Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
FRI, 19 APR 2024 14:19 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

پەیامێك لە سەرۆك بارزانی بۆ ڕای گشتی: بەڵێ، ئەم خۆ ناچەمینین
| KDP.info


 

 

هه‌ولێر-KDP.info-  له‌ په‌یامیدا بۆ ڕای گشتی، سه‌رۆك بارزانی ڕایده‌گه‌یێنێ، ئێمە پێمان باشە كە بە دیالۆگ لەگەڵ بەغدا بەردەوام بین هەتا دەگەینە ئەنجامێك. ڕاشیگه‌یاندووه‌، ئەو واقعەی كە بە زۆری چەك و خۆسەپاندن لە كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی تری دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دروست بووە پێویستە كۆتایی بێت و مێژوو سەلماندوویەتی كە .. بەڵێ، ئەم خۆ ناچەمینین.. و بە زمانی چەك و زۆر لەدژی گەلەكەمان، ئیرادەی گەلی كوردستان هەرگیز نەشكاوە و ناشكێت. ده‌قی په‌یامه‌كه‌:

 

پەیامێك لە سەرۆك بارزانی بۆ ڕای گشتی
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
جەماوەری خۆشەویستی كوردستان
ئێستا كە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كراوە، دۆخێكی تازە هاتووەتە ئاراوە. هیوادارم هەولێر و بەغدا دوور لە دەمارگیری و گرژی، پێداچوونەوەیەكی نوێ بە پەیوەندییەكانیاندا بكەن و ئەو هەڵبژاردنە دەستپێكی قۆناغێكی تازە بێت بۆ هەردوولا.
هۆكاری سەرەكیی هەموو گیروگرفتەكانی پێشوو و بڕیاری گەلی كوردستان بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دەگەڕێتەوە بۆ پابەندنەبوونی حكوومەتی بەغدا بە دەستوور و لە دیباچەی دەستووریشدا بە ڕوونی هاتووە كە "إنّ الالتزام بهذا الدستور یحفظُ للعراق اتحاده الحر شعبا وأرضاً وسیادةً". ئەمە ئاماژەیەكی زۆر ڕوونە كە عێراق لە یەكێتییەكی ئارەزوومەندانە پێكهاتووە و بەم پێیە ڕیفراندۆم و مافی دیاریكردنی چارەنووس مافێكی دەستووری و سرووشتیی گەلی كوردستانە.
پێویستە دوای سەد ساڵ ئەزموونی پڕ لە كارەسات ئەو قەناعەتە لە بەغدا دروست ببێت كە چیتر دژایەتیی مافەكانی گەلی كوردستان نەكەن و لە دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان تێبگەن. ئێستا دەرفەتێكی باشە كە لایەنە باڵادەستەكانی عێراق بەو ڕۆح و هەڵوێستەی كە دەستووری لەسەر بنیات نراوە مامەڵە لەگەڵ ماف و داواكارییەكانی گەلی كوردستان بكەن. پێویست بوو حكوومەتی بەغدا كار بۆ قەرەبووكردنی گەلی كوردستان بكات نەك ئەوەی ئابڵۆقەی بدات و سزای بەكۆمەڵی بەسەردا بسەپێنێت. حكوومەتی عێراق دەبێ قەرەبووی ئەنفال و كیمیاباران و وێرانكردنی دێهاتەكان و ئاوارەكردنی خەڵكی كوردستان بكات كە لە قۆناغەكانی پێشوودا و لەم دواییانەش لە كەركووك و دوز و شوێنەكانی تر دژی گەلی كوردستان ئەنجام دراوە.
ئێمە پێمان باشە كە بە دیالۆگ لەگەڵ بەغدا بەردەوام بین هەتا دەگەینە ئەنجامێك. هەرگیز بژاردەی ئێمە بژاردەی شەڕ نەبووە. بە داخەوە هەمیشە و لە هەموو قۆناغەكانی ڕابردوو ئەوە بەغدا بووە كە شەڕی هەڵبژاردووە و ئێمەیش بەرگریمان كردووە بە ڕووداوەكانی دوای 16ـی ئۆكتۆبەریشەوە. كەچی هەمیشە و بەر لە ڕیفراندۆم و دوای ڕیفراندۆمیش ڕامان وا بووە گرفتەكان دوور لە توندوتیژی چارەسەر بكەین و پەیوەندیمان لەگەڵ بەغدا ئاشتیانە بێت. لەگەڵ ئەوەیشدا ئەو واقعەی كە بە زۆری چەك و خۆسەپاندن لە كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی تری دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دروست بووە پێویستە كۆتایی بێت و مێژوو سەلماندوویەتی كە .. بەڵێ، ئەم خۆ ناچەمینین.. و بە زمانی چەك و زۆر لەدژی گەلەكەمان، ئیرادەی گەلی كوردستان هەرگیز نەشكاوە و ناشكێت.
لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانیش هەندێ  نیگەرانی و گومان لە پڕۆسەی هەڵبژاردن و ئەنجامەكانیدا هەیە. بۆ نەهێشتنی گومان و ناڕەزاییەتەكان پێویستە كۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق هەنگاوی پێویست بنێت بۆ ڕەواندنەوەی گومانەكان و قەناعەت بۆ لایەنە ناڕازییەكان دروست بكات.
گەلی كوردستان قوربانیی بێ هەژماری داوە و ئەو دەستكەوتانەی ئێستا هەن بە خوێنی هەزاران شەهید هاتووەتە ئارا. ئێستایش كە قۆناغێكی تازە لە ئارادایە و هەڵبژاردن كراوە و، بۆ ئەوەی خوێنی شەهیدەكانمان بەفیڕۆ نەچێت و دەستكەوتەكان بپارێزرێن، پێویستە لایەنە كوردستانییەكان بەرژەوەندیی نیشتیمانی بخەنە پێشەوەی بەرژەوەندیی حزبی و هەموو لایەك پێكەوە بن و بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان نەكەنە قوربانیی هەندێ دەستكەوتی كاتی و سیاسیی و حزبی. دەبێ لەوە تێبگەن كە ئەگەر كوردستان هەموو یەكدەنگ بێت دەتوانرێ دەستكەوت و مافەكان بپارێزرێن و ئەگەر پەرتەوازە بین ئەوە كوردستانیش  لاواز دەبێت. هەموو ئەزموونەكان پێمان دەڵێن كە ئەگەر پێكەوە بین، كاری گەورە و دەستكەوتی گەورە دێتە دی و ئەگەریش پەرتەوازە بین دۆزی ڕەوای گەلەكەمان زیان دەبینێت و پاشەكشە دەكات و ڕەنج و قوربانیدانی گەلی كوردستان بەفیڕۆ دەچێت. هەر بۆیەش داوا دەكەم لایەنە كوردستانییەكان ئەمجارە لە بەغدا پێكەوە بن و یەكڕیز بن.
لە كۆتاییدا سوپاسی ئەندام و كادیر و لایەنگران و دۆستانی پارتی و هەموو ڕۆڵە دڵسۆزەكانی گەلی كوردستان دەكەم  كە نەیانهێشت حەزی نەیاران و ناحەزان بهێتە دی.

سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدە نەمرەكانمان
سڵاو بۆ پێشمەرگە قارەمانەكان

مسعود بارزانی
19ـی 5ـی 2018




دوایین هەواڵەکان

شاخەوان عه‌بدوڵڵا بۆ KDP: دەرکردنی ئەو ماڵە کوردانەی خانەقین ڕاگیرا

THURSDAY, 18 APRIL 2024 23:04:20

ھەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتی، دەرکردنی ئه‌و ماڵە کوردانه‌ی لە خانووی شارەوانی بوون کە بڕیاری لێدرابوو راگیرا.

 
ڕێگای نێودەوڵەتی ھامڵتۆن نوژەن دەکرێتەوە

THURSDAY, 18 APRIL 2024 20:04:17

سۆران _KDP.info_بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتی: بە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕێگای نێودەوڵەتی ھامڵتۆن لە نێوان ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران نوژەن دەکرێتەوە.‌

 
پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی پێشوازیی لە شاندێکی کۆمەڵەی دۆستایەتی کورد و ئەڵمان کرد

THURSDAY, 18 APRIL 2024 17:04:30

ھەولێر-KDP.info- شاندێکی  کۆمەڵەی دۆستایەتی  کورد و ئەڵمان سەردانی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستانیان کرد و هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەب و ژمارەیەک لە ستافی دێسک و یۆنیتەکانی مەکتەب  پێشوازیان لێ کردن.

ھەوراز عەبدولقادر: بەگوێرەی پڕۆژەیەک ١٠٠ ھەزار بۆ مووچەی ئەم توێژە زیاد دەبێت

THURSDAY, 18 APRIL 2024 17:04:31

ھەولێر  _KDP.info_ بەرپرسێکی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی ئاشکرایکرد، بەگوێرەی پڕۆژەیەک ١٠٠ ھەزار دینار بۆ مووچەی کەمئەندامان زیاد دەکرێت، گوتیشی: لە ھەرێمی کوردستان ٧٤ ھەزار کەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت مووچەی مانگانەیان بۆ خەرج دەکرێت.

 
سەرۆک بارزانی پێشوازی لە سەرۆکی کارگێری هەڵبژاردن و ئەندامێکی ئەنجوومەنی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکات

THURSDAY, 18 APRIL 2024 17:04:21

ھەولێر-KDP.info-  ڕۆژێ پێنجشەممە 18ی نیسانی 2024 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە دادوەر عەباس فەرحان حەسەن سەرۆکی کارگێری هەڵبژاردن لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق و دادوەر عامر موسا محەمەد ئەندامی ئەنجوومەنی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق کرد.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact