هه‌ولێر-KDP.info- ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، دوای ئه‌وه‌ی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان له به‌غدا گه‌ڕایه‌وه، بڕیاره ئه‌م حه‌فته‌یه له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆ بێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی پێكه‌وه گفتوگۆ له‌گه‌ڵ لایه‌نه عێراقییه‌كان بكه‌ن، له‌باره‌ی پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی عێراق، به‌ڵام لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی كورد هێشتا خۆیان یه‌كلایی نه‌كردووەته‌وه.
له حه‌فته‌ی ڕابردوودا شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان سه‌ردانی به‌غدای كرد و له‌گه‌ڵ لایه‌نه عێراقییه‌كان كۆ بووه‌وە و تێیدا باس له پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی عێراق كرا و شانده‌كه‌ی پارتی كۆتاییی به سه‌ردانه‌كه‌ی هێنا و گه‌ڕایه‌وه بۆ هه‌رێمی كوردستان و به پێی گوته‌ی ئه‌ندامێكی شانده‌كه‌ی پارتی گفتوگۆكان بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێ به‌رده‌وام ده‌بن و شاندی ئه‌وانیش سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن .
شوان محه‌مه‌د ته‌ها، بەرپرسی لقی پارتی لە بەغدا بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "كۆبوونه‌وه‌كان به‌رده‌وام ده‌بن و ئێمه ده‌چینه‌وه بۆ به‌غدا و شاندی ئه‌وانیش سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن و چاوه‌ڕوان ده‌كرێت حه‌فته‌ی داهاتوو گفتوگۆكان گه‌رموگوڕتر ببن بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی عێراق، به‌ڵام بۆ دروستكردنی ڕایه‌كی كوردستانی پێویسته سه‌ركردایه‌تیی كورد بڕیاری له‌سه‌ر بدات."
لەو بارەیەوە، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی پارتی دیموكراتی كوردستان. د. ئاراس حەسۆ میرخان، به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان له به‌غدا بڕیار دراوه كه پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆ ببنه‌وه و گفتوگۆ بکەن له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی کە به یه‌كه‌وه گفتوگۆ له‌باره‌ی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ له‌گه‌ڵ لایه‌نه عێراقییه‌كان بکەن و هه‌ردوو لاش یه‌كهه‌ڵوێست بن."
د. ئاراس حەسۆ میرخان گوتی: "بڕیاره ئه‌م حه‌فته‌یه پارتی و یه‌كێتی كۆبوونه‌وه‌ی نێوانیان بەڕێوە ببەن."
سه‌باره‌ت به لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی كورد، ئه‌و به‌رپرسه‌ی پارتی گوتی: "ئه‌و لایه‌نانه هێشتا خۆیان یه‌كلایی نه‌كردووەته‌وه كه به‌شداری له پرۆسه‌ی سیاسیی عێراق ده‌كه‌ن، یان نا و هه‌ركاتێك خۆیان یه‌كلایی كرده‌وه، ئه‌وكات هه‌وڵ ده‌ده‌ن كه گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئه‌وانیش بكه‌ن، چونكه ئێمه ده‌مانه‌وێت هه‌موو لایه‌نه كوردستانییە‌كان به یه‌كهه‌ڵوێستی بچینه به‌غدا."
چاودێرانی سیاسیش پێیان وایه ئه‌گه‌ر كورد به یه‌كگرتوویی بچێته به‌غدا ده‌توانێ ده‌ستكه‌وتی زیاتر به‌ده‌ست بێنێت.
بڵند ئیبراهیم