ههولێر-KDP.info- بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستان رەتی کردەوە پارتی ھیچ دەستوەردانێکی ھەبێت لە پڕۆسەی ھەڵبژاردنی سنووری کەرکووک و جهختی كردهوه، كه تورکومان و عەرەبی کەرکووک ئەو بنکەیەیان گەمارۆ داوە کە سندووقی دەنگدانی پارێزگای تێدا دەپارێزرێت.
پارتی دیموکراتی کوردستان بەھۆی داگیرکاریی حەشد و ھێزە عێراقییەکانهوه بایکۆتی پڕۆسەی ھەڵبژاردنی ١٢ی مانگی رابردووی لە سنووری پارێزگای کەرکووک کرد. ئەوەشی دەربارەی دەستوەردانی پارتی له پڕۆسهكه لە ھەندێ كهناڵی میدیادا بڵاو دەکرێتەوە، بەرپرسی لقی ٣ی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕهتی دەکاتەوە و دهڵێ ''قسهی بێبنهمان.''
دکتۆر محەممەد خورشید، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند "پارتی دیموکراتی کوردستان ھەر لە سەرەتاوە بایکۆتی پڕۆسەی ھەڵبژاردنی لە پارێزگای کەرکووک کردووە، ههڵبهت بەھۆی داگیرکارییەوە، بە ھیچ شێوەیەکیش دەستمان نەخستووتە نێو پڕۆسەکە لەو سنوورە، ئەوەشی بڵاو دەکرێتەوە لێرەو لەوێ کە پارتی دەستی ھەیە لەوەی رەوشەکە بە ئاقارێکی تردا ببات، ھیچ راست نییە. ئینجا ھەندێ لایەنی کوردی كه وا بڵاوی دەکەنەوە گوایە ھەندێ لایەنی کوردی پیلانی ھەیە دژی کەرکووک و دەیانەوێ دەستکاری ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن بکەن، خۆ چوار لایەنی کوردی بەشدار لە ھەڵبژاردنی سنووری پارێزگای کەرکووک دژایەتیی خۆیان بۆ ئەنجامەکان نەشاردووهتەوە و دەڵێن دەستکاریی دەنگەکانمان کراوە و ساختەکاریی زۆر کراوە.''
ھەردوو پێکھاتەی عەرەب و تورکومانی کەرکووک ئەنجامی ھەڵبژاردنی١٢ی ئایار لە پارێزگای کەرکووک ڕەت دەکەنەوە؛ ئهوان داوای دووبارەکردنەوەی پڕۆسی ھەڵبژاردن دەکەن و، به دهنگی بهرز دهڵێن ساختەکاریی زۆر لە پڕۆسەکەد کراو.
دکتۆر محەممەد خورشید ڕوونی دهكاتهوه "دوای کۆتاییھاتنی پڕۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق سندووقەکانی دەنگدان لە کەرکووک ھەمووی گوازراونەتەوە بۆ ناوچەیەک لە باشووری کەرکووک بە ناوی (مەخزەن)، ژمارەیەک خۆپێشاندەری عەرەب و تورکومان گەمارۆی ئەو شوێنەیان داوە، ئهوان لهوێ خێمەیان ھەڵداوە رێگە`س نادەن سندووقەکان دهستكاری بكرێن و بۆ ھیچ شوێنێک بگوازرێنەوە.''
قائید میرۆ