیان نادیاره.
پێش شه‌ش ڕۆژ، مه‌دال قاسم له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ی، به ناوی سۆنیا چه‌تۆ و كوڕه سێ ساڵه‌كه‌یان بۆ كارێكی ئیداری له ناحیه‌ی باعەدرێ سه‌ردانی قه‌زای شنگالیان كردووه و تاوه‌كو ئێستا نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه بۆ ماڵی خۆیان و چاره‌نووسیان نادیاره.
له‌م باره‌یه‌وه، قایمقامی قه‌زای شنگال، مه‌حما خه‌لیل، به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "ڕاسته ئه‌و خێزانه سه‌ردانی قه‌زای شنگالیان كردووه و ئێمه به‌دواداچوونمان كردووه و نازانین ئه‌و خێزانه ئێستا له كوێیه و چاره‌نووسیان دیار نییه."
مه‌حما خه‌لیل گوتیشی: "ئێمه به‌دواداچوونی به‌رده‌وام ده‌كه‌ین له‌گه‌ڵ هێزه ئه‌منییه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی بزانین چاره‌نووسی ئه‌و خێزانه چییه و چی‌یان به‌سه‌ر هاتووه، چونكه لەو ڕۆژه‌وە کە سه‌ردانی شنگالیان كردووه، چارەنووسیان دیار نییە."
سه‌یدۆ چه‌تۆ، نوێنه‌ری كوردانی ئێزدی له ئه‌نجومه‌نی پارێزگای مووسڵ، به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "ئێمه‌ش ئاگاداری ئه‌وه‌ین كه ئه‌و خێزانه سه‌ردانی شنگالیان كردووه، به‌ڵام چاره‌نووسیان دیار نییه و نازانین چی‌یان به‌سه‌ر هاتووه و به‌دواداچوون بۆ ئه‌و خێزانه ده‌كه‌ین، تا چاره‌نووسیان دیار بێت."
له شنگال چه‌ندین جۆرە هێز هه‌یه؛ له‌وانه په‌كه‌كه و حه‌شدی شه‌عبی و هێزه عێراقییه‌كان، به‌رده‌وامیش زوڵم له كوردانی ئێزدی ده‌كه‌ن و كوردانی ئێزدیش له ترسی ئه‌و هێزانه، تا ئێستا زۆرینه‌یان ئاواره‌ن و نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه بۆ سه‌ر ماڵوحاڵی خۆیان.
بڵند ئیبراهیم