هه‌ولێر-KDP.info- كاندیدانی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن كه كار بۆ جێبه‌جێكردنی مافه ده‌ستووری و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی گه‌لی كوردستان ده‌كه‌ن، وه‌كو ئه‌وه‌ی له به‌رنامه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان، لیستی 184دا باسی لێوه كراوه و ده‌بنه داكۆكیكاری مافه‌كانی گه‌لی كورد.
پارتی دیموكراتی كوردستان به‌رنامه‌ی خۆی بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق ئاشكرا كرد و له به‌رنامه‌كه‌دا جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه كردووەته‌وه كه كار ده‌كه‌ن بۆ پاراستنی ماف و ئازادییه دەستوورییه‌كانی گه‌لی كوردستان و قه‌واره‌ی دەستووریی هه‌رێمێكی یه‌كگرتووی به‌هێز و جێبه‌جێكردنی دەستوور به ته‌واوی مادده و بڕگه‌كانییه‌وه، له‌وانه مادده‌ی140ی دەستووری عێراق و ئه‌نجامدانی ڕاپرسی و ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی كه‌ركووك و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه زیانلێكه‌وتووه‌كان و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی خه‌ڵكه‌كه‌ی و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئاواره‌كان بۆ سه‌ر ماڵوحاڵی خۆیان كه له دوای 16ی ئۆكتۆبه‌رەوە ئاواره بوونه.
له‌م باره‌یه‌وه، شێروان حه‌یده‌ری، كاندیدی ژماره ٩ی لیستی 184ی پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئێمه وه‌كو كاندیدانی پارتی دیموكراتی كوردستان ئه‌گه‌ر خه‌ڵك متمانه‌ی پێ داین له به‌غدا كار ده‌كه‌ین بۆ جێبه‌جێكردنی په‌یام و به‌رنامه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان، كه به‌رنامه‌ی پارتی به‌رگریكردنه له ماف و داوا ڕه‌واكانی گه‌ڵی كوردستان و جێبه‌جێكردنی ئه‌و مادده دەستوورییانه‌ی كه په‌یوه‌ندییان به هه‌رێمی كوردستانه‌وه هه‌یه و جگه له‌وه‌ش، به‌رگری له قه‌واره‌ی سیاسی و بودجه و مووچه و ماف و ئازادییه‌كانی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین، بۆیه هه‌رێمی كوردستان هه‌ر مافێكی لای به‌غدا هه‌بێت كار بۆ به‌ده‌ستهێنانی ده‌كەین و ده‌بینه داكۆكیكاری خه‌ڵكی كوردستان."
شێروان حه‌یده‌ری گوتیشی: "ئێمه ده‌بینه نوێنه‌ری ڕاسته‌قینەی خه‌ڵكی كوردستان و ده‌بینه ته‌واوكه‌ری نوێنه‌رانمان له‌م خوله و ئه‌وانه‌ی خوله‌كانی ڕابردووی په‌رله‌مانی عێراق، كه ئه‌وه‌ی ئه‌وان نه‌یانتوانیووه بیكه‌ن، ئێمه ده‌یكه‌ن، به‌تایبه‌ت بۆ ده‌ركردنی ئه‌و یاسایانه‌ی كه پێویسته په‌سه‌ند بكرێن هه‌وڵیان بۆ ده‌ده‌ین، چونكه پرسی ئێمه له‌گه‌ڵ عێراق نه‌ته‌وه‌ییه و شه‌ریكبوونه له‌گه‌ڵ عێراق و په‌یوه‌ندیی به ئاینده‌ی خه‌ڵكی كوردستانه‌وه هه‌یه."
د. ڤیان سه‌بری، كاندیدی ژماره ١ی لیستی 184ی پارتی دیموكراتی كوردستان له سنووری دهۆك، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان لیستی ڕیفراندۆم و شكستهێنان به پلانی ناحه‌زانی گه‌لی كورده، بۆیه هه‌موو توانای خۆمان ده‌خه‌ینه گه‌ڕ بۆ به‌هێزكردنی گوتاری سیاسی و ڕۆڵ و سه‌نگی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌رگریكردن له مافی دەستووریی هه‌رێمی كوردستان و ده‌ستكه‌وتی ڕیفراندۆم و خوێنی شه‌هیدان. جگه له‌وه‌ش، كار ده‌كه‌ین بۆ جێبه‌جێكردنی په‌یام و به‌رنامه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان كه زیاتر جه‌خت له‌سه‌ر مافه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی گه‌لی كورد ده‌كاته‌وه."
د. ڤیان گوتیشی: "گرنگیی زیاتر بە مافی ئافره‌ت ده‌ده‌ین و كاری بۆ ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی مافی ئافره‌ت به‌ده‌ست بێت و خزمه‌تگوزاری بۆ هه‌موو كه‌رته‌كان دابین بكرێت، به‌تایبه‌ت كه‌رتی ته‌ندروستی."
بڵند ئیبراهیم