د.محه‌ممه‌د خدر مه‌ولوود
مێژووی به‌ریتانیاییه‌كان له عێراق و ناوچه‌كه‌دا، بۆ كوردستان و كوردی ره‌سه‌نی سه‌رخاك و زێدی باوباپیرانی، مارانگه‌سته‌ی ده‌ستی سایكس- پیكۆن.
كورد و كوردستانیان تا ئه‌مڕۆی دواڕۆژه‌كانی نه‌ورۆزی 2018، تاڵاوی راپۆرت و پێشنیازه‌كانی رۆژهه‌ڵاتناسان و كه‌سانی وه‌ك مس بێل و مێجه‌رسۆن و لۆره‌نسی عه‌ره‌بی ده‌چێژن.
ئه‌وێ رۆژێ ئه‌وان وه‌ك راوێژكار و كۆنسووڵ و سهركۆنسووڵ و حاكمی سیاسی و گه‌ڕیده‌ی سیخووڕ به بۆنی نه‌وتی ناوچه شانیشینه عهرهبنیشینهكان مێشكیان كاس ببوو، چاویشیان هه‌ر له زه‌لامی عه‌گال به سه‌ر و دشداشه له‌به‌ر، دیاره له‌وان بترازێ، چاویان خه‌ڵكی دیكه‌ی له ناوچه‌كه نه‌ده‌دیت، لۆره‌نسی عه‌ره‌بی ئه‌وسا له یادداشته‌كانی جوانی پێكاوه، عه‌ره‌بیش به ناحه‌ق پێكایان و، مس بێڵی ئاشقه بیابانیش سێركوكۆسی حاكمی عێراق رازی ده‌كا، تا ونستۆن چه‌رچل ددان به‌و سنووره ده‌ستكرده‌ی بێڵدا بێنێ و له كۆنگره‌ی قاهیره له ساڵی 1921دا به‌رگری له عێراقی به‌زۆر لكێندراو بكا و كوردستانیش به‌و شێوه‌یه په‌رته‌وازه ببێ، تا سیاسه‌تی پهرتكهوزاڵبه به‌سه‌ر كورددا ببێته دیفاكتۆیه‌كی چه‌سپاوی ته‌مه‌ن 100ساڵه‌ی ئیمپریالیزمی كۆن و نوێی ناوچه‌كه.
پێده‌چێ رۆژئاوای مێیینه - مێژوونووسه عه‌ره‌به نێرینه‌كان گوته‌نی، له‌وێ رۆژێ و بگره زووتریش تیله‌ی چاوی هه‌ر له رۆژهه‌ڵاتی گه‌رم و ئاگردانی به‌ر به‌رمیله نه‌وته خاوه‌كه بووبێ، له به‌ختی كوردیش بوو مێجه‌رسۆن بارودۆخی كورد و سلێمانی له سه‌رده‌می مه‌لیك مه‌حمووددا، راست و ڕه‌وان وێنا نه‌كردوو، به دڵی مس بێڵی عاشق به چاوی ڕه‌شی عه‌ره‌ب ده‌یگه‌یانده سه‌رووی خۆی، به راده‌یێك هه‌رهیچ نه‌بێ دوو وێنه‌ی جوانی مافخوراوانی نه‌گه‌یاندووه‌ته شانیشینی ئه‌وسای ئه‌و ئیمپراتۆره‌ی خۆری لێ ئاوا نه‌ده‌بوو.
ئه‌م چه‌ند رسته و ده‌سته‌واژانه وه‌ك پێشینه‌ی مێژوویی له خه‌یاڵ و هزردا ده‌خولێنه‌وه، كاتێ پیرۆزباییی خاتوو تریزا مه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی به‌ریتانیا و بۆ بۆریس جۆنسۆنی وه‌زیری ده‌ره‌وه كه به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی نهورۆزو سه‌ری ساڵی كوردی، بۆ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له رۆژانی نه‌ورۆزدا ره‌وان كرابوو.
ته‌واوی رووداو و كارهستاكانی كوردستان له ناوچه‌كه‌دا هه‌ر له دوای سایكس پیكۆوه تا16ی ئۆكتۆبه‌ر و داگیركردنی كه‌ركووك و عه‌فرین و یادی 30 ساڵه‌ی كیمابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ی لێ تاووتو ده‌كرێ و ده‌پرسین:
- ئه‌م به شان و باڵدا هه‌ڵگوتنه و ڕووپهمهییهتان-موغازهلهیه بۆ كورد و كوردستان، له پای چی و ئه‌و غه‌در و زوڵمه‌ی بێئهمانه ته‌مه‌ن سهدساڵهییهتان له كورد له پایی چی؟
سه‌یره پرسی سیخوڕێكی دووسه‌ره‌ی وه‌ك سێرگی سكریپاڵی ڕووسی، وا نه‌ك ههرخهریكه عه‌رشی شانیشینی به‌ریتانیا و دینگه‌كانی كۆشكی سپی ئه‌مریكایی ده‌هه‌ژێنێ و ئه‌ورووپای رۆژئاوایش تێوه ده‌گلێنێ، به‌ڵكو وا خه‌ریكه سه‌رده‌م بۆ سه‌رده‌می جه‌نگی سارد بباته‌وه و هاوكێشه‌ی جیهان ئاوه‌ژوو بێته‌وه.
بۆ یادی 30 ساڵه‌ی قوربانیانی هه‌ڵه‌بجه نقهیهكتان لێوه نه‌هات؟ له‌كاتێكدا ده‌ست بۆ سه‌روه‌ری و شكۆی خه‌ڵكی كوردستان ده‌بردرێ، هه‌ر جارێ به ناوێك جینۆساید ده‌كرێ و گه‌مارۆی ئابووری و زه‌مینی و ده‌درێ وه‌ك نێچیری به‌رده‌م هێرش و په‌لاماردان سه‌یر ده‌كرێ، ئێوه‌ش هه‌ر بێده‌نگن.
ئه‌رێ دوای سه‌د ساڵ له كاره‌سات و قوربانیدان، تاوانه خه‌ڵكی كوردستان مافی سه‌ربه‌خۆییی به شێوه‌ی ئاشتی و دیموكراتییانه بێنێته دی و ده‌نگ به ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی بدات؟ ئه‌وه‌یه بێده‌نگیتان بۆ ئه‌و كۆمه‌ڵگا كوردستانییه پێشكه‌وتووه‌ی وه‌ك به‌رێز بۆریس جۆنسۆنی وه‌زیری ده‌ره‌وه ده‌ڵێ:
- له شه‌ڕی داعشدا هه‌رێمی كوردستان و گه‌لی كورد قاره‌مانه‌تی و قوربانیدانێكی مه‌زن و گه‌وره‌ی له پێشوازیكردنی ژماره‌یه‌كی مه‌زن و میوانپهروهرییهكی زۆری ئاواره و په‌نابه‌ران نیشان دا. یا ئه‌وه‌ی له كه‌ركووك و خورماتوو رووی دا پادداشته؟
به‌رێز خاتوو تیرێزامهی، سوپاس بۆ پیرۆزبایی و نهورۆزنامهكهت..
ئێستا ئه‌ركی ئێوه و ئه‌مریكا و كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی و ده‌وڵه‌تانی هاوپه‌یمانی شه‌ڕی داعش، ده‌بێ له‌وه‌دا چڕ بكرێته‌وه، كه چیتر مافه ڕه‌واكانی گه‌لی كوردستان بۆ ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی پێشێل نه‌كرێ و پرسی بودجه و مووچه و دژایه‌تیكردنی ئه‌و نه‌ته‌وه و خه‌ڵكه‌ی ئه‌فسانه‌ی داعشیان تێكشاند، وه‌ك مه‌رامی سیاسی بۆ مه‌به‌ستی هه‌ڵبژاردن له لایه‌ن حكوومه‌تی عێراقه‌وه به كار نه‌هێندرێ. هه‌روا ده‌بێ له ئێستاوه قسه و باس له‌سه‌ر ئه‌وه بكرێت، مافی ڕه‌وای ده‌نگدان به ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆییی كوردستان چۆن جێبه‌جێ بكرێ؟ ئامانجی بێنێته دی و خه‌ڵكی به ئاشتیانه و دیموكراتیانه، پۆشته و ده‌روون ئاسووده وه‌كو جه‌ژنی نه‌ورۆز، جه‌ژنی مه‌زنی سه‌ربه‌خۆیی خۆیشی بگێڕێت.