Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
SAT, 20 APR 2024 11:29 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

زەكەریا حەسری: گورزوەشاندنەکەی ئەمەریکا، كاریگەرییەكانی "سایكس-پیكۆ" کاڵ دەکاتەوە
| KDP.info


 

هەولێر-KDP.info-  هەرێمی كوردستان، كاریگەریی تایبەتی خۆی ھەیە لەو ئاڵۆزیانەی لە داهاتوودا ڕووبەڕووی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەكە دەبنەوە، زەكەریا حەسرییش دەڵێت، پێویستە كورد قەوارەیەكی سیاسیی تایبەت بە خۆی ھەبێت، تا كوردی ھەر چوار پارچە لە ژێر یەك چەتردا كۆ بكاتەوە.

هێرش و ھەڕەشەكانی ئەمەریكا بۆ سەر سووریا، پێگەی كوردستان لەو پێشھات و ڕووداوانەی ئەم دواییەدا چییە؟ پرسێکە و نووسەر و لێكۆڵەرەوە لە مێژووی سیاسی، زەكەریا حەسری، لەبارەیەوە دەڵێ: "كورد كاریگەریی تایبەتی خۆی ھەیە لە ناوچەكەدا. لە شەڕی دژی داعش و ئاڵۆزیی ناوچەكە بە تایبەت و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی كاریگەریی كورد دەركەوت، بە تایبەت ئەو ڕۆڵەی سەرکردایەتیی سیاسی و حکوومەتی هەرێم کوردستان گێڕای، بەڵام سەرەتا دەبێ ڕوونی بكەینەوە كە كورد لە ھەرلایەك بێت نەك وەكوو سەرۆكی ھەرێم سەیری "مەسعوود بارزانی" دەكەن، بەڵكوو وەكو ڕابەری شۆڕشی رزگاریخوازی كورد و ھەڵگری پڕۆژەی نەتەوەیی كوردی لەسەر رێبازی ئەو نەمرانەی كە گیانی خۆیان لە پێناو رزگاریی كورد و كوردستان بەخت كرد، تەماشا دەكرێت".

حەسری کە یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی عەفرینی ڕۆژاوای کوردستانە و لە باشووری کوردستان نیشتەجێیە، لە لێدوانێكی تایبەتدا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی جەخت دەکاتەوە، "لەم پێگەیەی سەرۆك بارزانییەوە، رۆڵی ھەرێم و پارتی و دەزگاكانی بە دیار دەكەوێت لە پشتگیری و ھاوكاریكردنی كورد و بزووتنەوەكەی لە رۆژئاوا و، ھیچ بۆنەیێكیان تێنەپەڕاندووە گەر جۆرە ھاوكاری و پاڵپشتیێكیان چ لەلایەنی سیاسی یانیش مرۆیی پێشكەش نەكردبێت، لە پێشوازیی سەدانھەزار پەنابەری كوردی رۆژئاواو و دابینكردنی سەرجەم خزمەتگوزارییە پێویستەكان و زۆرێكی دیكە."

كورد بەشێكە لە ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی
ھەرێم کوردستان و هێزی پێشمەرگە، ڕۆڵ و پێگەیەكی گرینگیان هەبووە و ھەیە لە شەڕی نێودەوڵەتی دژی تیرۆر و، زەکەریا حەسری پێی وایە، "لە داھاتوویشدا ڕۆڵی گرینگتریان دەبێت، بە حوكمی لێھاتووییی جەنگاوەرەكانی و پێگەی جیۆگرافییشی. لەلایەكی تریشەوە، بە حوكمی ئەو ناكۆكیانەی لە ئارادان لە نێوان توركیا و ئەمەریكا و رەنگە فراوانتریش بێت بە ھۆی لەیەكنزیكبوونەوەی نێوان توركیا ڕووسیا و ئێران و بەستنی ھاوپەیمانەتیێك لە نێوانیاندا".

زیادبوونی ھەژموونی کارەکتەرە هەرێمییەکان و ئەو هێزانەی بۆ پێکانی ئامانجەکانیان یاری دەکەن نموونەی حیزبوڵڵا و حەشدی شەعبی لە ناوچەكە و كاریگەرییەكانیان لەسەر بەغدا، كاریگەریی خۆی دەبێت لەسەر رۆژئاوا و فراوانبوونی دەستەڵاتی ڕووسیا و رەنگە توركیایش. لێرە دەتوانین بڵێین، كورد کە بەشێكە لە ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی كە ئەمەریكا سەرپەرشتی دەكات، چ کۆڕانکاریێک بێتە ئاراوە كوردیش تێیدا پێگەی دەبێ، چونكە لە كۆتادا بەرەی دژەكورد و داگیركارانی خاكی كورد لاواز دەكات."

پشتگوێخستنی ڕێکەوتنەکانی هەولێر و دهۆک، عەرەباندنی بەدوادا هات

ئەو دووپاتی دەکاتەوە، كێشە سەرەكییەكەی كورد ئەوەیە كە، تا ئێستا قەوارەیەكی سیاسیی تایبەت بە خۆیان نییە تا ھەموویان لە ژێر چەترەكەیدا كۆ ببنەوە، چونكە بوونی قەوارەیەكی سیاسی، مەرجە بۆ پێشكەوتن و، دەبێتە شوورەیەكی بەھێز بۆ پاراستنی كولتوور و بەھاکانی كورد و، دەشڵێ "بە بێ دروستبوونی دەوڵەتی كوردستانی سەربەخۆی یەكگرتوو، ناتوانین وەكوو پێویست بەرگری لە بوونی خۆمان بكەین و زمانمان یەك بخەین و خۆیشمان رێك بخەین. گەر دەوڵەتێكی كوردستانیی دیموكراتی سەربەخۆ نەبێت، ناتوانین ئەو ئاواتەی ھەیە بەدی بێنین و كوردیش ھەمیشە بە ھاووڵاتی پلە ٢ دوو و٣ دەمێنێتەوە و لە ھەندێ شوێن ھەر نكۆڵی لە بوونی دەكرێت و ناوچەكانیان دەعەرەبێندرێن و دەتوركێندرێن و دەفارسرێندرێن، كوردی باشیشیان پێ ئەو كوردەیە كە ملكەچ و كۆیلەی داخوازییەكانی ئەوانە، ئەگینا بە جۆرەھا ناوی ئایینی فەرمانی قڕكردنیان دەردەچێت. لە رۆژئاوایش كێشەكە گەییشتە ئەو ڕادەیەی رژێم لە ساڵی ١٩٦٢ دەستی كرد بە لێسەندنەوەی ڕەگەزنامە لە كورد و، لە ھاوڵاتیبوون بێبەشی كردن و تەنانەت ناوی ناوچە و ڕووبار و شاخەكانیشی گۆڕی كە بە كوردی بوون."

حەسری زیاتر گوتی: "لێرەدا دەبێ رۆڵ و ھەوڵەكانی بارزانیی نەمرمان لە بیر نەچێ لە یەكخستن و یەكڕیزیی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد لە ڕۆژئاوا لە ساڵی حەفتاكان و ھەروەھا رۆڵی سەرۆك بارزانی  لە سەرەتای سەرھەڵدانی شۆڕشی سووریا لە ساڵی ٢٠١١ و، تا ئەمڕۆیش كە دەبینین ھەوڵی زۆری داوە وەكوو برا و ئامۆژگاریكار بۆ یەكخستنی ماڵی كورد لە رۆژئاوا و، ڕێككەوتنەكەی ھەولێر 2 و دھۆك 2 باشترین بەڵگەیە، بەڵام بەداخەوە ئەو رێككەوتنە جێبەجێ نەكرا لەبەر ئەوەی لایەنێكی رێككەوتنەكە پابەند نەبوو بە بڕگەكانی و بەپێچەوانەوە چوو ھاوپەیمانی لەگەڵ رژێم و چەكدارەكانی سەر بە رژێم بەست، لە دژی خواستی كورد و دەستی كرد بە ڕاوەدوونانی كوردە نیشتیمانپەروەرەكان و لە ئەنجامدا بووە ھۆكاری لەباربردنی پڕۆژەی سیاسیی نەتەوەیی كوردی و واڵاكردنی دەرگاكان بۆ بەعەرەبكردنی ناوچە كوردییەكان. ھەروەھا رۆڵی سەرۆك بارزانی و پێشمەرگەمان بینی لە رزگاركردنی كۆبانی و پێش ھێرشەكەی توركیایش بۆ سەر عەفرین، چەندین جار داوا كرا رێككەوتنی دھۆك كارا بكرێتەوە و عەفرین رادەستی ھێزی لەشكری كوردستان بكرێت بە مەبەستی رێگەگرتن لە لەشكركێشیی توركیا بۆ سەر ناوچەكە، بەڵام نەكرا و بیانوو درا بە توركیا."

زۆرێک لەسەر ئەو بڕوایەن کە ئەگەر ئامانجەکانی بەشێكی زۆری لایەنەکانی جەنگ لە سووریا، فراوانخوازی بێ، ئەوا لایەنە ئابوورییەکەشیەتی، چونکە سەرەڕای پێگە ستراتیژییەكەی سووریا لەسەر دەریای ناوەڕاست، کە بە هۆیەوە رووسیا چاوی تێی بڕیوە، ھەروەھا نزیكیی لە شوێنە ئایینییە مەسیحییەكانیشە. زەکەریا حەسرییش باوەڕی وایە، "كۆمەڵێك فاكتەری ئابووری و سیاسی و ئایینی ھەن لە پشت ئەو گرینگیدانە بە سووریا و فاكتەری ئابوورییش ھەرە سەرەكییە، ھەرچەندە بە ئاشكرا باس لە بابەتی ناردنی گازی كوردستان بۆ ئەورووپا نەكراوە، ھەروەھا گەییشتنی نەخشەی كوردستان بەسەر لێواری دەریای ناوەڕاست لە رێگای عەفرینەوە و رێگاخۆشكردن بۆ پڕۆژەی سیاسیی كوردستانی بۆ دامەزراندنی قەوارەی خۆی".

بە بۆچوونی زەكەریا حەسری، ھێرشەكەی ئەمەریكا بۆ سەر سووریا، تەنیا نامەیەكی بەھێز دەبێت بۆ رژێمی سووریا و ڕووسیا و ئێران، كە ناگاتە رادەی رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ لەگەڵ رووسیا و ئێران یاخود گۆڕینی ھاوسەنگییەكان لەم ماوە نزیك و پێشبینیکراوەدا، بەڵام دەشڵێ "رێگەخۆشكەر دەبێت بۆ ئاسۆیەكی روون و دیار بۆ كۆتاییھێنان بە  كاریگەرییەكانی سایكس-پیكۆ، ئەگەر ئەمە رووی دا، ئەوا دەرگا بۆ دروستبوونی دەوڵەتی نوێ واڵا دەكات و كورد دەباتە نێو پڕۆژەی نێودەوڵەتی بۆ داھاتوو و، هەروەها ڕێگەخۆشكەر دەبێت بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان و، لە نەھامەتیی سەدان ساڵە رزگاریان دەبێت".

فایزە كۆیی




دوایین هەواڵەکان

وەزیری بازرگانی ھەنگاوەکانی وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵ بۆ KDP ئاشکرا دەکات

FRIDAY, 19 APRIL 2024 21:04:30

ھەولێر-KDP.info- وەزیری بازرگانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا بڕی وەرگرتنی گەنمی ھەرێمی کوردستان لەلایەن بەغدا دیاری نەکراوە، بڕیاریشە حکوومەتی ھەرێم و بەغدا بە ھەماھەنگی بڕەکە دیاری بکەن، بۆ ئەو مەبەستەش خۆمان ئامادەکردووە.

 
شاخەوان عه‌بدوڵڵا بۆ KDP: دەرکردنی ئەو ماڵە کوردانەی خانەقین ڕاگیرا

THURSDAY, 18 APRIL 2024 23:04:20

ھەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتی، دەرکردنی ئه‌و ماڵە کوردانه‌ی لە خانووی شارەوانی بوون کە بڕیاری لێدرابوو راگیرا.

 
ڕێگای نێودەوڵەتی ھامڵتۆن نوژەن دەکرێتەوە

THURSDAY, 18 APRIL 2024 20:04:17

سۆران _KDP.info_بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتی: بە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕێگای نێودەوڵەتی ھامڵتۆن لە نێوان ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران نوژەن دەکرێتەوە.‌

 
پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی پێشوازیی لە شاندێکی کۆمەڵەی دۆستایەتی کورد و ئەڵمان کرد

THURSDAY, 18 APRIL 2024 17:04:30

ھەولێر-KDP.info- شاندێکی  کۆمەڵەی دۆستایەتی  کورد و ئەڵمان سەردانی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستانیان کرد و هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەب و ژمارەیەک لە ستافی دێسک و یۆنیتەکانی مەکتەب  پێشوازیان لێ کردن.

ھەوراز عەبدولقادر: بەگوێرەی پڕۆژەیەک ١٠٠ ھەزار بۆ مووچەی ئەم توێژە زیاد دەبێت

THURSDAY, 18 APRIL 2024 17:04:31

ھەولێر  _KDP.info_ بەرپرسێکی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی ئاشکرایکرد، بەگوێرەی پڕۆژەیەک ١٠٠ ھەزار دینار بۆ مووچەی کەمئەندامان زیاد دەکرێت، گوتیشی: لە ھەرێمی کوردستان ٧٤ ھەزار کەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت مووچەی مانگانەیان بۆ خەرج دەکرێت.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact