سلێمانی-KDP.info- حکوومەتی ئێران، له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و له‌سه‌ر ئه‌و ڕێره‌وه ئاوییانه‌ی كه ده‌ڕژێنه باشووری كوردستانەوە چه‌ندین به‌نداوی گه‌وره‌ی دروست كردوون، به‌و هۆیه‌شەوه به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخان و زێی بچووك گرفتی كه‌مئاوییان ڕووبه‌ڕوو بووه‌ته‌وه، چالاكان و به‌رپرسانی حكوومی داوا ده‌كه‌ن حکوومەتی هه‌رێمی كوردستان پلانی چڕ دابنێت بۆ دروستكردنی به‌نداو تاوه‌كو كوردستان له دژی پلانی كه‌میی ئاو بپارێزێت.
له ساڵی 2009ـەوە كۆماری ئیسلامیی ئێران چه‌ندین به‌نداوی گه‌وره‌ی دروست كردوونە؛ ئێستا به‌شێك له به‌نداوه‌كان كۆتاییان هاتووه، ماوه‌ی سێ ساڵه ئێران وه‌رزی هاوینان ئاو گل ده‌داته‌وه، به‌و هۆیه‌وه‌ش گرفتی گه‌وره‌ی ئاو بۆ ده‌ریاچه و ڕووباره‌كانی كوردستان دروست بووه.
مه‌عرووف مه‌جید، سه‌رۆكی ڕیكخراوی ئاینده بۆ پاراستنی ژینگه، به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "به‌پێی هه‌ڵكه‌وته‌ی جیۆگرافیی كوردستان ئه‌گه‌ر له هه‌رێم به‌نداوی گه‌وره و باش دروست بكرابان، به وته‌ی شاره‌زایان له باشووری كوردستان ئه‌وه‌نده ئاومان هه‌یه، پێویستمان به ئاوی وڵاتان نه‌بێت، كه ئێستا ئێران له ڕێگه‌ی ئه‌و به‌نداوانه‌ی دروستی كردوون، ئاوی لەسەر هەرێم گرتووەتەوە، کە ئەوە گرفتی ژینگه‌یی و كه‌مئاویی بۆ هه‌رێمی كوردستان و عێراق دروست ده‌كات، وه‌ك چه‌ند ڕۆژی ڕابردوو له ده‌ریاچه‌ی زێی بچووك بیندرا، زیانی بۆ سامانی ماسی هەبوو و گرفتیش بۆ كشتوكاڵی ناوچه‌كە دروست ده‌كات".
ئه‌و چالاكەی بواری ژینگه له هه‌رێمی كوردستان بڕوای وایه، ئێران گرتنه‌وه‌ی ئاو وه‌ك كارتێكی گوشار دژی هه‌رێمی كوردستان به كار ده‌هێنێت و ده‌ڵێ: "له ته‌واوی یاساكانی دنیادا هیچ وڵاتێك ناتوانێت گرتنه‌وه‌ی ئاو وه‌ك كارتی گوشاری سیاسی به‌رامبه‌ر دراوسێكه‌ی به‌كار بهێنێت، ئه‌وه‌ی هه‌یه ئێستا ئێران له‌م كاتەدا ئاو ده‌گرێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌یه لایه‌نه ناڕه‌زاییه‌كان له عێراق سه‌رقاڵ بكات، تاوه‌كو له به‌غدا بڕۆنه ژێرباری دامه‌زراندنی حکوومەتێكی نزیك له ئێران، ئه‌گینا ساڵانی تر ئاو له ئێرانه‌وه ده‌ڕژایه ده‌ریاچه‌كانی كوردستان و بێ‌گرفت بووه".
له لایه‌ن ئێرانه‌وه به‌نداوی داریان له‌سه‌ر ئه‌و ئاوه دروست كراوه كه ده‌ڕژێته ڕووباری سیروانی باشووری كوردستانەوە، له ماوه‌ی چوار ڕۆژی ڕابردوودا به هۆی گرتنه‌وه‌ی ئاوەکەی له لایه‌ن ئێرانه‌وه ٣٠%ی ئاوی ڕووباری سیروان كه‌می كردووه.
له‌و باره‌یەوه ڕه‌حمان خانی، به‌ڕێوه‌به‌ری به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخان له‌سه‌ر هه‌مان بابه‌ت گوتی: "له چوار ڕۆژی ڕابردوودا به هۆی گلدانه‌وه‌ی به‌شێكی زۆری ئاوی ڕووباری سیروان له لایه‌ن ئێرانییه‌كانەوە له به‌نداوی داریان ٣٠%ی هاتنی ئاو بۆ به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخان كه‌می كردووه، كه خۆیشی له 1ی 6 بۆ 1ی 11 فه‌سڵی كه‌مكردنی ئاوه، به‌ڵام گلدانه‌وه‌ی ئاویش له ڕووی ئێرانه‌وه گرفتی كه‌مكردنی ئاو زیاد ده‌كات، به‌تایبه‌ت له مانگی 7 و 8دا، به دڵنیاییه‌وه ده‌ڵێن، ئه‌گه‌ر ئێران به‌رده‌وام بێت له گلدانه‌وه‌ی ئاو ئه‌وه گرفتی گه‌وره بۆ عێراق و هه‌رێمی كوردستان دروست ده‌بێت".
له‌باره‌ی به‌رنامه‌ی تایبه‌تی خۆیان بۆ به‌ردانه‌وه‌ی ئاو له به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخان، ڕه‌حمان خانی ده‌ڵێت: "ئێمه ئێستا به‌رنامه‌یه‌كی تایبه‌تمان داناوه بۆ به‌ردانه‌وه‌ی ئاو، بۆیه توانیومانه كاریگه‌ریی گلدانه‌وه‌ی ئاو له لایه‌ن به‌نداوی داریان له‌سه‌ر بڕی ئاوی به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخان كه‌م بكه‌ینه‌وه و له ڕێگه‌ی حکوومەتی هه‌رێم و عێراقیشەوە، له‌سه‌ر خه‌تین بۆ چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كه، به‌ڵام تا ئێستا ئێران وه‌ك پێویست نه‌هاتووه‌ته پێش بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه‌یه".
له دوو ڕۆژی ڕابردوودا به هۆی گلدانه‌وه‌ی ئاو له لایه‌ن ئێرانه‌وه له به‌نداوی سه‌رده‌شت كه به‌نداوێكی تازه‌یه، كه‌مبوونه‌وه‌ی ئاو له زێی بچووك بووه هۆی له‌ناوچوونی هه‌زاران ماسی و په‌نجه‌ماسی و مه‌ترسیی له‌سه‌ر كشتوكاڵی قه‌زاكه و ژینگەی ده‌وروبه‌ری دروست كردووە.
له‌و باره‌یەوه، به‌كر باییز، قایمقامی قه‌ڵادزێ به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "له‌گه‌ڵ گرتنه‌وه‌ی ئاوی زێی بچووك پڕۆژه‌ی ئاوی قه‌زاكه‌مان 80 سانتیم ئاوه‌كه‌ی كه‌می كرد، تا ڕاده‌ی ئه‌وه‌ی په‌مپی پڕۆژه‌كه بكه‌ونه سه‌ره‌وه و نه‌توانن ئاو سه‌ربخه‌ن، بۆیه ئێمه‌ش ئێستا ئه‌و په‌مپانه‌مان دابه‌زاندووه‌ته خواره‌وه، تا بتوانین ئاوی پێویست دابین بكه‌ین و له‌و به‌شانه‌ی زێی بچووك کە ئاوه‌كه‌ی كه‌م بووه‌وه، هه‌زاران ماسی له‌ناو چوون، ئه‌و ماسییانه‌ی له‌ناویش نه‌چووبوون، خستماننەوە ناو ئاوه‌كه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر گلدانه‌وه‌ی ئه‌و ئاوه به‌رده‌وام بێت ئه‌وه گرفتی كه‌مئاوی له مانگی 8 زیاتر دەبێت، داوایشمان كردووه لایه‌نه پێوه‌ندیداره‌كان له‌سه‌رخه‌ت بن بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و گرفته".
ئه‌ندامێكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی ده‌ڵێت: "پلانی گرتنه‌وه‌ی ئاو له لایه‌ن ئێرانه‌وه به ڕووی هه‌رێمی كوردستاندا، هیچی له پلانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر كه‌متر نییه.
زیاد كاكه‌ڕه‌زا، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی لای خۆیه‌وه هێمای بۆ ئه‌وه كرد: "ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی نامه‌یه‌كی ناڕه‌زاییمان برد بۆ كۆنسووڵخانه‌ی ئێران له سلێمانی و ناڕه‌زاییی خۆمان پێ گه‌یاندن له‌سه‌ر گرتنه‌وه‌ی ئه‌و ئاوانه‌ی كه ده‌ڕژێنه زێی بچووك و ڕووباری سیروان و ئەوە به دوژمنایەتی ده‌زانین و دەبینین توركیایش كه‌وتووه‌ته ئاوگرتنه‌وه و ئه‌وه پێمان ده‌ڵێت، ئه‌و وڵاتانه كاری نایاسایی دژی كوردستان و عێراق ده‌كه‌ن".
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی بۆچی حکوومەتی عێراق بێده‌نگه له ئاست گرتنه‌وه‌ی ئاو، زیاد كاكه‌ڕه‌زا ده‌ڵێت: "حکوومەتی عێراق چه‌ند جارێك له ڕاگه‌یاندنه‌كانه‌وه هه‌ڵوێستیان ڕاگه‌یاندووه، به‌ڵام ئێران گوێ له هه‌ڵوێسته‌كانی عێراقیش ناگرێت و ته‌واوی یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی تایبه‌ت به ئاوی پێشێل كردووه".
ناوبراو ده‌ڵێت: "من گرتنه‌وه‌ی ئاو له‌سه‌ر باشووری كوردستان به گه‌له‌كۆمه‌کی خیانه‌تی 16ی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی ڕابردووی ده‌بینم، بۆیه پێویسته حکوومەتی هه‌رێمی كوردستان، به ڕژدی بیر له دروستكردن و به‌كارخستن بكاته‌وه له ته‌واوی ئه‌و به‌نداوانه‌ی كه له به‌رنامه‌ی دروستكردندان، چونكه ئیدی هه‌میشه له لایه‌ن وڵاتانی دراوسێوه هه‌ڕه‌شه‌ی گرتنه‌وه‌ی ئاومان له‌سه‌ره".
حکوومەتی هه‌رێمی كوردستان له ساڵانی ڕابردوودا چه‌ندین پڕۆژه‌ی دروستكردنی به‌نداوی له باشووری كوردستان ده‌ست پێ كردبوو، به‌ڵام به هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه، كاركردن له پڕۆژه‌ی دروستكردنی به‌نداوه‌كاندا وه‌ستان".
هێڤیار هه‌ڵه‌بجه‌یی