Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
TUE, 19 JUN 2018 20:55 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
نوێبوونەوە . دادپەروەری . پێکەوەژیان
 

"لە ھەولێر ٤٠% خواست لەسەر پڕۆژەکانی وەبەرھێنان زیادی کردووە"
| KDP.info


هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی ھەولێر ئاشکرای کرد، ڕەوشی کەرتی وەھەبەرھێنان بەروارد بە ساڵانی ڕابردوو باشترە و دەشڵێ، خواست لەسەر ئەنجامدانی پڕۆژەکانی وەبەرھێنان زۆر زیادی کردووە و بە ھۆی کەمتەرخەمیشەوە ٤٨ پڕۆژە لە ساڵانی ڕابردوودا ھەڵوەشێندراونەتەوە.

دوای دەرچوونی یاسای وەبەرھێنان لە ساڵی ٢٠٠٦ و دامەزراندنی دەستەی گشتیی وەبەرھێنان نزیکەی دووسەد ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە ھەرێمی کوردستان دروست کراون، بەڵام لە دوای ھاتنی قەیرانی دارایی و شەڕی بەرەنگاربوونەوەی داعش، کەرتی وەبەرھێنان زیاتر لە ھەموو کەرتەکانی دیکە پاشەکشەی کرد. لەو بارەیەوە سامان عارەب، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی پارێزگای ھەولێر بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕوون کردەوە: " ئەو گلەییانەی ساڵانی ڕابردوو لە کەرتی نیشتەجێبوون ھەبوو کەم بوونەتەوە، چونکە وەبەرھێنەرەکان ئێستا پشتیان بە قیستی ھاووڵاتیان بەستووە بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکانیان، ھەر بۆ نموونە، چەند شارێک ھەبوون کێشەکانیان چارە کراون، ڕەوشەکە ئەمساڵ باشترە بەراورد بە ساڵانی ٢٠١٦ و ٢٠١٧، بەڵام بە ھۆی قەیرانی دارایی و شەڕی داعشەوە ئەو کێشانەی بۆ کەرتی وەبەرھێنان دروست بوون بە یەکجاری چارە نەبوون، ھەتا چەندیش ڕەوشی سیاسی و ئەمنی بەرەو باشتر بچێت کەرتی وەبەرھێنان زیاتر گەشە دەکات."

لە سنووری پارێزگای ھەولێر کەم نین ئەو پڕۆژانەی بە نیوەچڵی ماونەتەوە و کێشە لە نێوان کڕیار و وەبەرھێنەردا ھەیە، وەک بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی ھەولێر ئاشکرای کرد، بەشێک لەو کێشانە چارەیان بۆ دوزراوەتەوە و دەڵێت: "دەتوانم بڵێم چارە بۆ ھەموو ئەو پڕۆژانەی پێشتر کێشەیان ھەبوو، یان بە نیوەچڵی مابوونەوە بینراوەتەوە، لە سنووری پارێزگای ھەولێر تەنیا دوو پڕۆژە ھێشتا کێشەیان چارە نەکراوە، ئەوانیش دەشتی بەھەشت و پڕۆژەی کۆیە ستی، قەیرانەکەش کاریگەری ھەبوو تا چارەی پڕۆژەکانی وەبەرھێنان بکرێت و وەبەرھێنەرانیش خۆیان گونجاندووە لەگەڵ ڕەوشەکە."

پەیوەست بە تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر وەبەرھێنەرە کەمتەرخەمەکان و گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی دژیان، ئەو بەرپرسەی وەبەرھێنان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، ژمارەیەک وەبەرھێنەر دەستگیر کراون و گوتی: "فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ژمارەیەک وەبەرھێنەری کەمتەرخەم دەرچووە، بەداخەوە بەشێکیان ھەرێمی کوردستانیان بەجێ ھیشتووە و ھەندێکیش بە کەفالەت ئازاد کراون، ئێمە داوای یاساییمان لەسەر ژمارەیەک وەبەرھێنەر تۆمار کردووە، نایشارینەوە وەبەرھێنەری کەمتەرخەم ھەبوونە، ھەر ئەوەش وای کردووە لە سەرەتای دامەزراندنی دەستەی وەبەرھێنانەوە لە پارێزگای ھەولێر نزیکەی ٤٨ پڕۆژە ھەڵبوەشێنینەوە."

پێداچوونەوە بە شێوازی مۆڵەتدان بە پڕۆژەکانی وەبەرھێنان لە کەرتی نیشتەجێبووندا دەکرێت و وەک سامان عارەب دەڵێت، لەمەودوا مۆڵەت بە پڕۆژە گرانبەھا و ھایکۆستەکان نادرێت، چونکە ھۆکار نین بۆ کەمکردنەوەی قەیرانی نیشتەجێبوون، ھاوکات زانیاریی زیاتری دڕکاند و گوتی: "ھیچ بڕیارێک بۆ پێدانی مۆڵەت بە پڕۆژەکانی وەبەرھێنان لە کەرتی نیشتەجێبووندا نییە، دووبارە پێداچوونەوە بە ڕێنماییەکاندا دەکرێت، لەمەودوا مۆڵەت بەو پڕۆژانەی نرخیان بەرزە نادرێت، چونکە دروستکردنی ئەو جۆرە پڕۆژانە نابنە ھۆکار بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی نیشتەجێبوون لە ھەرێمی کوردستان، بەڵام لە کەرتەکانی دیکەی پیشەسازی و کشتوکاڵ ئاژەڵداری و گەشتیاری پیشەکانی دیکە مۆڵەتیان پێ دەدرێت، ھەر وەبەرھێنەرێک پڕۆپۆزەل پێشکەش بکات بە پێی ڕێنماییەکان مۆڵەتی پێ دەدرێت."

بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی پارێزگای ھەولێر گوتی: "ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ڕێژەی خواست لەسەر ئەنجامدانی پڕۆژەی وەبەرھێنان ٤٠% بەرز بووەتەوە، ئەمەش ڕێژەیەکی دڵخۆشکەرە بۆ گەشەکردنی کەرتی وەبەرھێنان لە دوای شەڕی داعش و قەیرانی دارایی."

قائید میرۆ

 




دوایین هەواڵەکان

"خێزانێكی كوردی ئێزدی چوونەتە شنگال و چارەنووسیان نادیارە"

TUESDAY, 19 JUNE 2018 16:06:04

شنگال-KDP.info- ماوه‌ی شه‌ش ڕۆژه‌ خێزانێكی كوردی ئێزدی له ‌سنووری قه‌زای شێخان به ‌مه‌به‌ستی كارێكی ئیداره‌ی سه‌ردانی قه‌زای شنگالیان كردووه‌، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ و چاره‌نووسیان نادیاره‌.

 
"پێشمەرگە ئۆپەراسیۆن دژی داعشەكانی مەخموور ئەنجام دەدات"

TUESDAY, 19 JUNE 2018 14:06:23

مەخموور -KDP.info- چەند ڕۆژێكە تیرۆریستانی داعش لە سنووری مەخموور جووڵەیان زیاد كردووە و، وەك بەرپرسێكیش دەڵێت، ئەگەر داعش نیەتی ھەبێت، دەتوانێت شارەكانیش داگیر بكات، بەڵام پێشمەرگە ئامادەكاری دەكات بۆ لەنێوبردنیان. فەرماندەیەكی میحوەری مەخمووریش ئاشكرای كرد، بە نیازی ئۆپەراسیۆنن بۆ لەنێوبردنی داعشەکانی مەخموور.

 
"پەیامەكەی سەرۆك بارزانی، كلیلی چارەكردنی كێشەكانی ھەرێم و عێراقە"

TUESDAY, 19 JUNE 2018 13:06:18

ھەولێر-KDP.info- لایەنە سیاسییەكان، پەیامەكەی " سەرۆك بارزانی" بە ئەرێنی دەبینن و باوەڕیان وایە، كلیلی چارەكردنی كێشەكانی كوردستان و عێراقە. دەشڵێن، لە بری ئەوەی لە ڕاگەیاندنەكانەوە وەڵام و وەڵامكاری بكرێت، پێویستە لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن.

 
عارف ڕوشدی: لە چوارچێوەی پەیامەكەی سەرۆكدا، ئامادەكاری بۆ كۆبوونەوەی لایەنەكان كراوە

TUESDAY, 19 JUNE 2018 12:06:34

هەولێر-KDP.info- سەرۆك بارزانی، لە پەیامی جەژنی رەمەزاندا داوای لە گشت ھێزە سیاسییەكانی ھەرێمی كوردستان كرد، بۆ دەربازكردنی ئەم قۆناغە، دوای جەژن كۆ ببنەوە، راوێژكاری مەكتەبی سیاسیی پارتییش دەڵێ، خواستی سەرۆك بارزانی یەكڕیزیی نێوان لایەنەكانە و، دەست بە ئامادەكاری بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەی لایەنەكان كراوە.

 
دادگای فیدراڵی، لەبارەی تانەی لایەنەكانەوە كۆ دەبێتەوە

TUESDAY, 19 JUNE 2018 12:06:11

بەغدا-KDP.info- سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق گوتی، بڕیارە دووسبەی دادگای فیدراڵی كۆ ببێتەوە و تێیدا گفتوگۆ لەبارەی بڕیارەكانی پەرلەمانی عێراقەوە دەكات، كە لایەنەكان تانەیان لێ داوە، چونكە بڕیاری نایاسایی و نادەستوورین.

 


 
© 2018 Kurdistan Democratic Party, KDP