ھەولێر-KDP.info- وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا، بۆ بەسەركردنەوەی ھێزەكانی ئەڵمانیا و ھێزی پێشمەرگە لە ھەولێرە، ھەر لەم سەردانەیشیدا بەردی بناغەی نەخۆشخانەیەكی سەربازیی تایبەت بە ھێزەكانی پێشمەرگەی دانا و، ستاییشی سەركەوتنەكانی پێشمەرگەی كرد بۆ سەركەوتن بە سەر داعشدا.
وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا، ١٠ـی ٢ـی ٢٠١٨، دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق، گەییشتە ھەرێمی كوردستان و ئەمڕۆ لە شاری ھەولێر دەستی بە چالاكییەكانی كرد و، ژمارەیەك لە فەرماندەكانی ھێزی پێشمەرگەی كوردستان و فەرماندەكانی سوپای ئەڵمانیا لە میانی بەسەركردنەوەی بنكە سەربازییەكەدا یاوەری وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا بوون و، چەندین نماییش و راھێنانی مەیدانی لە پێشوازیدا ئەنجام درا.
لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا لە ھەولێر، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا ئۆرسۆلا ڤۆن دێرلاین، ڕایگەیاند، "من لە ھەولێرم بۆ سەردانی ھێزەكانی خۆمان و ھێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان، ماوەی سێ ساڵ و نیومان لێرە بەسەر برد، ئەمڕۆیش توانیم بە چاوی خۆم بیبینم كە پێشمەرگە لە بواری پێگەیاندن و ڕاھێناندا سەركەوتن و پێشكەوتنێكی زۆر باش و بەرچاویان بە خۆیانەوە بینیوە، ھێزەكانمان لێرە مەشق بە ھێزی پێشمەرگە دەكەن و ھەمیشە دەڵێن بە راستی فێربوونی پێشمەرگە لە بواری سەربازیدا، گەلێك باشە و ھێزەكانی پێشمەرگە حەز و ویستێكی زۆریان ھەیە و ھەم ئازایەتی و قارەمانییەتی زۆریشیان لێ بەدی دەكرێ."
وەزیری بەرگری ئەڵمانیا، لە درێژەی گوتەكانیدا ئاماژەی دا، "ھێزەكانی پێشمەرگە و ھێزەكانی حكوومەتی ناوەند، سەركەوتنێكی سەرسووڕھێنەرانەیان بە دەست ھێنا لە شەڕی دژی داعش و، لە كۆتاییدا توانییان زاڵ بن بەسەر ئەو گرووپە تیرۆریستییەدا، ئێمە دەزانین بە سەركەوتنی سەربازی بەسەر داعش و تیرۆردا، سەقامگیری و ئارامیی تەواو بۆ ئەو وڵاتە ناگەڕێتەوە و ئەوە كۆتایی نییە، بۆیە ئێستا دەچینە قۆناغێكی نوێ و كار بۆ ئەوە دەكەین، ئەو سەركەوتنەی وەدەست ھاتووە لە شەڕی دژی داعش، پێكەوە لەگەڵ حكوومەتی عێراق ئەم سەركەوتنانە بۆ تەواوی وڵاتی عێراق بچەسپێنین".
بە گوتەی وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا، "لەم قۆناغەدا كارەكە دەكەوێـتە سەر ئەوەی كە ھێزی سەربازیی باش بنیات بنرێت و توانای بەردەوامبوونی ھەبێـت، ئەمەیش پێویستی بە ھەماھەنگیی زۆر و ئەنجامدانی ریفۆرم ھەیە، ھەروەھا بە ھەمان شێوەیش پێویستی بە كاركردن لەسەر بابەتە لۆجیستییە گرینگەكان ھەیە، واتا چۆن بتوانرێـت لە دواوە، ئەو كارانە ئەنجام بدرێـن كە ھێزەكان پێویستیان پێیانە، لە هەموو ڕووەكانەوە تا دەگاتە سیستمێكی تەندروستیی پزیشكی بۆ ئەم ھێزانە".
دێرلاین گوتیشی، "دوای ئەوەی ئێمە قۆناغی سەرەتایی پێگەیاندنمان بە سەركەوتوویی ئەنجام دا، ئەمڕۆ لە ھەولێر و دوێنێیش لە بەغدا ئایدیا و بۆچوون و پێشنیازگەڵێك كۆ دەكەینەوە كە چۆن بتوانین ئەو قۆناغەی داھاتوو كە قۆناغی سەقامگیرییە، بەیەكەوە لەگەڵی بڕۆین، ئێمە ئازایەتیی پێشمەرگە لەبیر ناكەین كە بە نوێنەرایەتیی ئێمە و جیھانیش شەڕێكی سەركەوتووانەیان لە دژی داعش ئەنجام دا، سوپاسگوزارین بۆ ئەم كارە و ئێستایش دەمانەوی جۆرێك لە شەراكەتی مەودادرێژ دروست بكەین لەگەڵ تەواوی عێراقدا، چونكە بە ھاوسەنگییەك لە نێوان ھەرێم و ناوەنددا، پێكەوە دەتوانین لە مەودای درێژدا كاری گەورە ئەنجام بدەین."
پێشتر چوارجار ڤۆن دێرلاین، سەردانی ھەرێمی كوردستانی كردووە و، لە ماوەی ڕابردوویشدا ئەڵمانیا و ھاوپەیمانان مەشقیان بە ٢٠ ھەزار پێشمەرگە كردووە.
فایزە كۆیی