شنگال-KDP.info- كاندیدانی لیستی ١٨٤ی پارتی لە شنگال، ئاماژە دەدەن، كۆمسیۆن نزیكەی ٢٠٠ سندووقی ئاوارە و بنكەكانی دەنگدانی ھەردوو دەڤەری شنگال و زومماری ھەژمار نەكردووە، كاندیدێكیش دەڵێ: "لە مافی خۆمان خۆش نابین و سكاڵا تۆمار دەكەین".
نایف جەردو، كاندیدی لیستی ١٨٤ی پارتی لە شنگال، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "دەنگی نزیكەی ٢٠٠ سندووقی ھەڵبژاردن فەرز نەكراوە و ھەژماریش نەكراون، لەبەر ئەوە ئێمە نیگەرانین لەوەی بۆچی بڕیار لە چارەنووسی ئەو سندووقانە نادرێت، چونكە بە ھۆی ئەو بڕیارەی كۆمسیۆنەوە، ھیچ كاندیدێكی سنووری شنگال و زوممار دەرنەچووە بۆ پەرلەمان، لەبەر ئەوەی نازانین دەنگەكانمان بۆ كوێ چووە، بۆ نموونە من یەكێك بووم لەوانەی پێیان گوتم دەرچوومە و لە رۆژی یەكەم كۆمسیۆن پێی راگەیاندم كە نزیكەی پێنج ھەزار دەنگم ھێناوە، كەچی بۆ رۆژی دواتر ژمارەی دەنگەكانم گەییشتە نزیكەی ھەشت ھەزار دەنگ و لە رۆژی پاشتریش گەییشتە پازدە ھەزار دەنگ، كەچی لە كۆتاییدا پێیان گوتم دەرنەچوومە".
جەردو، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "كێشەی سەرەكیی ئێمە ئەوەیە، كەس نییە وەڵامی كاندیدانی شنگال و زوممار بداتەوە، چونكە زیاتر لە ١٧٠ سندووقی ئاوارەكان لە شنگال و زوممار ھەن، بۆچی ھەژمار ناكرێن و كێشەیان چییە، لەبەر ئەوەیش ئێمە لە مافی خۆمان خۆش نابین و پەنا بۆ تۆماركردنی سكاڵا دەبەین، ئێستا ئێمەی كاندیدانی ئەو سنوورە تەنیا یەك كەسیشمان سەر نەكەوتووە بۆ پەرلەمان و بە ستەمی دەزانین".
ئەو لەبارەی چارەنووسی سندووقەكانیشەوە، گوتی: "ئەوەی زانیاریمان ھەبێت، سندووقەكان نەخوێندراونەتەوە و ھەژمار نەكراون، ھەموویشیان بۆ بەغدا بردراون بێ ئەوەی كێشەكە دیار بێت، ئەگەریش كێشەی ھەیە، بۆچی بە ئاشكرا پێمان ناڵێن".
قائید میرۆ