هەولێر-KDP.info- بڕیارە ئەمڕۆ ئاگری نەورۆز لە هەولێر بكرێتەوە و، تێیدا بەرپرسانی حیزبی و حكوومی و نوێنەری وڵاتان ئامادەی مهراسیمهكه دەبن. وەك دەستپێشخەرییەكیش بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندیی نێوان هەرێم و بەغدا، هەموو ئاسانكارییەك بۆ گرووپەكانی گەشتیارانی عەرەب دەكرێت كە سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەن.
بهگوێرهی ڕاگهیێندراوی پارێزگای ههولێر، مهراسیمی كردنهوهی ئاگری نهورۆز، سەعات 4 و 30 خولەكی ئهم ئێوارهیه لە پاركی شانەدەر لە هەولێر دهكرێتهوه، لهو مهراسیمهدا پارێزگاری هەولێر و بەرپرسانی حكوومی و پەرلەمانتاران، نوێنەرانی حیزبی و لایەنەكان و كۆنسووڵ و نوێنەرانی هێزی هاوپەیمانان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی، جەماوەری كوردستان و تەواوی پێكهاتە نەتەوەییەكان، تێیدا ئاماده دهبن، فێستیڤاڵی ئازادی و نەورۆز بە ئاهەنگی سروود و گۆرانی بۆ خۆشەویستیی نیشتیمان و بەرخودان و پێكەوەژیان، بەڕێوە دەچێت.
له كاتی خۆرئاوابووندا، مەشخەڵی ئاگری نەورۆز هەڵدەكرێت بۆ راگەیاندنی پەیامی ئازادی و سەرفرازی و، دەستپێكی ساڵێكی پڕ ئومێد و هیوا بۆ گەلی كوردستان.
بهگوێرهی راگەیاندراوهكهی پارێزگای هەولێر، وەك دەستپێشخەرییەك بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و ئاشتەوایی زیاتر، گرووپەكانی گەشتیارانی عەرەب دەتوانن تەنیا بە ناسنامەی خۆیان بێنە هەرێمی كوردستان و هەموو ئاسانكاریەكیان بۆ دەكرێت و هیچ بڕەپارەیەكیان لێ وەرناگیرێت، كە پێشتر بە بڕێك پارە دەهاتنە هەرێم و، لەمەودوایش پێویستیان بە هیچ كارت و بەڵگەنامەیەكی دیكە نییە و ئەگەر كێشەكان بە تەواوی چارە بكرێن، ئیتر هاتوچۆ زیاتر ئاسایی دەبێت بۆ هەر كەسێك لە بەشەكانی دیكە سەردانی هەرێمی كوردستان بكات، بەڵام ئەمە تەنیا بۆ گرووپەكانی گەشتیارانی عەرەبە، چونكە ئەوانە لەرێگەی كۆمپانیاكانەوە سەردانی هەرێم دەكەن و پێشتر لەگەڵ هێزەكانی ئاساییش هەماهەنگییان كردووە.
پێشتر هەر كەسێك لە باشوور و ناوەڕاستی عێراقەوە سەردانی هەرێمی كوردستانی كردبووایە، پێویست بوو لە بازگەكان كارتێكی بۆ دروست بكرێت و بڕێك پارەیشیان لێ وەردەگیرا، هەروەها كاتی مانەوەیشیان دیاریكراو بوو، بەڵام لەمەودوا تەنیا بە ناسنامە دێنە هەرێم و، چەندی بیانەوێت لە هەرێم دەمێننەوە.