رووسیا-KDP.info- لە کۆڕبەندی ئابووریی جیھانی ئەم جارەی سانپیتەرسبورگ، فەلاح حەسەن، جێگری سەرۆکی لاوانی سیاسیی جیھان، کە گەنجێکی باشووری کوردستانە، سەرۆکایەتیی شاندی لاوانی جیھان دەکات .
لە کۆڕبەندەکەدا کە ساڵانە زیاتر لە ١٠٠ وڵات تێیدا ئامادە دەبن و نزیکەی ١٥ ھەزار کەس لەسەر ئاستی جیھان بەشدار دەبن، زۆربەی ھەرەزۆری بەشداربووان کەسانی سیاسی و بازرگانن. فەلاح حەسەن، کە ئاڵایەکی کوردستانی لەسەر یەخەکەی ھەڵواسیوە و بەشدارێکی کارایە لە کۆڕبەندەکەدا، بە میدیاکانی جیھان دەڵێت: کوردستان ھەرێمێکی تازە و سەرکەوتووی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستە، لە زۆربەی زۆری بوارەکاندا، بەتایبەتی لە بواری سەقامگیری و بەرنگاربوونەوەی تیرۆریستان و ڕێزگرتن لە لێقەوماوان، ھەروەھا ناوچەیەکی گرنگی سەرچاوەکانی وزەیە و ئایندەی گەشی ھەیە، بۆیە داوا لە بازرگانانی بەشداربوو دەکات ڕوو لە کوردستان بکەن و ھەوڵ بدەن وەبەرھێنانیان ھەبێت لەم ناوچە پێشکەوتووە تازەیەدا.
شایەنی باسە کۆڕبەندی سانپیتەرسبورگ ساڵانە ٣ ڕۆژ دەخایەنێت و ئەم جارەش بە ئامادەبوونی ڤلادیمێر پۆتین، سەرۆکی ڕووسیا و ئێمانۆیل ماکڕۆن، سەرۆکی فەرەنسا زۆربەی زۆری پانێڵەکان بەڕێوە دەچن.