Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
SAT, 20 APR 2024 07:47 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

عەلی هالۆ: پەیامی عەفرین دەگەیەنینە یوئێن و وڵاتان
| KDP.info


عەفرین-KDP.info- نوێنەری فراکسیۆنی زەرد لە شاندی پەرلەمانی کوردستان بۆ عەفرین گوتی، لە سەردانیان بۆ عەفرین ڕاپۆرتێکی تێروتەسەلیان لەبارەی دۆخی عەفرین ئامادە کردووە و داوا لە پەرلەمان دەکەن کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە دۆخی عەفرین ئەنجام بدرێت و جگە لەوەش، پەیامی عەفرین دەگەیەننە نوێنەری ھەموو وڵاتان و نەتەوە یەکگرتووەکانیش.

نزیکەی مانگێکە تورکیا ھێرشی زەمینی و ئاسمانیی بۆ سەر عەفرین دەست پێ کردووە و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە و وڵاتانیش تاوەکو ئێستا ھیچ ھەڵوێستێکیان نەبووە لەبارەی ئەو ھێرشانە و کوردیش لەوێ بەرگرییەکی زۆر باش دەکات، لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا شاندێکی پەرلەمانی کوردستان، کە لە نوێنەری زۆرینەی فراکسیۆنەکان پێک دەھات سەردانی عەفرینی کرد بۆ پشتگیریکردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ ئەو شارە و گەیاندنی برێک ھاوکاریی حکوومەتی ھەرێم بۆ ئەوان.

نوێنەری  فراکسیۆنی زەرد لە شاندی پەرلەمانی کوردستاندا بۆ عەفرین، عەلی ھالۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە سەردانی خۆمان بۆ عەفرین کە چەندین ڕۆژی خایاند ڕاپۆرتێکمان لەبارەی دۆخی عەفرین ئامادە کردووە و ئەمڕۆش گەڕاینەوە بۆ ھەرێمی کوردستان و کۆتایی بە سەردانی ئێمە بۆ ئەو شارە ھات و ڕاپۆرتەکە ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکەین، بۆ ئەوەی کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەبارەی دۆخی عەفرین ئەنجام بدات، چونکە ئێمە لە ڕاپۆرتی خۆماندا ئاماری باشمان دەست کەوتووە لەبارەی کوشتن و بریندارکردنی ھاووڵاتییانی سڤیل و خراپکردنی گوند و وێرانکردنی شوێنی مێژوویی و سووتاندنی ڕەز و باغی ئەو سنوورە."

عەلی ھالۆ گوتی: "جگە لەمەش داوا لە حکوومەت و لایەنەکان دەکەین ھاوکاریی عەفرین بکەن، چونکە عەفرین پێویستی بە ھاوکاریی مرۆیی و ھەڵوێستی نیشتمانی ھەیە و جگە لەوەش لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان دادەنیشین و سەردانی کونسوڵخانەکانیش دەکەین و پەیامی عەفرینیان پێ دەگەیەنین."

سەبارەت بە ئاماری قوربانییان و زیانەکان، عەلی ھالۆ گوتی: "بە پێی ئەو ئامارەی بە دەست ئێمە گەیشتووە، تاوەکو ١٠ی ئەم مانگە ١٦٥ ھاووڵاتی شەھید بوون و نزیکەی ٤٠٠ کەسی دیکەش بریندار بوون و ئەو ڕۆژەی ئێمە سەردانمان کردن، ڕۆژی دواتر کاتیۆشەیەک کەوتە خوارەوە لە نزیک نەخۆشخانە، بەمەش ژمارەی شەھیدان بووە ١٦٦ شەھید و تا پێش دوو ڕۆژیش ئامارەکە ھەر بەو شێوەیە بوو."

لەبارەی زیانە ماددییەکانیشەوە ھالۆ ئاشکرای کرد: "زیانە ماددییەکان گەلێک زۆرن و گوندەکانی سەر سنوور زۆر زیانیان پێ گەیشتووە و زۆر ڕەز و باغ سووتان و ژمارەیەکی زۆری ئاژەڵیش لەناو بردراون."

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەیشی خستەڕوو: "خەڵکی گوندەکانی سەر سنوور ھەمووی ئاوارە بوونە و لە ناو شاریش خەڵکیک ئاوارە بووە و پێشتریش ٣٠٠ ھەزار کەس لە شام و حەڵەب و شوێنی دیکەوە ئاوارەی عەفرین بوونە، چونکە ئارامترین شوێنی سووریا بووە."

نوێنەری  فراکسیۆنی زەرد لە شاندی پەرلەمانی کوردستاندا بۆ عەفرین ڕاشیگەیاند: "ھەڵوێستی خەڵکی عەفرین لەبارەی سەردانی ئێمە بۆ ئەو شارە زۆر باش بوو و ڕێزی زۆریان گرتین و شارێک لە ژێر تۆپ و فڕۆکە و شەڕێکی قورس بە شایی پێشوازییان لە ئێمە کرد، بۆیە بە شێوەیەک بوو ناتوانین وەسفی بکەین و جگە لەوەش، ئەوان بە ڕۆحی نەتەوەیی  بەرگری دەکەن و مۆراڵیشیان زۆر بەرزە."

بڵند ئیبراھیم

 




دوایین هەواڵەکان

وەزیری بازرگانی ھەنگاوەکانی وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵ بۆ KDP ئاشکرا دەکات

FRIDAY, 19 APRIL 2024 21:04:30

ھەولێر-KDP.info- وەزیری بازرگانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا بڕی وەرگرتنی گەنمی ھەرێمی کوردستان لەلایەن بەغدا دیاری نەکراوە، بڕیاریشە حکوومەتی ھەرێم و بەغدا بە ھەماھەنگی بڕەکە دیاری بکەن، بۆ ئەو مەبەستەش خۆمان ئامادەکردووە.

 
شاخەوان عه‌بدوڵڵا بۆ KDP: دەرکردنی ئەو ماڵە کوردانەی خانەقین ڕاگیرا

THURSDAY, 18 APRIL 2024 23:04:20

ھەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتی، دەرکردنی ئه‌و ماڵە کوردانه‌ی لە خانووی شارەوانی بوون کە بڕیاری لێدرابوو راگیرا.

 
ڕێگای نێودەوڵەتی ھامڵتۆن نوژەن دەکرێتەوە

THURSDAY, 18 APRIL 2024 20:04:17

سۆران _KDP.info_بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتی: بە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕێگای نێودەوڵەتی ھامڵتۆن لە نێوان ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران نوژەن دەکرێتەوە.‌

 
پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی پێشوازیی لە شاندێکی کۆمەڵەی دۆستایەتی کورد و ئەڵمان کرد

THURSDAY, 18 APRIL 2024 17:04:30

ھەولێر-KDP.info- شاندێکی  کۆمەڵەی دۆستایەتی  کورد و ئەڵمان سەردانی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستانیان کرد و هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەب و ژمارەیەک لە ستافی دێسک و یۆنیتەکانی مەکتەب  پێشوازیان لێ کردن.

ھەوراز عەبدولقادر: بەگوێرەی پڕۆژەیەک ١٠٠ ھەزار بۆ مووچەی ئەم توێژە زیاد دەبێت

THURSDAY, 18 APRIL 2024 17:04:31

ھەولێر  _KDP.info_ بەرپرسێکی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی ئاشکرایکرد، بەگوێرەی پڕۆژەیەک ١٠٠ ھەزار دینار بۆ مووچەی کەمئەندامان زیاد دەکرێت، گوتیشی: لە ھەرێمی کوردستان ٧٤ ھەزار کەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت مووچەی مانگانەیان بۆ خەرج دەکرێت.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact