هه‌ولێر-KDP.info- وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ڕه‌نسا پشتگیریی وڵاته‌كه‌ى و سه‌رۆك ماكرۆنی بۆ چاره‌كردنی كێشه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستووری عێراق دووپات كرده‌وه، هیوایشی خواست ئه‌و گفتوگۆیانه‌ی له‌نێوان حكوومه‌تى هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی عێراقی فیدراڵ‌دا ده‌ستیان پێكردووه، ئه‌نجامێكی باشیان لێ بكه‌و‌ێته‌وه و ببنه هۆی ده‌ستپێكردنی دانوستانێكى جیددی بۆ چاره‌كردنی ته‌واوی كێشه‌كانی نێوان هه‌ردوولا، هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند فه‌ڕه‌نسا هاوكار ده‌بێت و هه‌ردوولا هان ده‌دات بگه‌نه چاره‌سه‌ر.
دوای ئه‌وه‌ى به سه‌ردانێك گه‌یشته هه‌ولێری پایته‌ختی باشووری كوردستان، ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 12/2/2018، ژان ئیڤ لۆدریان، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ڕه‌نسا و شاندێكى یاوه‌رى كه له وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه و باڵیۆزخانه‌ى فه‌ڕه‌نسا له به‌غدا و كۆنسووڵخانه‌ى گشتیى فه‌ڕه‌نسا له هه‌ولێر پێكهاتبوو، له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان كۆ بوونه‌وه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكوه‌زیران و شاندێكی باڵای حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ی بوون، دواپێشهاته‌كانی گفتوگۆی لیژنه ته‌كنیكییه‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا كه بۆ چه‌ند دۆسیایه‌ك دروست كراون، تاووتو كران و تیشك خرایه سه‌ر دواكار و هه‌نگاوه‌كانی ئه‌و لیژنانه و دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانى هه‌ردوو سه‌رۆكوه‌زیران نێچیرڤان بارزانى و حه‌یده‌ر عه‌بادى له به‌غدا و داڤۆس.
هاوكات هه‌ردوولا هیوایان خواست ئه‌م كه‌ناڵه‌ی بۆ گفتوگۆ كراوه‌ته‌وه، به ئه‌نجامێكی ئه‌رێنی بگات و ببێته هۆی ده‌ستپێكردنی دانوستانێكی سیاسی بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان.
نێچیرڤان بارزانی وێڕای ده‌ربڕینی خۆشحاڵی به سه‌ردانی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ڕه‌نسا، دووباره سوپاسی سه‌رۆك ماكرۆنى كرد كه دوای ئاڵۆزییه‌كانی ئۆكتۆبه‌ری ڕابردوو بۆ یه‌كه‌مجار له پاریس پێشوازی له شاندی باڵای هه‌رێمی كوردستان كرد و، ئه‌و ئابڵۆقه سیاسی و دیپلۆماسیه‌ی شكاند كه به‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستاندا سه‌پێنرابوو، پێزانینی گه‌ل و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیشی بۆ ئه‌و هه‌وڵانه‌ی فه‌ڕه‌نسا و به‌تایبه‌تی هه‌وڵه‌كانی سه‌رۆك ماكرۆن دووپات كرده‌وه و ڕایگه‌یاند گه‌لی كوردستان پشتگیرى و هاوكارییه‌كانی فه‌ڕه‌نسا له‌یاد ناكات و به چاوی ڕێز و پێزانینه‌وه لێی ده‌ڕوانێت.
تاووتوكردنى دۆخی ناوچه‌كه، پرۆسه‌ی سیاسی له عێراق، هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوو له عێراق و هه‌رێمی كوردستان، قۆناغی دوای داعش، كۆنفرانسی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی عێراق كه له كوێت به‌ڕێوه ده‌چێت و گرینگیی به‌شداریی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له كۆنفرانسه‌كه‌دا و، هه‌وڵدان بۆ سوودمه‌ندبوون له هاوكارى و پڕۆژه‌كانى، لایه‌نێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه بوو.