هه‌ولێر-KDP.info- كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی و هه‌ڵبژاردن و راپرسی له كوردستان، شێوه‌ی تۆماركردنی ناوی قه‌واره سیاسییه‌كان و تۆماری هاوپه‌یمانی و به‌ربژێره‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان بڵاو ده‌كاته‌وه و، دواواده‌ش بۆ تۆماركردنی قه‌واره سیاسییه‌كان ده‌خاته‌ڕوو.
له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی واده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان كه بڕیاره له مانگی 9ی ئه‌م ساڵ ئه‌نجام بدرێت، كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و راپرسی له كوردستان، ده‌ستی به ئاماده‌كاری بۆ تۆماركردنی ناوی قه‌واره سیاسییه‌كان كردووه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به بڕیاری كۆمسیاران سه‌رجه‌م ئه‌و رێكارانه هه‌ڵوه‌شاونه‌ته‌وه كه پێشووتر لایه‌نه‌كان ئاماده‌كارییان بۆی كردبوو، چونكه گۆڕانكاری له شێوه‌ی وه‌رگرتنی فۆرمه‌كان كراوه. بڕیاره‌یشه سبه‌ی یه‌كشه‌ممه، ده‌ست به تۆماركردنی ناوی قه‌واره سیاسییه‌كان بكرێت بۆ خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان.
ژیار دزه‌یی، به‌رێوه‌به‌ری قه‌واره سیاسییه‌كان له كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و راپرسی بۆ ماڵپه‌ری فه‌رمی پارتیی دیموكراتیی كوردستان گوتی: "ئه‌و قه‌وارانه‌ی پێشووتر له كۆمسیۆن ناوی خۆیان تۆمار كردووه، ده‌بێت دووباره رێكاره‌كانی دووباره بكه‌نه‌وه، چونكه رێكاره‌كانی پێشوو هه‌ڵوه‌شاونه‌ته‌وه و سه‌رجه‌م حزبه‌كانیش تۆماره‌كانیان لای ئێمه كشاندووه‌ته‌وه، ته‌نیا یه‌ك قه‌واره نه‌بێت كه له‌به‌ر هه‌ندێك گرفت دۆسییه‌كانی نه‌كشاندووه‌ته‌وه".
ئه‌وه‌شی خسته‌روو، كه هه‌ندێك گۆڕانكارییان له رێكاره‌كان و له فۆڕمه‌كاندا كردووه، كه زیاتر گۆڕانكاری لاوه‌كین و هه‌ندێك خاڵ زیاد كراون و هه‌ندێك لابراون ده‌شڵێ "له سبه‌ینێوه 27\5\2018، ده‌رگای كۆمسیۆن كراوه‌یه به رووی قه‌واره سیاسییه‌كاندا، كۆمه‌ڵێك فۆرممان هه‌یه به‌پێی ئه‌و فۆڕمانه ناوی قه‌واره‌ی سیاسی و مه‌رجه‌كان باس كراوه".
له‌باره‌ی بڕی پاره‌ی وه‌رگیراو له‌لایه‌ن كۆمسیۆنه‌وه، دزه‌یی روونكردنه‌وه‌ی دا و گوتی "بۆ كۆمه‌ڵه و حزبه‌كان (50) ملیۆن دیناره، بۆ پێكهاته‌كان (25) ملیۆن دیناره، بۆ قه‌واره‌ی ئه‌رمه‌ن (10) ملیۆن دیناره كه ده‌بێت پێشوه‌خته ئه‌و پاره وه‌ك گه‌ره‌نتی بده‌نه كۆمسیۆن".
به‌رێوه‌به‌ری قه‌واره سیاسییه‌كان له كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و راپرسی راشیده‌گه‌یه‌نێت، كۆمسیۆن تا 7\6\2018 ده‌رگای كراوه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی قه‌واره سیاسییه‌كان خۆیان تۆمار بكه‌ن، دواتر له 18\6\2018 تا 20\6\2018 ماوه‌ی دیاریكراوه بۆ تۆماركردنی هاوپه‌یمانییه‌كان، ئه‌وه‌ش به كۆمه‌ڵێك مه‌رج كه له كاتی خۆی ده‌درێته لایه‌نه‌كان.
ژیار دزه‌یی گوتیشی: "هه‌ر لایه‌نێك ئه‌گه‌ر بتوانێت به‌پێی كۆنووسێك 500 واژۆ كۆ بكاته‌وه كه ته‌مه‌نیان له سه‌رووی 18 ساڵییه‌وه بێت، كۆمسیۆن ده‌توانێت وه‌ك قه‌واره مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكات".
شیاوی گوتنه، كه دوای تۆماركردنی هاوپه‌یمانی ده‌ست ده‌كرێت به‌تۆماركردنی ناوی به‌ربژێره‌كان.
كارزان سه‌باح هه‌ورامی