Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
TUE, 19 JUN 2018 21:00 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
نوێبوونەوە . دادپەروەری . پێکەوەژیان
 

دیندار زێباری: وەڵامی تۆمەته‌كانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكای دایەوە
| KDP.info


 

هەولێر-KDP.info- دیندار زێباری، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێم، وەڵامی ئەم تۆمەتانەی دایەوە كە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكاوە درابوونە پاڵ حكوومەتی هەرێم و گوتی: "لە شەڕی تیرۆریستانی داعشدا، كوردستان ١٨١٤ شەهید، ١٠٧٢٥ بریندار و ٤٤ دیلی داوە".

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا، لە ٢٠ی نیسانی ٢٠١٨ راپۆرتی ساڵانەی خۆی سەبارەت بە رەوشی مافەكانی مرۆڤ لە جیهان بۆ ساڵی ٢٠١٧ بڵاو كردەوە، لەم راپۆرتەدا بەشێكی تەرخان  كراوە بۆ عێراق و تێیدا لە بارەی چەند پرسێكەوە ئاماژەی بە ژمارەیەك تێبینی و سەرنج كردووە دەربارەی هەرێمی كوردستان، لەوانە پێشێلكردنی ئازادیی رادەربڕین و كاری ڕۆژنامەگەری، رەوشی چاكسازییەكان و ئەشكەنجەدان، رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، رەوشی كەمە نەتەوایەتی و ئایینییەكان لە هەرێم و چەند كەیسێكی دیكەی پەیوەست بە رەوشی مافی مرۆڤ.

دیندار زێباری، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێم، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وەڵامی بەشێكی زۆری ئەم تۆمەتانەی دایەوە كە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكاوە درابوونە پاڵ حكوومەتی هەرێم. زێباری رایگەیاند: "بەپێی ئامارەكانی ئەنجوومەنی دادوەری لە هەرێم، لە ماوەی ساڵانی نێوان ٢٠١٤ – ٢٠١٦ (٢٠١٧) كەس بە تۆمەتی پەیوەندییان بە داعشەوە دەستگیر كراون، كە بەشێكیان تۆمەتی پەیوەندیكردنیان بە داعشەوە بەسەردا ساغ بووەتەوە بە بەڵگەوە و سزا دروان هەروەها (٨٧٠) كەسیان بێتاوان دەرچوون و ئازاد كراون".

سەبارەت بە تواناكانی حكوومەتی هەرێم لە رووی نیشتەجێكردنی ئاوارەكان، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان ئاماژەی بەوە كرد كە، لە راپۆرتەكەی وەزارەتی دەرەوەدا باسی ئەو بارگرانییە كە حكوومەتی هەرێم لەسەر شانییەتی بە هۆی شەپۆلی هاتنی ئاوارەكان نەكراوە و پێیوست بوو هەوڵ و كۆششەكانی حكوومەت بۆ هاوكاریی ئاوارە و پەنابەران لە پێش چاو گیردرابا، چونكە بەپێی دوایین ئامار كە بەردەستمان كەوتووە، لە نێوان ساڵانی ٢٠١٤- ٢٠١٧ رێژەی دانیشتووان لە هەرێمی كوردستان بە رێژەی ٣٠% زیادی كردووە، چونكە زیاتر لە ٢ ملیۆن  و ١٠٠ هەزار ئاوارە و پەنابەر روویان لە هەرێم كردووە". هەرچی سەبارەت بە ژمارەی كەمپەكانیشە، گوتی كە پێویستە ئاماژە بەوە بكرێت ژمارەی كەمپەكان زیادی كرووە بۆ ٣٨ كەمپ و ١٨  كەمپیشیان، كەمپی ئاوارە سووریاییەكانن.

زێباری گوتیشی: "حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەوڵ و كۆششەكانیاندا بەردەوامە لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و هەنگاوی كردارییشی ناوە لەو بارەیەوە، بە شێوەك كە بڕیاری دەستگیركردنی بۆ ١١٨ كەس دەركردووە. ئەم فەرمانەیش بە بڕیاری سەرۆكی هەرێم رۆژی لە ١٠-٢-٢٠١٦ دەركراوە لە پێناو خێرا ئەنجامدانی چاكسازی لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و دامودەزگا پەیوەندیدارەكانی هەرێم. هەر بۆیە لیژنەكە رۆژی ١٥-٢-٢٠١٧ ڕاپۆرتی تایبەت بە هەنگاوەكانی پڕۆسەی چاكسازی بڵاو كردەوە و دەستبەكار بوون".

سەبارەت بە مافەكانی ئافرەت لە هەرێمی كوردستان، زێباری ئاماژەی دا: "لە هەرێمی كوردستان كۆمەڵێك یاسا دەرچوون و كاریان پێ دەكرێت كە تایبەتن بە پاراستنی مافەكانی ئافرەتان لە هەرێمی كوردستان. ئەم یاسایانە كارێكیان كردووە كە مافی ئافرەتان لە هەرێم پارێزراو بێت و ئەو یاسایانەی تایبەت بە مافەكانی ئافرەتان لە هەرێمی كوردستان دەرچوون و كاریان پێ دەكرێت، ئەمانەن: (یاسای ژمارە ٧ی ساڵی ٢٠٠١، یاسای ژمارە ٨ی ساڵی ٢٠٠١، یاسای ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠٠٩ ... هتد). بەپێی ئەم یاسایانە مافی تەواو دراوە بە ئافرەتان بۆ بەشداریكردن لە حكوومەتدا، بە جۆرێك دەیان ئافرەت وەك داواكاری گشتی لە هەرێمی كوردستان دامەزراون و لەناویاندا (٤٩) داواكاری گشتی، (٣٠) دادوەری ئافرەت لە دادگاكانی تێهەڵچوونەوە، (٩٤) لێكۆڵەری دادوەری و (٢٨٩) یاریدەدەری لێكۆڵەری دادوەری لە هەرێم دامەزراون. زیاتر لە (١٥٠) رێكخراوی كۆمەڵگای مەدەنییش تایبەت بە ئافرەتان لە هەرێمی كوردستان هەن و هەمووان بەپێی توانا كار دەكەن لە پێناو پاراستنی مافی ئافرەتاندا".

ئەو هەروەها دەڵێ: "سەبارەت بە كەمایەتییە ئایینی و مەزهەبی و ئیتنییەكانی دیكە، هەرێمی كوردستان تاكە شوێنە لە سەرتاپای عێراق كە تێیدا هەموو كەمینەكان هەست بە ئاسوودەیی دەكەن و تەنانەت یەك كەیسیش نییە كە لە هەرێمی كوردستاندا یەكێك لەسەر جیاوازیی نەتەوەیی رووبەڕووی كێشە بووبێتەوە، چونكە حكوومەتی هەرێم بەردەوام پشتگیری لە پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی دەكات، كەچی راپۆرتی وەزارەتی دەرەوە لە رووی ئازادی و پاراستنی كەمینەكان تا رادەیەكی زۆر رەخنەی ئاراستەی هەرێم كردووە بە بێ ئەوەی ئاماژە بە سیاسەت، ستراتیژیەت و هەوڵەكانی هەرێم بكات لە رووی پڕاكتیكییەوە، هەر بۆیە ٢١ قوتابخانە بە زمانی توركمانی و ٥٦ بەزمانی سریانی هەنە".

زێباری دەڵێت: "حكوومەت لە رووی ماددی و مەعنەوییەوە ئەركی رزگاكردنی رفێندراوە ئێزدییەكانی گرتە ئەستۆ و بە هەوڵە بەردەوامەكانی حكوومەت تا ڕۆژی ٢٣/٥/٢٠١٨ ژمارەی ئێزدییە ڕزگاركراوەكان (٣٢٧٥) كەس بووە لەوانە (١١٤٨) ئــافرەتن. هەرچی سەبارەت بە كریستیانەكانیشە ژمارەی ئەو رفێندراوانەی كە كەیسەكانیان لە ٣/٤/٢٠١٧ تاكو رێكەوتی ١٨/٧/٢٠١٧ دۆكیومێنت كراوە (٢٥٠) كەس بووە، لەوانە (٨٢)یان ئافرەت و (١٦٨) پیاو بوون. لەو ژمارەیە (١٧٤) یان بە شێوازی جۆراوجۆر رزگار كراون ، بەڵام تا ئێستا (٧٦)یان رزگار نەكراون، لەوانەی كە رزگار نەكراون، ژمارەیەكیان ئافرەتن".

لەسەر بابەتی دەستگیركردنی هەڕەمەكیی راپۆرتەكەی وەزارەتی دەرەوە كە رەخنە  ئاراستەی هەرێم دەكات بەوەی جیاوازی دەكات لە شێوازی مامەڵەكردن لەگەڵ پێكهاتەكان و رێوشوێنەكان، چەند كەیسێكی تریشی وەك نموونە هێناوەتەوە لە ناویاندا كەیسی نیاز عەزیز، د.دیندار زێباری زانیاریی دا: "هەر كەسێك حكوومەت دەستگیری بكات بە بێ بنەما و بە بێ فەرمانی دادگا دەستگیر ناكرێت و هەموو ئەو كەسانە دوای وەرگرتنی ڕەزامەندیی دادگا، دەستگیر دەكرێن و ئەمەیش هیچ پەیوەندی بەوەوە نییە كە كوردن یان عەرەب، هەر كەسێك داواكراو بێت ئەگەر كورد بێت یان عەرەب، دەستگیر دەكرێت. نیاز عەزیزیش تاوانبار بووە بە دوو تۆمەت و  دوای تەواوكردنی سزاكەی لە ١٧/٨/٢٠١٧ ئازاد كراوە".

لە كۆتایی قسەكانیدا، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان جەختی كردەوە لەوەی كە لەم راپۆرتەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكادا، هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێم نەخراونەتە روو، ئەمە لە كاتێكدایە كە لە شەڕی دژ بە داعشدا هەرێم ١٨١٤ شەهیدی داوە، ١٠٧٢٥ پێشمەرگەی بریندار بوونە و ٤٤ پێشمەرگەی بە دیل گیراون. هەروەها توانیویانە لەگەڵ هێزە عێراقییەكان و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان، ١٢٢ گۆڕی بەكۆمەڵ لەو ناوچانە بدۆزنەوە كە پێشتر لەلایەن داعشەوە دەستیان بەسەردا گیرابوو و دواتر رزگار كران".




دوایین هەواڵەکان

"خێزانێكی كوردی ئێزدی چوونەتە شنگال و چارەنووسیان نادیارە"

TUESDAY, 19 JUNE 2018 16:06:04

شنگال-KDP.info- ماوه‌ی شه‌ش ڕۆژه‌ خێزانێكی كوردی ئێزدی له ‌سنووری قه‌زای شێخان به ‌مه‌به‌ستی كارێكی ئیداره‌ی سه‌ردانی قه‌زای شنگالیان كردووه‌، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ و چاره‌نووسیان نادیاره‌.

 
"پێشمەرگە ئۆپەراسیۆن دژی داعشەكانی مەخموور ئەنجام دەدات"

TUESDAY, 19 JUNE 2018 14:06:23

مەخموور -KDP.info- چەند ڕۆژێكە تیرۆریستانی داعش لە سنووری مەخموور جووڵەیان زیاد كردووە و، وەك بەرپرسێكیش دەڵێت، ئەگەر داعش نیەتی ھەبێت، دەتوانێت شارەكانیش داگیر بكات، بەڵام پێشمەرگە ئامادەكاری دەكات بۆ لەنێوبردنیان. فەرماندەیەكی میحوەری مەخمووریش ئاشكرای كرد، بە نیازی ئۆپەراسیۆنن بۆ لەنێوبردنی داعشەکانی مەخموور.

 
"پەیامەكەی سەرۆك بارزانی، كلیلی چارەكردنی كێشەكانی ھەرێم و عێراقە"

TUESDAY, 19 JUNE 2018 13:06:18

ھەولێر-KDP.info- لایەنە سیاسییەكان، پەیامەكەی " سەرۆك بارزانی" بە ئەرێنی دەبینن و باوەڕیان وایە، كلیلی چارەكردنی كێشەكانی كوردستان و عێراقە. دەشڵێن، لە بری ئەوەی لە ڕاگەیاندنەكانەوە وەڵام و وەڵامكاری بكرێت، پێویستە لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن.

 
عارف ڕوشدی: لە چوارچێوەی پەیامەكەی سەرۆكدا، ئامادەكاری بۆ كۆبوونەوەی لایەنەكان كراوە

TUESDAY, 19 JUNE 2018 12:06:34

هەولێر-KDP.info- سەرۆك بارزانی، لە پەیامی جەژنی رەمەزاندا داوای لە گشت ھێزە سیاسییەكانی ھەرێمی كوردستان كرد، بۆ دەربازكردنی ئەم قۆناغە، دوای جەژن كۆ ببنەوە، راوێژكاری مەكتەبی سیاسیی پارتییش دەڵێ، خواستی سەرۆك بارزانی یەكڕیزیی نێوان لایەنەكانە و، دەست بە ئامادەكاری بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەی لایەنەكان كراوە.

 
دادگای فیدراڵی، لەبارەی تانەی لایەنەكانەوە كۆ دەبێتەوە

TUESDAY, 19 JUNE 2018 12:06:11

بەغدا-KDP.info- سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق گوتی، بڕیارە دووسبەی دادگای فیدراڵی كۆ ببێتەوە و تێیدا گفتوگۆ لەبارەی بڕیارەكانی پەرلەمانی عێراقەوە دەكات، كە لایەنەكان تانەیان لێ داوە، چونكە بڕیاری نایاسایی و نادەستوورین.

 


 
© 2018 Kurdistan Democratic Party, KDP